تشرینی یەکەم 21, 2020

راگه‌یه‌ندراوێك سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ده‌رباره‌ی سووتاندنی لقی 5 پارتی له‌ به‌غدا

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سووتاندنی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا و بێ رێزی کردن بە ئاڵای کوردستان شەرمەزار دەکات.

 

دەقی راگەیەندراوەکە:

بە تووندی هێرشی ئەمڕۆی تاقمێکی لە یاسادەرچوو بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و سووتاندن و بێ ڕێزی کردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا، ڕیسوا و شەرمەزار دەکەم.

بێ ڕێزی کردن بەرامبەر پیرۆزترین سیمبولی کوردستان و سووتاندنی و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبێک، کە زۆرترین قوربانی لە پێناو ڕووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق و دابینکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان داوە  هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقی فیدراڵدا.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەڕێز مستەفا کازمی، گفتوگۆمان دەربارەی ئەم پەلامارە کرد و داوام لێکرد کە دەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و ڕێوشوێنی یاساییش، بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بگرنەبەر.

© 2017 Hawler