تشرینی یەکەم 15, 2021

وەزیری داد: هەوڵی پیادەکردنی دادپەروەرییەکی گەورەمان لە نێو وەزارەتەکەماندا داوە

دکتۆر فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی نێو وەزارەتەکەی دەکات و قسەی لەسەر بەئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگە دادنووسییەکان و یاسای سه‌رپه‌رشتیاریی دادی و چەندین پرسی گرنگی دیکەی بواری دادپەروەری دەکات.

ـ یه‌كێك له‌ كاره‌ پێشینه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پرسی چاكسازییە، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێوه‌ بۆ كاره‌كانی حكوومه‌ت له‌م ڕووه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ نێو وه‌زاره‌تەکەی ئێوە (وەزارەتی داد)چییە‌؟
د. فرسەت ئەحمەد: گرنگترین كار كه‌ حكوومه‌ت هه‌نگاوی بۆ هەڵێناوەتەوە لەم کابینەیە، بریتی بوو له ده‌ركردنی‌ یاسای چاكسازی. ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ له‌ لایه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكاری و خواستی خه‌ڵك بوو و له‌ لایه‌كی تریشەوە هه‌نگاوێكی گرینگ بوو بۆ دامه‌زراندنی حوكمی ڕە‌شید له‌ سیستەمی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان. وه‌زاره‌تی داد وه‌ك یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم، هه‌رزوو دوای جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی، ده‌ستی به‌ كار و هه‌نگاوهەڵێنانەوە لەم ڕاستایەدا كرد. له‌ ڕووی كارگێڕییه‌وه‌ ٤١٥٨ دۆسیه‌ی فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌ت وردبینی كراونكه‌ تێیاندا چه‌ند حاڵه‌تێكی كه‌می نایاسایی هه‌بوو. هاوكات ٦٢ پله‌ی زیاده‌ هه‌بوو لەگەڵ٥٣ عه‌لاوه‌ی زیاده‌ کە له‌ نێو دۆسیه‌كاندا ده‌ستنیشان كران و بەمەش توانراوە مانگانه‌ بڕی ١٥ ملیۆن دینار بۆ گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ت بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، به‌ مه‌رجێك چاره‌سه‌رییه‌كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ردوو وه‌زاره‌تی داد و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به‌ ئه‌نجام بگات، چونكه‌ ئه‌م دۆسیانه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورییه‌وه‌ هه‌یه‌. یه‌كێكیتر له‌ هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌تی داد، دانانی هەژماری بانکی فه‌رمانبه‌ران بوو، به‌ جۆرێك تا ئێستا ٢٣٦٩ فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌ت ژماره‌ حیسابیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ٢١٧٧ فه‌رمانبه‌ری دیكه‌یش ماون کە به‌شێكیان گرفتی ته‌كنیكییان له‌گه‌ڵ بانكه‌كان هه‌یه‌ و بڕیارە ئەوانیش هەمان هەژکاریان بۆ بکرێتەوە. جێی ئاماژەیه‌ تا ئێستا‌ كه‌مترین ڕێژە‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ ناو وه‌زاره‌تی داد بینراوه‌.
ژماره‌یه‌ك هه‌نگاوی دیكه‌ به‌ ئاراسته‌ی چاكسازی له‌ ناو وه‌زاره‌ت نراون‌، بۆ نموونه:
ـ‌ پڕۆژە‌ی دادپه‌روه‌ریی منداڵان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی یونیسێفی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كه‌ وه‌زاره‌تی داد و شه‌ش وه‌زاره‌ت و ژماره‌یه‌ك ده‌ستگه‌ی دیكه‌ی سه‌ربه‌خۆ سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ن.
ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌ندازیاری وه‌زاره‌تی داد، نه‌خشه‌ی سه‌نته‌رێكی داناوه‌ بۆ بینینی منداڵان، ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ دایك و باوكیان لێكجیابوونه‌ته‌وه‌. دیاره‌ پێشتر له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی جێبه‌جێكردن یه‌كتریان ده‌بینی و جێگایه‌كی تایبه‌تیشیان بۆ بینینی منداڵه‌كانیان نه‌بوو، به‌ شێوه‌یه‌ك بینینه‌كه‌ یان له‌ ڕێڕە‌وی فه‌رمانگه‌كانی تایبه‌ت یان له‌ حەسار و گه‌راجی فه‌رمانگه‌كان بوو، واته‌ له‌به‌ر هه‌تاو یان له‌به‌ر باران و سه‌رمابوو. بۆیه‌ پێشنیازی وه‌زاره‌تی داد كه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕەوانه‌ كراوه‌، به‌م شێوه‌یه نه‌خشه‌كه‌ دانراوه‌ تا له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا له‌ هه‌ر پارێزگا و یه‌كه‌یه‌كی ئیداری سه‌ربه‌خۆ سه‌نته‌رێكی شیاو بكرێته‌وه‌ بۆ بینینی ئه‌و خێزان و هاوسه‌رانه‌ی له‌ یه‌كتری جیابوونه‌ته‌وه‌ و چاودێری لایه‌نی ته‌ندروستییان بكرێت و له‌ ئاستی ئه‌وه‌دا بێت ڕوویه‌كی گه‌ش و ڕۆشن به‌ خه‌ڵك بدرێت و منداڵانی ئه‌و خێزانانه‌ تێیدا پارێزراو بن.
ـ ستراتیژییه‌تی ڕێكخستنی میلاكاتی وه‌زاره‌تی دارایی، وه‌زاره‌ت لە چوارچێوەی پرسی‌ چاكسازی كاری له‌سه‌ر ده‌كات، به‌ تایبه‌ت بۆ دانانی كه‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش لیژنه‌یه‌كمان پێك هێناوه‌ بۆ دیراسه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی فه‌رمانگه‌ و فه‌رمانبه‌رانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی داد له ناو هه‌ولێر و‌ ده‌وروبه‌ری، به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی كه‌ میلاكاتیان زیاده‌ و بۆ ئه‌وانه‌یش كه‌ میلاكاتیان كه‌مه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش هه‌وڵمان داوه‌ هاوسه‌نگییه‌ك له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكاتی هه‌ردوولا دروست بكه‌ین و چاره‌سه‌ری بارودۆخی هه‌ردوولا بكه‌ین، به‌و پێیه‌ی ئه‌و جۆره‌ فه‌رمانبه‌رانه‌ی زیادن وه‌ك به‌تاڵه‌ی شاراوه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن، واته‌ به‌ناو فه‌رمانبه‌رن و له‌ كرده‌دا بێكار‌ و له‌ ئه‌ركدا نین‌ و مووچه‌ی مانگانه‌ش وەردەگرن.
ـ هه‌وڵمان داوه‌ ڕە‌گه‌زی سزا و پاداشت چالاك بكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش چەند فه‌رمانبه‌رێك سزا دراون، له‌ به‌رانبه‌ریشدا ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ر پاداشت كراون. ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌ت نووسراوێكمان به‌سه‌ر هه‌موو فه‌رمانگه‌كان گشتاندووە كه‌ له‌مه‌ودوا هیچ سوپاسنامه‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵ به‌ فه‌رمانبه‌ران نادرێت بێئه‌وه‌ی دیاری بكرێت كه‌ ئه‌و سوپاسنامه‌یه‌ له‌ به‌رانبه‌ر چییه‌؟ بۆ نموونه‌ سوپاسنامه‌یه‌ك به‌ فه‌رمانبه‌رێك دراوه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ ڕێكوپێكی ده‌وام ده‌كات، له‌ كاتێكدا ده‌وامی ڕێكوپێك ئەرکی فه‌رمانبه‌ره‌، كه‌ له‌ به‌رانبه‌ردا مووچه‌ وه‌رده‌گرێت. بۆیه‌ پێویسته‌ سوپاسنامه‌ به‌ فه‌رمانبه‌رێك بدرێت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ركی فه‌رمانبه‌ری خۆی به‌ زیاده‌وه‌ ئیش بكات.
ـ دانانی په‌یڕە‌كردنی سیستەمی نوێی پشكنین، كه‌ له‌م بواره‌دا گرینگییه‌كی زیاترمان دایه‌ ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری دادی، كه‌ ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی به‌ ده‌ست ئێمه‌ وه‌ك وه‌زیری داد ده‌گات ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی فه‌رمانبه‌ران، واته‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رەی شیاوی سوپاسكردنه‌ سوپاس ده‌كرێت، ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌یشی كه‌ توانای هه‌یه‌ و خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی فه‌رمانبه‌رییه‌ و له‌ پێگه‌یه‌كی كه‌م دایه‌، كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ببرێته‌ پێگه‌یه‌كی به‌رزتر. ڕوونه‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌ستبه‌كاربین، جۆرێك نه‌رمی تێدا بووه‌ یانیش ڕاپۆرته‌كانی وه‌ك خۆی كه‌ هه‌یه‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه‌ و جێی خۆیان نه‌گرتووه‌.
ـ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا حه‌وت سه‌رپه‌رشتیاری دادی له‌ هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرێنراون.

