کانونی یەکەم 06, 2019

پەیامی نێچیرڤان لە ویژدانەوە بۆ ویژدان

(پارتی پاسەوانی بێداری خەونە رەنگاڵەییەكانی رۆڵەكانی كوردستانە، مەگەر ئەو پاسەوانە نەمێنێ، دەنا هەموو خەونەكان دێنەدی..)
بەم ئومێدە مەزن ز وورە پۆڵایینەوە، ئەم ئەركەشت وەك ئەركە سەخت و گرانەكانی رابردوو، گرتەئەستۆ..
بانگەشەت كردە كەرنەڤاڵی دەمەزەردكردنەوەی خەنجەرە دەبانەكانی بەرپشتێنی كوردەواری و نوێكردنەوەی بەهاری پارتی.
بانگەشەت كردە هەیەجانی خوێنجمانی لاوان و كوڕ و كاڵی دارستانە چوار وەرزەكەی پارتی..
بانگەشەت كردە دوبارە قەڵبەزەی تاڤگە روون و لەبن نەهاتووەكەی پارتی.
تۆ لە ویژدانەوە بۆ ویژدان لەگەڵمان دوای.
لە ناخەوە بۆ ناخ پەیامت گەیاند و بۆیەش هەمومانت دڵگەرم وگەش و نوێ كردەوە..
وەك هەمیشە ئەركی سەخت و گرانت لەبەرچاو ئاسان كردین..
هەمومانت گەڕاندەوە بۆ رۆژگاری وورەبەرزی زیندانەكان و شەوانی پڕ مەترسیی مەفرەزە سەرەتاییەكان.
رۆژگاری سەنگەرنشینی و خواكوڕك و سەفین و مەتین..
رۆژگارە سەختەكانی هەستانەوەی دوای نسكۆ و بەرەبەیانی راپەڕین..
رۆژانی راوە داعش و گیانبازی و بەدەم سرودەوە گیانبەخشین..
دوێنێی (پردێ)ی پەڕینەوە بەسەر كەلاكی خیانەت و (سحێلا)ی گیانفیدایی و بەتاڵكردنەوەی خەونی نەزۆكی خاك فرۆشان.
لەگەڵ نەرمە بارانی سلێمانیدا، ترسی هەموانت لە ئیرهابی فكری شكاند..
لەگەڵ قەڵای سەركەشی هەولێردا، دڵنیات كردینەوە تا پارتی مابێت هەولێر پایتەختی كوردستانێكی بەهێز و یەكگرتووە..
لە دهۆكی رەنگین ئەو رەگە قوڵەت نیشان داین كە پارتی بە ناخی ئەم خاكە شیرینەدا داكوتاوە..
بە دەنگی زوڵاڵ و قوڕگی پڕ باوەڕت، هەمومانت قوتابی و لاو ئاسا كردەوە بە شورەی پۆڵایین و سەرە رەمی شۆڕش و بەرخۆدان.
ئەی سەركردەی بە تەمەن گەنج و بە ئەزمون وەك پارتی پیرە داری خۆڕاگر.
دڵنیابە پەیامەكەت لە ویژدانەوە گەیشتە ویژدان..
دوازدەی مانگ ناهێڵین خۆر ئاوا بێت و مژدەی سەركەوتنت پێرادەگەیەنین..
سندوقەكان پڕ پڕ دەكەین لە دەنگی كوردایەتی..لە دەنگی سەرۆك بارزانی..
لە بزەی مناڵە شەهید، لە ئاهو ناڵەی دایكانی جگەر سوتاو..
لە فرمێسكی ئەو پێشمەرگانەی دوژمن نەیتوانی چۆكیان پێ دادا و بەڵام خیانەت فرمێسكی پێ هەڵوەراندن..
سندوقەكان پڕ پڕ دەكەین لە رەنگ و دەنگی زەردی خۆری ئازادی..
لە هیوا و ئومێدی لەبن نەهاتوو بە ئایندەیەكی پڕشنگدار..
سندوقەكان پڕ پڕ دەكەین لە وورەی نێچیرڤانی، وورەی هەستانەوە و نەچەمین و نەبەزین..
سندوقەكان پڕ دەكەین لە سرودەكانی خەون بینین بەو ئایندە گەشەوە كە ئەمڕۆ یان سبەی هەر دێتەدی.

© 2017 Hawler