نیسان 15, 2021

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سبەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە

لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی سبەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند "سبەی پێنجشەممە 08-04-2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە."
 
فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: "ئەوەی زانیومانە لایەنە سیاسییەکان پەرۆش و ئامادەن بۆ کۆبوونەوەکە، ئەو کۆبوونەوەیە بۆ گەلی کوردستانە، پێویستییەکی هەنووکەییە و دەبێت بکرێت."
 
هەروەها، جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی دیکەیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتری لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان".
 
پارتی و گۆڕان، پێشوازیان لەو دەستپێشخەرییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە. هەر لە بارەی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆکردنەوەی پارت و لایەنە سیاسییەکان، فارووق عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو "کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێیوایە رێگە دروستەکە ئەوەیە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەبەرچاو بگیرێن و کۆبوونەوەی حیزبەکانیش بۆ پرسە چارەنووسسازەکان، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، مووچە و کێشەی هاووڵاتییان بێت."
 
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا پارتی دیموکراتی کوردستان شاندێکی پێکهێنا و سەردانی هەموو لایەنەکانی کرد، ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو، سەرکەوتنی کوردستان لەوەدایە یەکڕیزی و تەبایی لە ناوخۆدا هەبێت و گوتی "هەرکاتێک کورد یەکدەست و یەکڕیز بووبێت، سەرکەوتن باشتر و دەستکەوتەکانیش زیاتر بوون. لە هەرێمی کوردستانیش ئەگەر هەموومان یەکدەست بین و پارێزگاری لە دەستکەوتەکان بکەین، بەرهەمی باشترمان دەبێت. یەکڕیزی زەحمەت نییە ئەگەر بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکان بەلاوە بنرێن و لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا بین".
 
ئەحمەد کانی ئاماژەی بەوەش کرد، سەردان و کۆبوونەوەکانی پارتی لەگەڵ حیزب و لایەنەکان، کۆبوونەوەی دیکەی بەدوادا دێت.
 
شوناس شێرکۆ، ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، روونهیکردەوە "چەند جارێک هەوڵمانداوە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە و بەشداربن لە بڕیاردانی سیاسی لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کاریگەریی هەبووە لەسەر کۆنەبوونەوەکان".
 
ئەو ئەندامەی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی "داواکاریی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەمان داواکاریی بزووتنەوەی گۆڕانە و تاڕاددەیەک کاریگەریی هەبووە لەسەر بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان".
 
رۆژی 20-03-2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پیرۆزبایی نەورۆز پەیامێکی بڵاوکردەوە و هەموو لایەنە کوردستانییەکانی بۆ کۆبوونەویەکی هاوبەش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەدوای نەورۆز بانگهێشت
© 2017 Hawler