تشرینی یەکەم 20, 2020

به‌دواداچوون بۆ سیسته‌مه‌ نوێكه‌ی چاره‌سه‌ركردنی خۆڵ و خاشاكی هه‌ولێر و ده‌روبه‌ری ده‌كرێت

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ سیسته‌مێكی نوێ، بابه‌تی خۆڵ و خاشاكی شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری چاره‌سه‌ر ده‌كات، كه‌ رۆژانه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار تۆن زبڵ و پاشماوه‌ له‌ سنووره‌كه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌ و پاره‌یه‌كی زۆریش له‌سه‌ر حكوومه‌ت ده‌كه‌وێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار زبڵخانه‌ی كانی قڕژاڵه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه و ئامانج له‌و سه‌ردانه‌‌ بۆ ئاشنابوونی زیاتره‌ به‌ سیسته‌مه‌ نوێكه و‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی كاروباره‌كانی به‌گه‌ڕخستنی سیسته‌مه‌كه‌، ئه‌ویش له‌ رێی لێدانی بیری تایبه‌ت به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی بۆن و ژێرخاكخستنی خۆڵ و خاشاكی هه‌ولێر و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك چیتر زبڵ و پاشماوه‌كان ناسووتێندرێت و ‌ دووباره‌ سوود له‌ هه‌ندێ جۆری پاشماوه‌كانیش وه‌رده‌گیرێت‌.
 ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ یاوه‌ری هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌پارێزی هه‌ولێر و سه‌رپه‌رشتیاری زبڵخانه‌ی كانی قڕژاڵه‌، به‌مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی كاروباره‌كانی سیسته‌می نوێی چاره‌سه‌ركردنی خۆڵ و خاشاكی شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری (كانی قرژاڵه‌)، سه‌ردانی زڵخانه‌ی كانی قڕژاڵه‌ی كرد، زبڵخانه‌كه‌‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی پاشماوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی تێدا چاره‌سه‌ر ده‌كریت. 
له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كه‌ی‌ ساسان وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ زبڵخانه‌ی كانی قڕژاڵه‌ به‌وردی تاوتوێی سیسته‌مه‌كه‌ و بابه‌تی ژینگه‌پارێزی سنووره‌كه‌ كرا تاوه‌كو له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كێشه‌ی خۆڵ و خاشاك  و بۆنی ناخۆش و سووتاندنی پاشماوه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت كه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژینگه‌ و ته‌ندروستیی هاووڵاتییانه‌وه‌ ده‌بێت. ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جه‌ختی له‌سه‌ر خێرایی پرۆسه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی گرفتی خۆڵ و خاشاك له‌ رێی ئه‌و سیسته‌مه‌وه‌ كرده‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك وه‌زاره‌ت هه‌موو كارئاسانییه‌ك ده‌كات بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ و پرسی ژینگه‌سازیی به‌ گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌م به‌دواداچوونه‌ دوای زنجیره‌ به‌دواداچوونه‌كانی تری وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار دێت له‌باره‌ی سێكته‌ری ژینگه‌پارێزی و چاره‌سه‌ركردنی خۆڵ و خاشاك له هه‌رێمی كوردستان، به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌و سێكته‌ره‌ به‌لای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه‌ زۆر گرنگه‌ و وه‌ك له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تیشدا به‌بایه‌خه‌وه‌ ئاماژه‌ی پێكراوه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ جیدی كار ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی خۆڵ و خاشاك له‌ هه‌رێمی كوردستان و بایه‌خدانی زیاتر به‌ كارگه‌ی ریسایكلین له‌پێناو پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان و ته‌ندروستی هاووڵاتییان.  

© 2017 Hawler