شوبات 27, 2020

نێچیرڤان بـارزانی: بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی كونسوڵخـــــانه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌‌‌نگاوێكی گرنگ و به‌نرخه‌

دوێنێ (٢٣/٤) بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا، لە ڕێوڕه‌سمێكدا لە هەولێر، دەستپێکردنی پڕۆژەی بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی نوێی كونسوڵخانه‌ی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاگەیەندرا.

لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌كی پێشکەش کرد و تیایدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لە بەشداریکردن لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا‌، ده‌ستخۆشی و پێشوازیی گەرمی له‌و بڕیاره‌ کرد و بە هه‌‌‌نگاوێكی گرنگ و به‌نرخی لەقەڵەم دا و هیوای خواست پڕۆژەکە بە سه‌ركه‌وتوویی‌، له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ته‌واو ببێت.
بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی كونسولخانه‌ی گشتیی ئه‌مه‌ریكای له‌ هه‌‌ولێر كه‌ یه‌كه‌م كونسولخانه‌یه‌ باڵه‌خانه‌ی تایبه‌تی خۆی لە هەولێر دروست ده‌كات، بە نیشانه‌ی بڕوا و متمانه‌ی ئه‌مه‌ریكای به‌ ئێستا و ئاینده‌ی گه‌شی هه‌‌رێمی كوردستان وەسف کرد و گوتی: "ئەوە ده‌رخه‌ری خواست و ئاره‌زووی ئه‌مه‌ریكایه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییانه‌ی کە هەیەتی له‌گه‌ڵ عێراقی فیدرالدا."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمه‌ریکا کرد و گوتی: "په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندیی تازه‌ نین و چه‌ند قۆناغێكیان ده‌رباز كردووه‌". لەو بارەیەوە، ڕاپه‌ڕینی ساڵی (١٩٩١)ی گه‌لی كوردستانی به‌بیر هێنایەوە کە ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی گه‌لی كوردستان، له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام بوو و‌ بووه‌ هۆی پاراستنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان لەوکاتەدا.
دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ تا قۆناغی ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس و شه‌ڕی دژی داعش و شكاندنی، ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمی كوردستان هه‌‌بووه‌ و بۆ پاراستنی سه‌قامگیری، یارمه‌تی داوه‌ و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی كردووه. هەربۆیە، دروستکردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تازه‌ی بۆ كونسولخانه‌ی ئەمریکا له‌ هه‌‌ولێر، بۆ به‌رده‌وامیی كاروانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ گەڕاندەوە‌ و هیوای خواست ببێته‌ هاوبه‌شییه‌كی گرنگ، ستراتیژی و درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمی كوردستان.
سەبارەت بە پاڵپشتییە بەردەوامەکانی ئەمه‌ریکا بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران گوتی: "گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌‌رێمی كوردستان به‌ ڕێزه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی و هاوكاری و پشتگیرییه‌ سیاسی و سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمه‌ریکا ده‌ڕوانن، به‌ بایه‌خه‌وه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ن له‌ بواری سیاسی، ئابووری، بازرگانی، زانستی، كولتووری و هه‌‌موو بواره‌كانی دیكه‌دا، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، په‌یوه‌ندیی تۆكمه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌‌مه‌ریكادا هه‌‌بێت، وه‌ك چۆن له‌ هه‌‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ تاكو به‌ هه‌‌مان شێوه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و جیهاندا هه‌‌بێت."
لە بەشێکی دیکەی وته‌كه‌یدا بەڕێزیان وێڕای جەختکردنەوە لە بوونی هاوبەشیی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و جیهانی پیشكه‌وتوو، بڕوای گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌‌رێمی به‌ به‌هاكانی ئازادی، دیموكراسی، مافه‌كانی مرۆڤ، فره‌یی، كرانه‌وه‌، پێكه‌وه‌ژیان، پێگه‌یاندن و په‌ره‌پێدانی تواناكانی ژنان و گه‌نجان، بازاڕی ئازاد و هه‌‌موو ئه‌و به‌ها و بنه‌مایانه‌ دووپات کردەوە كه‌ جیهانی پێشكه‌وتووی ڕۆژئاوای له‌سه‌ر بنیات نراوه‌ و كاریان بۆ ده‌كات بە شێوەیەک کە پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌ی جیهانی پێشكه‌وتوودا له‌گه‌ڵ سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی، شه‌ڕی تیرۆری كرد و پێكه‌وه‌ به‌رگرییان له‌و به‌هایانه‌ كرد.
