تشرینی یەکەم 15, 2021

ئێمە لە به‌غدا ده‌توانین به‌رگری له‌ مافه‌ شه‌رعی و ده‌ستوورییه‌كانمان بكه‌ن، بۆیه‌ گرنگه‌ ده‌نگ بده‌ین

ساسان عه‌ونی، کە ئێستا لە پلە و پۆستی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەم گفتوگۆیەدا باسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و گرنگی بەشداری هاووڵاتیانی کوردستانی کرد لەو هەڵبژاردنە:
ئه‌نجامداوه‌ كه‌ تیایدا باسی پڕۆژە‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری شاره‌وانی و ئه‌و چاكسازییانه‌یله‌م كابینه‌یه‌دا له‌ وه‌زاره‌تەکە ئه‌نجامدراوه‌ كردووه‌، سه‌ره‌ڕای بابه‌تی هه‌ڵبژاردن و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی.

ساسان عەونی سەبارەت بە گرنگی به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ له‌١٠ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ هه‌رێمی كوردستان باسی لەوە کرد کە "هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌. عێراق وڵاتێكی فره‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزا و پێكهاته‌یه‌ بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ هه‌موو پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزاكان له‌ په‌رله‌مانی عێراق نوێنه‌ریان هه‌بێت و به‌شداریی كاریگه‌ریان هه‌بێت. ڕاسته‌ به‌ حوكمی‌ ئه‌وه‌ی عێراق وڵاتێكی فره‌ پێكهاته‌یه‌ وه پێكهاته‌یه‌ك له‌ یه‌كێكی تر زۆرتره‌ به‌ ژماره‌ یا باڵاده‌ستتره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ پێكهاته‌كانی تر یا نوێنه‌ری ئایین و ئایینزاكان كه‌ ژماره‌یان له‌وان كه‌متره‌ وه‌ك پێویست كار نه‌كه‌ن یان حه‌زی به‌شداریكردنیان نه‌بێت، نه‌خێر به‌شداریكردنی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ گرینگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و قورسی و پێگه‌ی ئه‌و پێكهاتانه‌ به‌ دیار ده‌خات".
سەبارەت بە ناردنی نوێنه‌ری به‌هێز بۆ به‌غدا و کاریگەری له‌سه‌ر كۆی پڕۆژە‌كانی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌سه‌ندن له‌ هه‌رێمی كوردستان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لەوە کرد کە "ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكی كوردستان كه‌ پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی عێراقین و‌ نوێنه‌ره‌كانمان له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا ده‌توانن به‌رگرییه‌كی باش له‌ مافه‌ شه‌رعی و ده‌ستوورییه‌كانمان بكه‌ن، بۆیه‌ گرینگه‌ خه‌ڵكی كوردستان كه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن،ده‌نگ به‌ كه‌سانی به‌هێز بده‌ن، ده‌نگ به‌و لایه‌نانه‌ بده‌ن كه‌ ده‌توانن به‌رگری له‌و مافه‌ شه‌رعی و ده‌ستووریانه بكه‌ن، زه‌رووره‌ كه‌ هاووڵاتیانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یان له‌به‌ر چاو بێت كه‌ ده‌بێت نوێنه‌ری كوردستانی هه‌ڵبژێرن نه‌وه‌ك هیچ بابه‌تێكی تر و پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌نگیان پێبدرێت كه‌ پێگه‌ی سیاسییان به‌هێزه‌و مێژوو و ڕابردووی سیاسییان به‌هێزه‌و‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و لایه‌نانه‌ بن كه‌ ده‌توانن به‌ شكۆوه‌ به‌رگری له‌ مافه‌كانی كوردستان بكه‌ن، به‌رگری له‌ مافه‌كانی كوردستان ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر شانیان و به‌ مێژوو سه‌لماندبێتیان كه‌ ده‌توانن نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بن له‌ به‌غدا نه‌وه‌ك نوێنه‌ری به‌رژە‌وه‌ندیی كه‌سیی یا هیچ به‌رژە‌وه‌ندییه‌كی تایبه‌تی كه‌ پێچه‌وانه‌ بێت له‌گه‌ڵ به‌رژە‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان".
