ئەیلول 27, 2021

بڕیار وایە یاسای دابهشكردنی داهاته فیدڕاڵییه كان لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت بۆیە بەشداربوونی بەهێزمان لە هەڵبژاردن زۆر گرنگە

بڕیار وایە ١٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنه نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ بەڕێوە بچێت، هەر بۆیە بەشداربوونی گەرموگوڕانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان خەمێکی گەورەی بەرپرسانی حکوومەتە.

لەم بارەوە ئامانج ڕەحیم، سکرتیری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، باسی گرنگی بەشداری هاووڵاتییان لەو پڕۆسەیە و ناردنی پەرلەمانتاری بەهێز دەکات بۆ پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی بەرگریکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی کوردستانیان.

 

سکرتیری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی کرد کە خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هاوشان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی هه‌موو عێراق ده‌نگیان به‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقی فیدڕاڵ دا و گوتی: "ئامانجی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌نگدان به‌و ده‌ستووره‌ بریتی بوو له‌ دابینكردنی ماف و شایسته‌كانی خۆی له‌ ناو ئه‌و ده‌ستووره‌دا، بێگومان ئه‌و ده‌ستووره‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستانی دیاری كردووه‌، كه‌ له‌ به‌رانبه‌ریشدا كۆمه‌ڵێك پابه‌ندی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، دابینكردنی ئه‌و ماف و شایستانه‌ پێویستی به‌ ته‌ئامادەبوونێکی به‌هێزی نوێنه‌رانی كورد هه‌یه‌ له‌ به‌غدا له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و حكوومه‌تی فیدڕاڵ، چه‌نده‌ نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناو دامه‌زراوه‌كانی عێراق ته‌واجودیان هه‌بێت ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ده‌توانین زیاتر ده‌سته‌به‌ری ماف و شایسته‌كان بكه‌ین.

سەبارەت بە پەیوەندییە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا و کاریگەرییان لەسەر کێشەکانی نێوانیان، ئامانج ڕەحیم، دەڵێت : "له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م سه‌ردانی شاندی ئه‌م كابینه‌یه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیران و جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو بۆ به‌غدا له‌ ڕێکەوتی ٢٠٢١/١٠/١٦ كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ پێناو هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بوو بۆ هێنانه‌دی په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌قامگیر له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕاڵ، چونكه‌ پێمان وایه‌ چه‌نده‌ په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌قامگیر له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕاڵ له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌ش، هاوسه‌نگی و ته‌وافوق هه‌بێت، له‌ كۆتاییدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراقییه‌كان به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌بێت".

ئامانج رەحیم، به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بە نمونە هێنایەوە کە له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی عێراقی فیدڕاڵ له‌ ساڵی ٢٠٢١‌ توانرا به‌ هه‌وڵی شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگی ئاداری ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ گەیشتە‌ رێككه‌وتنێكی گشتگیر و هاوسه‌نگ، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا زیاتر له‌ ١٢ ترلیۆن له‌ چوارچێوه‌ی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر کرا.

‌وەک سکرتیری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، باسی کرد، ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به‌و رێككه‌وتنه‌ دا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بوون، كه‌ نوێنه‌رانی كوردیش له‌و ئه‌نجوومه‌ندا هه‌یه‌، بۆیه‌ بوونی كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا و په‌رله‌مانتاری به‌ توانا زه‌رووره‌ بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، ئه‌مه‌یش به‌ به‌شداری كارا و كاریگه‌ری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌نجام ده‌گات.

ئەم بەرپرسەی حکوومەتی هەرێم داوای لە خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان کرد کە لەم قۆناغەدا گله‌یی و گازنده‌كانیان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ كه‌موكوڕییه‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و پڕۆژه‌كان به‌ لاوه‌ بنێن "بۆیه‌ گرینگه‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن، چونكه‌ له‌ كۆتاییدا هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ ئه‌وان ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی یاسا گرینگه‌كان بده‌ن بۆ نموونه‌ بڕیار وایه‌ له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای نه‌وت و غاز بكرێت، بێگومان ئه‌گه‌ر ئێمه‌ خاوه‌نی ئه‌ندامان و نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بین، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌نگمان به‌هێزتر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناو یاساكه‌دا جێگیر بكه‌ین".

ئامانج ڕەحیم، نمونەی چەندین پرسی هەستیار و گرنگی دیکەی هێنایەوە کە پەیوەندییان بە هێزی ئەندام پەرلەمانانی کورد لە بەغدا هەیە وەک‌ كێشه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم هه‌بوونی چەندین یاسای سه‌رده‌می به‌عس به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ و دابینكردنی پێداویستی و مووچه‌ی پێشمه‌رگەوە و جێگیركردنی‌ وه‌ك به‌شیك له‌ سیستمی به‌رگری عێراق.

لە هەمووشی گرنگتر‌ یاسای دابه‌شكردنی داهاته‌ فیدڕاڵییه‌كانه‌ كه‌ بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک دەنگی لەسەر بدرێت، ئامانج ڕەحیم لەم بارەوە گوتی "ئەم

یاسایە بۆ هه‌ریمی كوردستان زۆر گرینگه‌، چونكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسا ده‌ستنیشان ده‌كرێت كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شه‌بودجه‌ی چه‌ند ده‌بێت؟ بۆیه‌ گرینگه‌ نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و كوردستانیان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌ران ته‌واجودێكی به‌هێزیان هه‌بێت، ئه‌مه‌یش به‌ به‌شدارییه‌كی كار و گاریگه‌ری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ١٠ی ئۆكتۆبه‌ری ئەمساڵ".

 

دیمانە: شۆڕش غەفووری ـ هەولێر

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 14 ئەیلول 2021 07:33
© 2017 Hawler