شوبات 27, 2020

حەشدی شەعبی و گروپەكەی 16 ئۆكتۆبەر رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك بە قاچاخ دەفرۆشن

حەشدی شەعبی و گروپەكەی 16 ئۆكتۆبەر رۆژانە نزیكەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە رێگەی باشماخەوە بە قاچاخ دەبەنە ئێران و دەفرۆشن، حكوومەتی عێراقیش توانای سزادانی ئەو هێز و چەكدارانەی نییە.

پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی كەركووكی دەفرۆشت و مانگانەش بڕی 10 ملیار دیناری دەدایە ئەو پارێزگایە، بەڵام لە دوای رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر بەهۆی خیانەتی لایەنێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان كەركووك و خورماتوو كەوتنە دەست حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان لەو رۆژە بە دواوە هەر یەكە و لەلایەن خۆیەوە نەوتی كەركووك و خورماتوو بە قاچاخ دەبەن و دەفرۆشن، بێ ئەوەی كەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات.
ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی بۆ "هەولێر" دیاركرد، حكوومەتی ئیتحادی ناتوانێت سزای ئەو هێز و چەكدارانە بدات كە نەوتی كەركووك بە قاچاخ دەبەن، چونكە هیچ هێز و دەسەڵاتێكی بەسەر ئەوانەوە نیە، هەر شوێنێك لەژێر دەستەڵاتی هێزێكی چەكداردایە، بۆیە توانای سزادانی ئەو هێزانەی نیە، لە كاتی خۆی هەندێك دەنگمان دەبیست حكوومەتی هەرێم نەوتی كەركووكی دەفرۆشت و مووچەی پێ دابەش دەكرد، هاواریان دەكرد نەوت بە قاچاخ دەبرێت، بەڵام ئێستا هیچ لەو دەنگانە نابیسترێن كە لەبەر چاوی خۆیانەوە و لەبەردەمیان نەوت بە قاچاخی دەفرۆشرێت.
ڕوونیشیكردەوە، عێراق خاوەن بڕیاری خۆی نیە و لە دەرەوەی سنوور فەرمانی بۆ دێت، ئەویش جێبەجێ دەكات، ئەگەرنا زۆر پێویستە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە كوردستانییەكان، چونكە بوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە زەمانەتێكە بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی لە دوای نەمانی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەبینین رۆژانە كردەوەی تیرۆریستی روودەدات و ئەوە خەریكە داعشیش لەو ناوچانە سەر هەڵدەداتەوە.
عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای كەركووكی پارتی بە "هەولێر:ـی گوت: ئەو نەوتە قاچاخە زیاتر بۆ ئێران دەچێت، ئەوانەشی كە بە ناردنی نەوت هەستاون حەشدی شەعبی و گروپەكەی 16 ئۆكتۆبەرە كە بەشی خۆیان هەیە، هەمووشی لە ڕێگای دەروازەی باشماخەوە ڕەوانەی ئێران دەكرێت، لەوێش بۆ كرماشان، نەك هەر نەوتی كەركووك بەڵكو نەوتی كفری بەو لاوە لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبییە و كۆمەڵێك بیرە نەوتی هەیە، بە تانكەر ئاودیوی ئێران دەكەن، ئەوەندە سەرچاوەی بۆڕیان تەقاندووە رۆژانە نزیكەی 200 هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخی دەفرۆشن، بەڵام بە چەند دەفرۆشن ئەوە شتێكی دیكەیە، ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت 74 دۆلارە، لەوانەیە ئەوان بە 20 دۆلار بفرۆشن، چونكە پشتیان پێوە نەشكاوە و بە چەند بفرۆشن لە بەرژەوەندی ئەواندایە، حكوومەتی عێراقیش دەستەوەستانەو ناتوانێت هیچ شتێك بەرامبەریان بكات، چونكە هەندێك لەو گروپانە فەرمان لە حكوومەتی عێراق وەرناگرن، بەڵكو فەرمان لە دەرەوەی عێراق وەردەگرن، نایشارنەوە و بە ئاشكرا ئەوە دەڵێن".

© 2017 Hawler