نیسان 15, 2021

٣٠ ساڵ بەسەر بڕیاری دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین بۆ هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ ٣٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ـی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین کە دواتر لەدایکبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.

بڕیاری ٦٨٨ لە ٥ـی نیسانی ١٩٩١ دەرکرا، تایبەت بوو بە قەدەغەی فڕین و کۆتایی هێنان بە دۆخی سەختی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان لەدەستی رژێمی پێشووی بەعس، نامەی بڕیارەکە لەلایەن فەرەنساوە ئامادەکرا و ئێران و تورکیاش پشتیواننیان لێ کرد ، ئەوکات بڕیارەکە حکومەتی بەعسی ناچار کرد کۆتایی بەو سەرکوتکارییە بێنێت بەرامبەر گەلی عێراق دەیکات، لە ناویشیاندا کورد، بڕیارەکە بووە سەرەتای لەدایکبوونی یەکەم حوکمڕانی کورد لەو کاتەدا کە دواتر دروستبوونی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی بەدوا داهات .
بەپێی بڕیارەکە ناوچەیەکی ئارام بۆ کورد دانرا، پاش ئەوەی بەهۆی هەڕەشە و بۆردوومانەوە خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان روویان لە سنوورەکان کرد و بەشێکیشیان چوونە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاوارەبوون.
ئەوروپیەکان بەتایبەت فەرەنسا، رۆڵی کاریگەریان هەبوو لە خستەڕووی ئەو قەیرانە مرۆییەی ئەوکات هەبوو، واشنتۆن ئەوکات دوو دڵ بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوو سەدام لە دەسەڵات نەمێنێت، بەڵام دوای دەرکردنی بڕیارەکە خۆرێك لە ئاسمانەوە بۆ کورد هەڵات، سەرکردایەتی کورد و خەڵکەکەی بە پشتیوانی نێودەوڵەتی توانیان یەکەم خۆ ڕێبەری کورد لەدوای دروستبوونی کۆماری کوردستان لە مهاباد دروست بکەن.
رۆژی ٢٨ـی شوباتی ساڵی ١٩٩١، جۆرج بوش ئاگربەستی تاکلایەنەی راگەیاند، ئەوەش پاش ١٠٠ کاتژمێر لە شەڕ زۆربەی ئەو شەڕەش بۆردوومانی ئاسمانی بوو، کاتێک ئەو ئاگربەستە راگەیەنرا، هاوپەیمانی ئەمریکا لەوانەش ئیسرائیل و تورکیا تووشی سەرسوڕمان بوون، هەروەها سعودیەش کە ئەوکات میوانداری کۆنگرەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق بوو، هۆشیار زێباری وەکو نوێنەری پارتی لەو کۆنگرەیە ئامادەبوو، دوو هەفتە پێش ئەوەش لە ناوەڕاستی مانگی شوبات جۆرج بوش داوای لە خەڵكی عێراق کرد ، خۆیان کاروبار بگرنە دەست و بە هێز سەدام لە دەسەڵات لابدەن،سەرۆکی ئەمریکا ئەوکات چاوەڕێی ئەوەبوو کودەتایەک لە عێراق بکرێت، بەڵام کودەتا نەکرا، شیعە لەباشوور و کوردیش لە باکوور دەستیا بە خەبات کردەوە.
چوار ساڵ دوای ئەو دۆخە لە ساڵی ١٩٩١ جۆرج بوشی باوک قسەی بۆ رۆژنامەڤان دەیڤید فرۆست کرد و گوتی:" سەدام دەڕوا و نامێنێت،بەڵام تووشی سەرسوڕمان بوو لەو سەرکوتکارییەی سەدام لەدوای ساڵی ١٩٩١وە کردی.

سەرکردایەتی کورد لەوە گەیشتبوو، دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات، فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێ:" خەریک بووین خۆمان کۆدەکردەوە بۆ ئەو دۆخەی روودەدات، کورد بە هەوڵێکی نێودەوڵەتی بووە خاوەنی هەرێم و ئۆتۆنۆمی، بەڵام تا ئەو بڕیارەش درا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس هەڵاتن، هەزاران کەسیش کوژران، ئەو دۆخە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار کرد بە پەلە بێتە سەر خەت و بڕیارێک بدات بۆچارەسەری دۆخی خەڵك لە سنوور، دۆخی کورد لەوکاتەوە بەرەو باشتر چووە ئەمڕۆ کورد خاوەن پێگەیەکی نێودەوڵەتییە و لە جیهاندا ئاڵای کوردستان لە پێشوازی سەرکردەکانی دادەنرێت، کورد لە سێ دەیە حوکومڕانی خۆیدا توانی پەرلەمان و حکومەت دابمەزرێنێت و پایەکانی دەوڵەتبوونیش دابنێ، پرسی بە خەڵكیش کرد بۆ دەوڵەت و سەتا ٩٢ـی خەڵك لە ٢٠١٧ لەگەڵ دەوڵەت بوون، بەڵام دراوسێکانی و عێراق پێیان هەرس نەکرا و عێراق بە هێز وەڵامی دایەوە، زۆر دووریش نا، هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە پاریس ئەو وڵاتەی رۆڵی سەرەکی هەبوو لە بڕیاری ٦٨٨ بۆ ناوچەی دژە فڕین و دروستبوونی هەرێمی کوردستان. لە کۆشکی ئیلیزێ بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لێکرا و فەرەنسا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

© 2017 Hawler