تشرینی یەکەم 22, 2020

رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە خراپتربوونی دۆخی کۆرۆنا لە عێراق هۆشداری دا

رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق و سەرهەڵدانی دۆخێکی مەترسیدارتر هۆشداری دا و پێی وایە ئەگەر رێوشوێنی توند و گونجاو نەگیرێنە بەر ئەوا ئامارەکان بە خێرایی زیاد دەبن و کەس لەم نەخۆشییە پاریزراو نابێت.

رێکخراوەکە رۆژی شەممە سێی تشرینی یەکەم ئاشکرای کرد ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق زۆر بە خراپی بڵاو بووەتەوە و ئەوەی هەیە قۆناغی سێیەمی نەخۆشییەکەیە و ئەوەش بەو واتایە دێت لە وانەیە قۆناغی سەختر دەست پێ بکات.
ئەدهەم ئیسماعیل نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە عێراق باسی لەوە کردووە هەموو هەوڵەکان گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم وڵاتە کۆنترۆڵ بکرێت و ژمارەی ئەو تەختانەی لە نەخۆشخانەکان بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخان کراوە نیوەیان پڕن و ئەوەش بەو واتایە دێت هێشتا دۆخەکە زۆر مەترسیدار نییە بەڵام ژمارەی نەخۆشەکان خەریکە بە خێرایی زیاد دەکات و ئەو مەترسییەی هێناوەتە کایەوە دۆخەکە زۆر خراپتر ببێت.
دوو خاڵ کە ئەو نوێنەرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بە مەترسیداری دەزانێت بریتین لە یەکەمیان رێورەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن کە دەکرێ نەخۆشییەکە بە هۆیەوە زیاتر تەشە بکات و دووەمیش ئەگەری دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانە کە ئەویش کاریگەریی خراپی لەسەر رەوتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەبێت.
بە بۆچوونی ئەو نوێنەرە شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسەکە بەربڵاوە بەڵام لە قۆناغی چوارەم ئیتر هیچ کەسێک لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە پارێزراو نییە و هەر بۆیەش دەبێت حکوومەت کۆمەڵێک بڕیار دەربکات و هەنگاوی جیددی بنێت بۆ دووبارە راگەیاندنی کەرەنتینە و راگرتنی دەوام.
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق گەیشتووەتە 375هەزار و 931کەس ولەو ژمارەیەش نۆ هەزار و 347 کەس گیانیان لەدەست داوە و 303هەزار و 665 کەسیش چاک بوونەتەوە.
تەنیا لە رۆژی هەینی رابردوودا چوار هەزار و 785کەس لە عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە تووشی کۆرۆنا بوون و لەو رۆژەدا 67کەس گیانیان لەدست دا لە 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ زۆرترین حاڵەتی مردن لە رۆژێکدا لە عێراق تۆمار کرا کە ژمارەکە 122 کەس بوو. لە ژمارەی تووشبوونی کۆرۆناش لە رۆژێکدا ئێستا عێراق لە خراپترین دۆخیدایە و بۆیەش پێشبینی دەکرێ ژمارەی قوربانیان زیاتر بەرز ببێتەوە.
ئەو ژمارانەی لەسەرەوە راگەیەنراوە هی هەرێمی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت هەر چەندە دۆخەکە لە هەرێمی کوردستانیش باش نییە و ژمارەکە لە بەرزبوونەوەدایە و رۆژانە 20 تا 30 کەس بە کۆرۆنا دەمرن. ماوەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان تەنانەت نەخۆشخانەکان پڕ ببوون و دواتر دۆخەدکە تۆزێک باشتر بوویەوە هەرچەندە نەخۆشییەکە بەربڵاوە و زۆرێک لە نەخۆشەکان لە ماڵەوە چاودێری دەکرێن.
بەپێی ئاماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان 49هەزار و 134 کەس لە کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون کە لەو ژمارەیە هەزار و 791کەس گیانیان لەدەست داوە و 31هەزار و 158 کەسیش چاک بوونەتەوە.
بە پێی ئامارەکانی جیهان ژمارەکە گەیشتووەتە نزیکەی 35 ملیۆن کەس و لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و 34 هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی 26 ملیۆن کەسیش چاک بوونەتەوە. ئەمەریکا بە حەوت ملیۆن و نیو لە ریزبەندی یەکەم دێت دواتر هیندستان بە شەش ملیۆن و نیو لە ریزبەندی دووەم و بەڕازیل بە نزیکەی پێنج ملیۆن لە ریزبەندی سێیەم هەڵکەوتوون. لە ئەمەریکا 213 هەزار وکەس و لە هیندستان سەرووی 100 هەزار کەس و لە بەرازیلیش سەرووی 145 کەس بە ڤایرۆسەکە مردوون.

© 2017 Hawler