سەرەڕای هه‌موو قه‌یران و كێشه‌ داراییەکانی ڕابردوو، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش هاووڵاتیان كردووه‌، هەندێک لیست و خەڵک دەڵێن دەبێت سزای حكوومه‌تی هه‌رێم بدرێت به‌وه‌ی خەڵک نه‌چنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی هه‌ڵبژاردن، لەمەڕ پرسیاری ئەوەی کە (ئایا ئێستا کاتی سزادانە بەتایبەت لە کاتێکدا کە نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان بۆ پەرلەمانی بەغدان نەوەک هەرێمی کوردستان؟)، ساسان عەونی گوتی:ده‌بێت ئه‌و دوو بابه‌ته‌ جیا بكرێته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ران بۆ په‌رله‌مانی عێراق جیاوازه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌بێت خه‌ڵكی ئێمه‌ به‌ ئاگاتر و هۆشیارانه‌تر ئه‌و بابه‌ته‌ لێكبداته‌وه‌. ئیراده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و‌ پێی وایه‌ خه‌ڵكی كوردستان شایه‌نی خزمه‌تی زیاترو كاری زیاترو هه‌موو قوربانیدانێكه‌، ئه‌و ئیراده‌یه‌ شۆڕبووەته‌وه‌ بۆ هه‌موو جوومگه‌ و فه‌رمانگه‌كانی دام و ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌كو گوتم به‌ خۆشحاڵییه‌وه به‌رده‌وام‌ خه‌ڵك داواكاری و داخوازی هه‌یه‌، كه‌واتا حكوومه‌تی هه‌رێم دابڕاو نه‌بووه‌ له‌ داخوازییه‌كانی خه‌ڵك وه‌ دابڕاو نه‌بووه‌ له‌و داواكاریانه‌ی خه‌ڵك كه‌ توانیویه‌تی به‌شێكی جێبه‌جێ بكات و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئایینده‌ش ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ ده‌توانێت چیتر و چی باشتر پێشكه‌ش بكات، بۆیه‌ داوا له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ متمانه و بڕواوه‌ بڕوایان به‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت و به‌شدارییه‌كی كارا له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و‌ له‌ ڕۆژی ده‌نگدان ده‌نگ به‌و كه‌سانه‌ بده‌ن كه‌ به‌ ڕاستی ده‌توانن نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن، خه‌ڵكی كوردستان خاوه‌نی قه‌زیه‌ و پێگه‌یه‌ و‌ مافی ده‌ستووری و شه‌رعیمان له‌ به‌غدا هه‌یه‌ و‌ پێویسته‌ ده‌نگ به‌و كه‌سانه‌ بدرێت كه‌ ده‌توانن ئه‌و مافه‌ شه‌رعی و ده‌ستووریانه‌ به‌ ده‌ست بێنن.
ساسان عەونی، لەسەر ئەوەی کە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە چییان کردووە کە شایەنی ئەوە بێت خەڵک دەنگیان پێ بدەن، گوتی: "من نامه‌وێت ئه‌و به‌راوردی بەغدا و هەرێم بکەم لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە، به‌ڵكو ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق و خه‌ڵكی بێ لایه‌ن بیكه‌ن، سه‌ره‌ڕای كه‌می داهات ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی كه‌ هه‌مانبووه‌، سه‌ره‌ڕای گه‌مارۆی دارایی به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رێم و نه‌دانی شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتووانه‌ كه‌رته‌كانی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ ببات، بۆ هه‌ر بارودۆخێكی ناخۆش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌ك ڕۆژیش ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌ و ڕانه‌وه‌ستاوه‌، سه‌ره‌ڕای بوونی قه‌یران و بوونی نه‌خۆشی و ناخۆشی ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه‌ به‌رده‌وام بوونه‌، جگه‌ له‌م خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێك پاشه‌كه‌وتێكی هه‌بووبێ توانیومانه‌ پڕۆژە‌ی پێ بكه‌ین و له‌ پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تكردنی شار و شارۆچكه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین".

 

شۆڕش غەفووری ـ هەولێر

© 2017 Hawler