سەرۆک وەزیران ئه‌و ڕێوڕه‌سمەی به‌ ده‌رفه‌ت زانی كه‌ سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ باڵیۆز و كونسوڵه‌كانی پێشوو و ئێستای ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا و هه‌‌ولێر بكات بۆ گرنگیدان و كاری باش و ماندووبوونیان له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمی كوردستان، هەروەها سوپاسی تیمه‌ سه‌ربازییه‌كان و USAID و هه‌‌موو ئه‌و ئاژانس و ڕێكخراوه‌ ئه‌مریكییانه‌ی کرد كه‌ له‌ هه‌‌ر بوارێكدا له‌ هه‌‌رێمی كوردستان كار و خزمه‌تیان كردووه‌. لەو بارەیەوە گوتی: "ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م و چاومان له‌ په‌یوه‌ندیی باشتر و تۆكمه‌تر، هاوكاری و هه‌‌مانگیی زیاتری نێوان وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هه‌‌رێمی كوردستانه‌."
لە کۆتایی وته‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوی خواست هه‌‌موو وڵاتانی دیكه‌ی دراوسێ، ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌ هه‌‌مان شێوه‌ی ئه‌مه‌ریكا، باڵه‌خانه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی دیپلۆماسیی خۆیان له‌ هه‌‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ن، كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵدا خواستی په‌یوه‌ندیی باش، هه‌‌ماهه‌‌نگی، هاوكاری و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌موویان هه‌‌یه‌.
ده‌قی وتاری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:
به‌ڕێزان،
جه‌نابی باڵیۆزی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا
جه‌نابی كونسول
میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن، سه‌رچاوان..
خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ لێره‌ له‌ ڕێوڕه‌سمی ڕاگه‌یاندنی ده‌سپێكردنی بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی تازه‌ی كونسولخانه‌ی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی به‌ڕێزدا به‌شدار ده‌بم. ده‌ستخۆشی و پێشوازی گه‌رم له‌و بڕیاره‌ ده‌كه‌م، ئێمه‌ وه‌ك هه‌‌‌نگاوێكی گرنگ و به‌نرخ لێی ده‌ڕوانین و هیوادارم سه‌ركه‌وتووانه‌، له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ته‌واو ببێت.
بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی كونسولخانه‌ی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌‌ولێر كه‌ یه‌كه‌م كونسولخانه‌یه‌ باڵه‌خانه‌ی تایبه‌تی خۆی دروست ده‌كات، نیشانه‌ی بڕوا و متمانه‌ی ئه‌مه‌ریكایه‌ به‌ ئێستا و ئاینده‌ی گه‌شی هه‌‌رێمی كوردستان، هه‌‌روه‌ها ده‌رخه‌ری خواست و ئاره‌زووی ئه‌مه‌ریكایه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ عێراقی فیدرالدا‌.
به‌ڕێزان،
په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندیی تازه‌ نین و چه‌ند قۆناغێكیان ده‌رباز كردووه‌. له‌ ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991ی گه‌لی كوردستاندا، ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی گه‌لی كوردستان، له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام بوو كه‌ بووه‌ هۆی پاراستنی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌و كاته‌دا.
تا قۆناغی ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس و شه‌ڕی دژی داعش و شكاندنی، ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمی كوردستان هه‌‌بووه‌ و بۆ پاراستنی سه‌قامگیری، یارمه‌تی داوه‌ و پشتگیریی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، ئه‌مڕۆش له‌ قۆناغی سه‌قامگیریدا، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تازه‌ بۆ كونسولخانه‌كه‌یان له‌ هه‌‌ولێر دروست ده‌كه‌ن كه‌ به‌رده‌وامیی كاروانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌یه‌ و هیوادارین ببێته‌ هاوبه‌شییه‌كی گرنگ، ستراتیژی و درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمی كوردستان.
گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌‌رێمی كوردستان به‌ ڕێزه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی و هاوكاری و پشتگیرییه‌ سیاسی و سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڕوانن، به‌ بایه‌خه‌وه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ن له‌ بواری سیاسی، ئابووری، بازرگانی، زانستی، كولتووری و هه‌‌موو بواره‌كانی دیكه‌دا، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، په‌یوه‌ندیی تۆكمه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا هه‌‌بێت، وه‌ك چۆن له‌ هه‌‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ تاكو به‌ هه‌‌مان شێوه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و جیهاندا هه‌‌بێت.
گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌‌رێمی كوردستان هاوبه‌شییان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و جیهانی پیشكه‌وتوودا هه‌‌یه‌. بڕوایان به‌ هه‌‌مان به‌هاكانی ئازادی، دیموكراسی، مافه‌كانی مرۆڤ، فره‌یی، كرانه‌وه‌، پێكه‌وه‌ژیان، پێگه‌یاندن و په‌ره‌پێدانی تواناكانی ژنان و گه‌نجان، بازاڕی ئازاد و هه‌‌موو ئه‌و به‌ها و بنه‌مایانه‌ هه‌‌یه‌ كه‌ جیهانی پێشكه‌وتووی ڕۆژاوای له‌سه‌ر بنیات نراوه‌ و كاریان بۆ ده‌كات. پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌ی جیهانی پێشكه‌وتوودا له‌گه‌ڵ سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی، پێكه‌وه‌ شه‌ڕی تیرۆریان كرد و پێكه‌وه‌ به‌رگرییان له‌و به‌هایانه‌ كرد.
به‌ڕێزان،
وێڕای دووباره‌ پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی له‌ نێرده‌ی دیپلۆماسیی ئه‌مه‌ریكا جه‌نابی باڵیۆز كه‌ لێره‌ دانیشتووه‌ و له‌ به‌غدا ته‌شریفی هێناوه‌، بۆ بڕیاری دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی تازه‌ی كونسولخانه‌كه‌یان له‌ هه‌ولێر، ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم كه‌ پڕ به‌ دڵ سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ به‌ڕێزان باڵیۆز و كونسوله‌كانی پێشوو و ئێستای ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا و هه‌‌ولێر بكه‌م، بۆ گرنگیدان و كاری باش و ماندووبوونیان له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمی كوردستان.
لێره‌ ده‌مه‌وێ سوپاسی تیمه‌ سه‌ربازییه‌كان و USAID و هه‌‌موو ئه‌و ئاژانس و ڕێكخراوه‌ ئه‌مه‌ریكییانه‌ بكه‌م كه‌ له‌ هه‌‌ر بوارێكدا له‌ هه‌‌رێمی كوردستان كار و خزمه‌تیان كردووه‌. ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م و چاومان له‌ په‌یوه‌ندیی باشتر و تۆكمه‌تر، هاوكاری و هه‌‌مانگیی زیاتری نێوان وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هه‌‌رێمی كوردستانه‌.
هیوادارین هه‌‌موو وڵاتانی دیكه‌ی دراوسێ، ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌ هه‌‌مان شێوه‌ی ئه‌مه‌ریكا، باڵه‌خانه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی دیپلۆماسیی خۆیان له‌ هه‌‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌‌موویان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی فیدرالدا خواستی په‌یوه‌ندیی باش، هه‌‌ماهه‌‌نگی، هاوكاری و هاوبه‌شیمان هه‌‌یه‌.
به‌ هیوای ئاشتی، سه‌قامگیری، هه‌‌ماهه‌‌نگی و هاوكاریی باشتر له‌نێوان گه‌لاندا.
كاتێكی خۆش بۆ هه‌‌مووتان ده‌خوازم.
سوپاستان ده‌كه‌م.
هەروەها لای خۆشییەوە، لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێک، دۆگلاس سیلیمان، جەختی لەسەر پەیوەندی پتەوی نێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردە و ڕایگەیاند"ئه‌م باڵه‌خانه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌داره‌ بۆ پابه‌ندیی به‌رده‌وامیی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ تێكه‌ڵكێشی دروستكردن و پشتیوانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق بۆ دروستكردنی هه‌رێمێكی كوردستانی عێراقی به‌هێز له‌ چوارچیوه‌ی عێراقێكی دیموكرات و فیدرال و گه‌شه‌سه‌ندوودا"
لە درێژەی وتارەکەیدا، دۆگلاس سیلیمان، جەختی لەسەر ئەو هەنگاوە ستراتیجیانە کردەوە، کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پێناو باشترکردنی دۆخی ئیداری و ئابوری و سەربازی و..هتد، هەنگاوی بۆ ناوە و دەنێت. لە کۆتایشدا ڕایگەیاند"خۆشحاڵم كه‌ لێره‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین بینایه‌ی نوێی كونسولخانه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پارچه‌ زه‌وییه‌ له‌ژێر سێبه‌ری شاخه‌كاندا دروست ده‌كه‌ین. زۆر خۆشحاڵم و به‌ خۆشبینییه‌وه‌ سه‌یری داهاتوو ده‌كه‌م كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا ئه‌م باڵه‌خانه‌یه‌ی كونسولخانه‌ دروست ده‌كرێت".

© 2017 Hawler