تشرینی یەکەم 20, 2020

جووڵەی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران بەردەوامە

بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران بەردەوامە و رۆژانە 400 بارهەڵگر كەلوپەل دەگوازنەوە، ئەوەش ‏دەرفەتی كاری لە هەردوولادا زیاتر كردووە، هەروەها باس لەوە دەكرێت كە جووڵەی گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەست پێ دەكاتەوە.

بۆ بازرگانیكردن هەرێمی كوردستان ژمارەیەك خاڵی سنووری ‌و دەروازەی ‏هاوبەشی فەرمی لەگەڵ ئێران هەیە ئەوانیش بریتین لە دەروازەكانی ‏پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئۆمەران كە دەروازەی فەرمی نێودەوڵەتین. ‏هەریەك لە دەروازەكانی كێلێ‌، سەیرانبەن، تەوێڵە ‌و سەرتەكیش كە ‏بە(پشتە) ناسراوە، دەروازەی نیمچە فەرمین.‏
سیروان حوسێن، بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بۆ "هەولێر" دەڵێ:"جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران بەردەوامە و رۆژانە نزیكەی 400 بارهەڵگر داخیلی هەرێمی كوردستان دەبن".
بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، دەشڵێ:" ئەو كەلوپەلانەی دێن بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر كەلوپەلی بیناسازیینە، لەگەڵ خواردەمەنی و سوتەمەنی، هەر كەلوپەلێك رێگە پێدراو بێت هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، جەختی لەوەشكردەوە:" هەر ئاسانكارییەك پێویست بێت بۆ بازرگانان و بارهەڵگرەكان دەكرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە كەلوپەلەكانیان بگوازنەوە".
سیروان حوسێن، بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، گوتیشی:" باس لەوە دەكرێت كە جووڵەی گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەست پێ دەكاتەوە، بەڵام تا ئێستا بە شێوەیەكی فەرمی هیچ شتێك بۆ ئێمە نەهاتووە، هەر چەندە ئێستا هەر كەسێك بیەوێت بچێتە ئێران، یان لەو وڵاتە بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان دەتوانێت، بەڵام بە مەرجێك دەبێت رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت".

© 2017 Hawler