کانونی دووەم 17, 2021

بە گوژمەی نزیکەی حەوت ملیۆن دۆلار گرێبەستی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ هەڵەبجە و سلێمانی واژوو كرا

ئه‌مڕۆ، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ یاوه‌ری شاندێك سه‌ردانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد و له‌ ڕێوره‌سمێكدا بە گوژمەی شەش ملیۆن و نیو دۆلار گرێبەستی پرۆژەی خزمەتگوزاری واژوو كرد.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ژمارەیەکی تر لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی وەزارەت، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجە و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی حكومی سنوورەكە پێشوازی لێكرا و بە گوژمەی شەش ملیۆن و نیو دۆلار گرێبەستی پرۆژەی خزمەتگوزاری واژوو کرا.
بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە و ژمارەیەک بەرپرسی تری حکومی سنوورەکە، لە رێوڕەسمێكدا کە لەناو مێنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، قۆناغێكی تری گرێبەستی پرۆژەی باشکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەردوو پارێزگەی هەڵەبجە و سلێمانی بە بڕی شەش ملیۆن و نیو دۆلار لەسەر قەرزی درێژخایەنی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی واژوو کرا.
لە سەرەتای مەراسیمەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی رایگەیاند هەڵەبجە لە لای حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێی بایەخە و لە پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش تایبەتمەندی و گرنگییەكی زۆری هەیە و دەمانەوێت خزمەتی زیاتری بكەین، گوتیشی خزمەتكردنی هەڵەبجە، خزمەتكردنی شارێك جیا لە شارەكانی تر و بێ هاوتا لە هەموو جیهان، هەڵەبجە سیمبۆڵی شەهیدان و خۆڕاگرییە و رەمزی مانەوە و قوربانیدانە، خزمەتكردنی ئەو شارە ئەركێكی سەرەكیمانە و درێغی ناكەین و بە شانازییەوە دەڵێین خزمەتكردنی هەڵەبجە پێش ئەوەی جێبەجێكردنی پرۆژە و ئەركێكی كارگێڕی بێت، ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە.
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وردەکاری پرۆژەكەی بۆ دەزگەکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو و رایگەیاند ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆ بە گوژمەی شەش ملیۆن و نیو دۆلار بۆ هەردوو پارێزگەی هەڵەبجە و سلێمانی لەسەر قەرزی درێژخایەنی جایكا واژوو دەكرێت، كە بڕی چوار ملیۆن و حەوسەد و پەنجا هەزار دۆلاری بۆ سلێمانی دەبێت و بڕی یەك ملیۆن و حەوسەد و پەنجا هەزار دۆلاریشی بۆ هەڵەبجە دەبێت.
سەبارەت پرۆژەكەی سلێمانی گوتیشی ئەوەی پارێزگای سلێمانی، نۆژەنكردنەوەی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاوە لە تاسلوجەوە بۆ سلێمانی، بە درێژایی 17 كیلۆمەتر. لەبارەی جۆری پرۆژەكانی هەڵەبجەش گوتی: ئەوەی پارێزگەی هەڵەبجە، نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی چەند گەڕەكێكی ناو شارە بە درێژایی چوار كیلۆمەتر و نیو، هەروەها ئاوەڕۆی لوولەیی بۆ ئاوەشۆڕكردنی پاشماوەی وێستگەی ئاوی هەڵەبجە.
لەبارەی ماستەرپلانی هەڵەبجە و پلانی وەزارەت بۆ خزمەتكردنی شارەكە لە سێكتەرە جیاوازەكاندا، رایگەیاند: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پلانیدا، ماستەرپلانی هەڵەبجە و كۆمەڵێك پرۆژەی تری ستراتیژی لە هەموو سێكتەرەكان خستووەتە ناو بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم وەك پرۆژەی شەقامی 60مەتری و هێڵەكانی كە پێوەی دەبەسترێنەوە، هەروەها قیڕتاوكردنی شۆستە و گەڕەكەكان و چەندان پرۆژەی تری گەشتوگوزار، كە كۆی پرۆژە پێشنیازكراوەكان دەكاتە 207 ملیۆن دۆلار.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە لە رابردوو و ئێستاشدا لە جێبەجێكردنی پلان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و كردنەوەی خول و پەرەپێدانی توانای مرۆیی هاوكاری حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی بوونە، هەروەها بەناوی حكوومەت و خەڵكی كوردستانیشەوە هاوكاری و هەماهەنگییەكانی جایكای بەرزنرخاند و داواشی كرد هەماهەنگییەكانیان فراوانتریش بكرێن.
 
داڕشتنه‌وه‌: H.SH
 
© 2017 Hawler