ئازار 07, 2021

پێم سەیرە کە کارگێڕی یانەی هەولێر بۆ ئەو ماوە دوور و درێژە ماونەتەوە كه س شوێنی نه گرتوونه

فەیزوڵڵا عوسمان ناوێکی دیاری تۆپی پێی یانەی هەولێرە، ماوەی چەندین ساڵ لە یانەکانی برایەتی و هەولێر یاریکردووە و ئێستەیش لە وڵاتی ئەڵمانیە نیشتەجێیە، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا پەنجەی لەسەر کێشە و گرفتەکانی وەرزشی کوردستان و یانەی هەولێر داده‌نێت و بوونی ئەو هەموو فێرگە و ئەکادیمیایەی بە کارێکی نادروست وەسف ده‌كات.

 

کەی دەستی بەیاریکردن کردووە؟

لەدەسپێکدا فەیزوڵڵا عوسمان باسی ژیانی وەرزشی خۆی کرد گووتی: سەرەتایی ژیانی وەرزشیم لە بنکەی وەرزش و لاوانی سێتاقان بوو، کە لە ڕێگەی خوالێخۆشبوو، عەباس لەشکری چوومە ئەوێ، دواتر لەساڵی ١٩٨٤ لە تیپی میللی ١٨ ی شوبات یاریم دەکرد، ساڵی ١٩٨٨ بۆ چەند مەشقێک چوومە یانەی هەولێر، دواتر چومە یانەی برایەتی تا ساڵی ١٩٩١ لەو یانەیە مامەوە و بەشداری خولی پلە یەکی عێڕاقمان دەکرد، ساڵی ١٩٩٢ پەیوەندیم بە یانەی هەولێرەوە کرد، چەند ساڵێکیش لەیانەی هەولێر بووم و چوومە دەرەوەی وڵات.

 

لە ئەوروپاش لە یاریکردن بەردەوام بووە

ئەو ناوەڕاستکارەی هەولێر لەبەشێکی تری دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا گووتی: حەزم بۆ تۆپی پێ منی لەو یارییە دانەبڕاند و دوای چونیشم بۆ ئەوروپا هەر لە یاریکردن بەردەوام بووم و یاریم بۆ یانەیەکی ئەڵمانی دەکرد، دەرفەتی ئەوەیش هەبوو لە یانەی گەورە یاری بکەم، بەڵام بژێوی ژیان وایکرد، من و کامەران مەحەمەد لەو یانەیە بمێنینەوە، چونکە سەرۆکی یانەکە زۆر باش بوو لەگەڵمان، حەزمان نەدەکرد بەجێی بهێڵین.

 

پێویستە پلان بۆ وەرزشیش هەبێت

ئەستێرەکەی یانەی هەولێر باسی دۆخی ئێستەی وەرزشی کوردستانی کرد و گووتی: هۆکارەکان زۆرن بۆ دۆخی ئێستەی وەرزشی کوردستان، وەرزش زۆر بە حیزبی کراوە، کە ئەمە پێم وایە هۆکاری سەرەکیە، لە هەر حیزبێک چەند کەسێک وەرزش بەڕێوەدەبەن و چەندین ساڵا لەشوێنی خۆیان و گۆڕانکاری نابینین،  هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە چەندین ساڵە ئەستێرە نابینین، لە دوای ساڵانی حەفتاکان تا ساڵانی نەوەدەکانیش ئەستێرە دروست دەبوون، بەڵام دوای ئەوە ئەستێرە نیە، یاریزانی باش هەن، بەڵام وەکو ئەستێرە ئەستێرەمان نیە.

 

چۆن باسی خولی کوردستان دەکات؟

فەیزوڵا عوسمان باسی خولی کوردستانیشی کرد و بە خولێکی بێ سوود وەسفی کرد، لەو بارەیەوە فەیزۆ گووتی: خولەکە هیچ سوودێکی نیە، دەسکەوتی ئەو تیپەی کە یەکەم دەبێت هیچ نیە، ساڵانە ئەو خولە دەکرێتەوە ئەو تیپانە لەگەڵ یەکتر یاریدەکەن، بە تەواوی شارەزای یەکتر بوون، ئەمەیش وایکردووە لەو خولەدا ئەستێرەی گەورە دروست نەبن، پێم باشە لە جیاتی خولی کوردستان بەشداری خولی عێڕاق بکەن، چەند یانەیەک تێکەڵ بکرێن و چوار تا پێنج تیپی بەهێزمان هەبێت باشترە لەو هەموو زۆری و بۆریەی کە هەیە.