ـ پرسی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك یه‌كێك له‌ كار و هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگی پێ دەدرێت، ئێوه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی داد تا چه‌ند كارتان له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژە‌یه‌ كردووه‌؟
د. فرسەت ئەحمەد: ئێمه‌ ٦٥ فه‌رمانگه‌ی دادنووسمان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك كرد بۆ بەئه‌لیكترۆنیکردنی سیستمه‌كه‌یان، كه‌ له‌و ژماره‌یه‌ ٤٩ فه‌رمانگه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی کراون (پارێزگای هه‌ولێر: ١٩ فەرمانگە، پارێزگای سلێمانی: ١٠ فەرمانگە،پارێزگای دهۆك: ١٣ فەرمانگە،پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌: یەک فه‌رمانگه‌. ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین: ٦ فه‌رمانگه‌)
پێشتر هاووڵاتی كه‌ سه‌ردانی فه‌رمانگه‌كانی دادنووسی ده‌كرد كاتی زۆری پێویست بوو و شوێنی پشوودانی نه‌بوو ته‌نانه‌ت بۆ دانیشتنیش، به‌ڵام ئێسته‌ به‌ هۆی به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی سیستمه‌كه‌، هاووڵاتی به‌ ئاسانی و به‌ كاتێكی كه‌م كاره‌كانی بۆ ڕایی ده‌كرێت و شوێنی پشوودانی بۆ دابین ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت عه‌ریزه‌نووسینیشی بۆ كراوه‌ته‌ كۆمپیۆته‌ر و هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌كانی بۆ هه‌ڵده‌گیرێت و هه‌ر كات و له‌ هه‌ر شوێنێك هاووڵاتی پێویستی به‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی هه‌بێت، ده‌توانێت به‌ هۆی ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ وێنه‌یه‌كی لێ وه‌ربگرێت یان ڕابکێشرێت. جۆرێك گله‌یی و گازنده‌ له‌ پاره‌كه‌ی هه‌بوو، كه‌ جاران ٢٥ هه‌زار دینار بوو، به‌ تایبه‌ت بۆ بریكارنامه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كردوومانه‌تە ١٥ هه‌زار دینار. ئێمه‌ ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك هه‌یه‌، دیاره‌ كه‌ كۆمپانیایش ڕێكخراوێكی خێرخوازی نییه‌ تا كاری به‌ئه‌لیكترۆنیكردن و ڕێكخستنه‌وه‌ی سیستەم بێبه‌رانبه‌ر بكات، بۆیه‌ پاش دیراسه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌ لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڕیار درا بڕە‌كه‌ی له‌ ٢٥ هه‌زاره‌وه‌ بكرێته‌ ١٥ هه‌زار دینار. سه‌باره‌ت به‌ ته‌واوبوونی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی فه‌رمانگه‌كانی تر، زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ كۆمپانیاكه‌وه‌ هه‌یه‌ کە هه‌ڵده‌ستێت به‌ دابینكردن و ڕێكخستنه‌وه‌ی بینا و شوێنی فه‌رمانگه‌كان و پێداویستییه‌كانیان. بۆیه‌ كۆمپانیاكه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ ماوه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنی بكرێن.
سه‌باره‌ت به‌ تاپۆ دوو حاڵه‌ت هه‌یه‌، حاڵه‌تێك په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی گشتییه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ كۆمپانیایه‌ك به‌ڵێنی داوه‌ هه‌موو فه‌رمانگه‌كانی تاپۆ به‌ ئه‌لیكترۆنی بكات، له‌ لایه‌كی تر فه‌رمانگه‌كانی تاپۆ تۆمار و دۆسیه‌كانی خۆیان تۆمار كردووه‌ و به‌ ئه‌لیكترۆنییان كردووه‌، بۆ زانیاری تا ئێسته‌ نزیكه‌ی ١٨٠٠ تۆماری تاپۆ به‌ ئه‌لیكترۆنی كراوه‌، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و سوره‌ت قه‌یدی موڵكه‌كان و عه‌قارات، پێشتر به‌ ده‌ست ده‌نووسران، به‌ڵام ئێستا به‌ كۆمپیوته‌ر ده‌نووسرێن و به‌ هاووڵاتیان ده‌درێت. ئاشكرا به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی تاپۆ خه‌رجییه‌كی زۆر و كاتێكی زۆری پێویسته‌، ئێمه‌ به‌ نووسراوی فه‌رمی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێشنیازمان كردووه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین كه‌ ئه‌گه‌ر توانای دارایی به‌رده‌ست بوو ده‌ست به‌و پڕۆژە‌یه‌ بكه‌ین.

