تشرینی یەکەم 15, 2021

وەزیری دارایی لەبارەی دابەشکردنی مووچە زانیاری دەخاتەڕوو

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە و هاتنی 200 ملیار دینارەکەی عێراق زانیاری دەخاتەڕوو، جەختیشدەکاتەوە، حکومەتی هەرێم درێغی نەکردووە و نایکات بۆ دابینکردنی مووچە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  گوتی: "بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە دوو جار ئەو بڕیارەی دەرکردووە، ئومێدمان ئەوەیە کە 200 ملیار دینارەکەی بەغدا دێت، بەڵام هەموومان ئەزموونی پێشووی عێراق دەزانین و دۆخی عێراق لە ئان و سات دایە بە ئەرێنی یان نەرێنی، بەڵام ئەوەی کە گرنگە حکومەتی هەرێم هیچ کەمتەرخەمی نەکردووە و نایکات بۆ دابینکردنی مووچەی هاووڵاتییان، هیواداریشین عێراق لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستای بەردەوام بێت".

گوتیشی: "لە 7ی مانگەوە بە فەرمی نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکان تائێستا تەمویلیان نەکردووە".

سەبارەت بە کەمکردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەکان، ئاوات شێخ جەناب گوتی: "ئەو ئیجرائاتانەی حکومەتی هەرێم دەستیپێکردووە لەسەر هەمووی بەردەوام دەبێت، ئەوەی گرنگە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی لەبارەی پلە تایبەتەکان گەڕانەوەی بۆ نییە و دەبێ جێبەجێ بکرێت، هەموو پلە تایبەتەکانیش بە سوپاس و خۆشحاڵییەوە ئامادەییان دەربڕیوە کە لەگەڵ گوزەرانی خەڵک بن، نەمبیستووە کەسیان گلەیی بکەن".

وەزیری دارایی، لەبارەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوەدا: "دەروازەکانی عێراق بە باشی کۆنترۆڵ ناکرێن و پشێوی هەیە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر سنووری پەروێزخان و باشماخ هەبووە، وەزارەتی دارایی سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەکانن، هەواڵی خۆشمان پێدەگات کە بەرەو باشی دەڕوات".

© 2017 Hawler