کانونی یەکەم 07, 2019

سەرجەم ئەو ئامادەكارییانەی كە پێویستن بۆ رۆژی هەڵبژاردن تەواو بوونە

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێ، دابەشكردنی كارتی دەنگدان لە سنووری پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە سەرووی 80%، داوا لەو هاووڵاتیانەی بەشدارییان لە بایۆمەتریی كۆمیسیۆندا كردووە دەكەین، سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، چونكە تەنیا ئەمڕۆیان لە بەردەمدا ماوە بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، ئەگەرنا ناتوانن لە رۆژی هەڵبژاردن دەنگ بدەن.

عەلی قادر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ "هەولێر" گوتی: داوا لەو هاووڵاتیانەی بەشدارییان لە بایۆمەتریی كۆمیسیۆندا كردووە دەكەین، سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، چونكە تەنیا ئەمڕۆ لە بەردەمیاندا ماوە بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، بە بێ كارتی نوێی هەمیشەیی مافی دەنگدانیان نابێت لە رۆژی هەڵبژاردندا و بەیانی 8ی مانگ كارتەكان ڕەوانەی بەغدا دەكرێنەوە.
عەلی قادر، گوتیشی: رێژەی وەرگرتنی كارتی نوێی دەنگدان لە سنووری پارێزگای هەولێر لە هەڵكشاندایە و سەرووی 80%ی هاووڵاتیان كارتەكانیان وەرگرتووەتەوە، رێژەیەكی باش لە كارتەكان دابەشكراوە، سوپاسی هاووڵاتیان دەكەین بە دەنگ بانگەوازی ئێمەوە هاتن و ئاواتەخوازین ئەو ڕێژەی كە ماوە ئەوانیش دابەش بكەین.
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، سەرجەم ئەو ئامادەكارییانەی كە پێویستن بۆ رۆژی هەڵبژاردن ئەنجام دراون، رۆژانە تێست دەكەین و هەزار جیهازی وێستگە بەكاردەهێنین، رۆژی هەشتی مانگیش كە دەكاتە بەیانی بە هەمان شێوە هەزار و 500 جیهازی وێستگەی دیكە بەكاردەهێنین، كەواتە هەموو ئەو جیهازانەی بۆ رۆژی هەڵبژاردن دانراون بەكاردەهێنین بەو پێیەی كە لە رۆژی هەڵبژاردن پێویستمان پێیە و بەكاری دەهێنین، بۆ ئەوەی هیچ كێشەیە روونەدات و هاووڵاتیان بتوانن بە ئاسانترین شێوە دەنگ بدەن.
عەلی قادر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەوەشی گوت، لە سنووری پارێزگای هەولێر خرووقات و سكالا زۆر كەمە، پرۆسەكە بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوەدەچێت، ڕاستە شتی بچووك بچووك هەیە، بەڵام ئەوە نیە شایەنی باس كردن بێت، كاندید هەیە لە شوێنێك پۆستەری داناوە، كە لەو شوێنە قەدەغەیە، بەڵام ئاگاداری ئەوانمان كردووەتەوە و دوای ئاگاداركردنەوە سەرجەم حزب و كاندیدەكان پابەندی ڕێنماییەكانی كۆمیسیۆن بوونە.
سەبارەت بە كێشەی نەگەڕانەوەی كارتی دەنگدەران، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كرد، ئەوانەی لە دوای 9/11 بایۆمەتریان ئەنجامداوە كارتیان بۆ ناگەڕێتەوە، بەڵام كارتی پێشوویان لێ وەرنەگیراوەتەوە، بە كارتی پێشوو دەتوانن دەنگ بدەن، ئەو هاووڵاتیانەی كە پێش ئەو كاتە كارتیان لێ وەرگیراوەتەوە ناوەكانیان لای ئێمە دیارە لە بنكەی دابەشكردنی كارتەكان هەڵمانواسیوە و ئەوانە بە ڕێكارێكی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام پێویستە ئەو هاووڵاتیانە كە وەسلی لێ سەندنەوەی كارتەكانیان هەیە، پێش 9/ 11/ 2017 بایۆمەتریان ئەنجامداوە وەسلیان پێ بێت لە رۆژی هەڵبژاردن، ئەگەرنا ناتوانن دەنگ بدەن".

 

© 2017 Hawler