ـ سەبارەت بابه‌تی گۆڕانكاری و پێشكه‌وتن له‌ یاساكان، ئێوه‌ چ پڕۆژە‌یه‌كی نوێتان هه‌یه‌؟
د. فرسەت ئەحمەد: ئێمه‌ ماوه‌یه‌ك هه‌وڵمان داوه‌ هه‌مواری ئه‌و یاسایانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كاروباری وه‌زاره‌تی داده‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ ڕسوماتی عه‌دلی كه‌ ئێستها پڕۆژە‌كه‌ ڕۆیشتووه‌ و ڕە‌وانه‌ی په‌رله‌مان كراوه‌، هه‌روه‌ها یاسای جێبه‌جێكردن له‌ لایه‌ك په‌رله‌مان كاری له‌سه‌ر كردووه‌ و هاوكات وه‌زاره‌تی دادیش كاری له‌سه‌ر كردووه‌، كه‌ پێشبینی ده‌كه‌م به‌ هاوكاری هه‌ردوولا و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا یاساكه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها یاسای سه‌رپه‌رشتیاریی دادی له‌ ژێر دیراسه‌كردنی خۆمدایه‌ و ڕۆژانه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ یاسایه‌كی هاوچه‌رخ و واقیعی و زیاتر كارایی پێ بکرێت، كه‌ ڕۆڵێكی چالاكانه‌تر ببینێت بۆ چاودێریكردنی فه‌رمانگه‌كان و فه‌رمانبه‌ران و سروشتی كاره‌كانیان.

 

© 2017 Hawler