 

چۆن باسی فێرگەکانی تۆپی پێ دەکات؟

فەیزوڵا عوسمان هۆکارێکی تری خراپی تۆپی پێی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە وەکو پێویست قوتابخانە و فێرگەی پێویست بە پێگەیاندنی یاریزانانمان نیە، گوتی ئەو فێرگانەی کە ئێستە هەن وەکو کەبابخانە دێنە بەرچاوم، هەر کەسێک حەزی لێبوو ئەکادیمیایەک دادەنێت، لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیە، کە ژمارەی دانیشتوانی ١٠٠ ملیۆن کەسە، ٥٠ ئەکادیمیای تۆپی پێی نیە، ئەڵمانیە ١٦ بەشە هەر بەشەو ئەکادیمیای خۆی هەیە، ئەکادیمیا لە ئەوروپا بە کردارییە، ئەو منداڵە بەتەواوی فێری هەموو ڕێسا و تەکتیکەکانی تۆپی پێ دەکرێت، یان لە هەر شارێک ١٠٠ تیپی دێرینەکان دروست بووە، بە ناوی جیاواز، لەهیچ شوێنێک شتی وانیە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو هەموو یاریزانە دێرینەمان نیە.

 

لێرە بڕوانامەی ڕاهێنان بە ئاسانی دەدرێت

لەبەشێکی تری دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا ئەو یاریزانە دێرینەی هەولێر باسی ڕێگری کردن لە کەسانی شارەزا کرد و گووتی: لە کوردستان لەسەر بنەمای شارەزایی کەسەکان کارناکرێت، چەندین ڕاهێنەر و شارەزامان هەیە جێگەیان نابێتەوە، بە برادەرایەتی و خزم خزمێنە کەسی تر دادەنێن، کارەساتێکی تری ئەوەیە لێرە کەسێک بیەوێت بڕوانامەی ڕاهێنان وەربگرێت زۆر بەئاسانی پێی دەگات، لقی هەولێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق خولی ڕاهێنەرایەتی دەکاتەوە هەر کەسێک بێت زۆر بە ئاسانی بڕوانامەی سی و بی وەردەگرێت، کە ئەوە کارێکی هەڵەیە، لە ئەوروپا کە بڕوانامەی سی یان هەر بڕوانامەیەکی ترت وەرگرت، پێویستە ساڵانە ٦٠ کاتژمێر وەکو پێداچوونە بخوێنیتەوە لەو بڕوا نامەیەی کە وەرت گرتووە.

 

چۆن قسە لەسەر کێشەکانی یانەی هەولێر دەکات؟

لەسەر کێشەکانی یانەی هەولێریش فەیزۆ گووتی: پێم سەیرە کە کارگێڕی یانەی هەولێر بۆ ئەو ماوە دورودرێژە ماونەتەوە و کەسانی تر شوێنیان ناگرنەوە، ئەو کارگێڕیە و سەرۆکی یانەی هەولێریش دەیانەوێت وەکو یارانی ئەشکەوت ١٥٠ ساڵ لەسەر کاربن و هەر لەناو یاریگەی هەولێریش بمرن و لەوێش بنێژرێن، ساڵی ٢٠١٠ داوایان لێکردم کە وەک ئەندامی دەستە کارگێڕی لە یانەی هەولێر کاربکەم، بەڵام حەزم لە کارگێڕی نیە، حەزم زیاتر لەبواری ڕاهێنانە، ئێستەیش ئەگەر ئۆفەرێکی باشی یانەیەکی کوردستانم بەدەست بگات، بەو مەرج و داواکاریانەی من هەمە ئامادەم ببمە ڕاهێنەری یانەیەکی کوردستان.

 

کام یادگارییەی قەت بیر ناچێتەوە

فەیزوڵڵا عوسمان باسی سەردەمی یاریکردنی خۆیشی کرد لە یانەی هەولێر و یادگارییەکی باسکرد کە لای ئەو هەر دەمێنێتەوە، گووتی: لەشاری بەغدا لەگەڵ یانەی کەرخ یاریمان هەبوو، لەو یاریەدا کامەران مەحەمەد یاری نەدەکرد، ڕاهێنەر منی لە هێڵی هێرشبەر یاری پێکرد، لە خولەکی ١٠ تۆپێکیان دامێ یاریم بەسێ یاریزان و گۆڵپارێزی کەرخ کرد و گۆڵم کرد، دوای ٣ خولەکە تۆپێکی تریان دامێ ئەمجارە یاریم بە هەموو یاریزانەکانی هێڵی بەرگری کردەو گۆڵێکی تریشم تۆمارکرد، سەیرەکە لەوە بوو دوای چەند خولەکێک هەمان حاڵەت ڕویدایەوە یاریم بە هەموو یاریزانەکان و گۆڵپارێزیش کردەوە و خۆم و گۆڵەکە ماینەوە تۆپەکە بە تەنیشت ستونی یاریگە چووە دەرەوە، ئەو یادگارییە لەلای من زۆر خۆش بووم قەت لەبیری ناکەم.

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر شەممە, 20 شوبات 2021 17:23
© 2017 Hawler