ئازار 07, 2021

ئەو بۆشاییەی لە نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە هەیە پڕ دەکرێتەوە

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

 

لە ناوچە کوردستانییەکان هەڵمەتی تیرۆر و تۆقاندن و رفاندنی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، تا دێت گوندە کوردەکان چۆڵ دەکرێن، هێزە عێراقییەکانیش بەهۆی لاوازی و نەبوونی هەماهەنگییەوە، ناتوانن ئەمنیەتی ئەو ناوچانە بپارێزن، ئەوەش وای کردووە رۆژانە لەلایەن گروپە چەکدارەکان و چەکدارانی داعشەوە هێرش بکرێتە سەر و رووبەڕووی مەترسی پاکتاوی نەژادی ببنەوە.

لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا داعش و گروپە چەکدارەکانی دیکە، زیاتر لە 100 کردەوەی تیرۆریستیی جۆراوجۆریان لە ناوچە کوردستانییەکان ئەنجامداوە، بەو هۆیەوە زۆرترین هاووڵاتی کورد بوونەتە قوربانی.
داعش لە 9-6-2014 لەدوای شکستی سەربازیی سوپای عێراق و بەجێهێشتنی ئەو چەک و پێداویستییە سەربازییانەی لە مووسڵ هەبوون، بەشێکی زۆری خاکی عێراقی داگیرکرد و جگە لە هۆکارە سەربازییەکان هۆکاری سیاسیش رێگەخۆشکەر بوون بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش، بارودۆخی ئەمنی عێراق وایکردووە تا ئێستاش داعش لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی عێراق بە چالاکی بمێنێتەوە و بەردەوام مایەی مەترسی بێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکات، باشترین چارەسەریش بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراقە، بە تایبەت دۆخی پارێزگای کەرکووک و دەوروبەری، هەروەها دوورخستنەوەی پارێزگاری سەپێندراوی شارەکە و لابردنی واقیعی سەپێندراوی ئەمنی، ئیداری، سەربازی و دیمۆگرافی دوای 16 ی ئۆکتۆبەر.
بەگوتەی ئەندامانی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، کە بۆ "هەولێر" قسەیان کردووە، دەڵێن:" ئەگەر دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوا رووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە و جێبەجێکردنی مادەی 140 یش بە باشترین رێگا دەزانن و پێیانوایە پارێزگاری سەپێندراوی ئێستای کەرکووک هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی عەرەبە هاوردەکان هەوڵی داگیرکردنی زەوی و ماڵی هاووڵاتییانی کورد بدەن.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوانیان، هەر لەم بارەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە "هەولێر"ـی گوت:"جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ئەوەش بۆ لاوازیی هێزە ئەمنییەکان و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزەکاندا دەگەڕێتەوە، ئەوەش وای کردووە کە داعش زۆر بەهێز ببێتەوە و جارێکی دیکە لەو ناوچانە سەرهەڵبداتەوە.
ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە:" چەندین جار فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەیان کردووە، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئەو بۆشاییەی لە نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە هەیە پڕ بکرێتەوە، ئێستاش کۆبوونەوەکان چڕ کراونەتەوە، چونکە ئەگەر هەماهەنگی نەبێت و هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، مەترسی زۆر جددی هەیە کە ئەو ناوچانە دووبارە بکەونەوە بن دەستی داعش و گروپە چەکدارەکان".

 

© 2017 Hawler