نیسان 24, 2018

فراكسیۆنی پارتی داوای پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی دەكات

ئەمڕۆ لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم لەسەر پرۆژەی چاكسازی كۆدەبنەوە، فراكسیۆنی پارتییش لە پەرلەمانی كوردستان، داوا دەكات پێویستە لە نزیكترین كاتدا پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسەند بكرێت.

لە دوا كۆبوونەوەدا، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فڕاكسیۆنەكان، گەیشتنە ئەو بڕیارەی كە لەگەڵ حكوومەتدا كۆببنەوە، كە بڕیار ئەمڕۆ دووشەممە حكوومەت و سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لەگەڵ هەر دوو لیژنەی یاسای و دارایی لەسەر پڕۆژەی چاكسازی كۆببنەوە.
لە 28/2/2018 پەرلەمانی كوردستان، یاسای چاكسازی و خانەنشینی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرد، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆكەكەی، نیگەرانی و ناڕەزایی لێكەوتەوەو چەند لایەنێكی سیاسیش ئەو بابەتەیان وەك كاڵا بۆ ریكلام و بانگەشەی سیاسی بەكاردەهێنا، لە رۆژی 4/3/2018 پاش ئەوەی ژمارەیەك فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی كوردستان، یاداشتێكیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرد، دواتر هەر یەكە لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بەهۆی ئەوەی سەرنج و نیگەرانی لەسەر چەند بڕگە و ماددەیەكی یاساكە هەیە، بۆیە بڕیارمانداوە یاساكە رەتكەینەوە و، جارێكی دیكە لەناو هۆڵی پەرلەمانی كوردستان پێداچوونەوەی بۆ بكەین.
پڕۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە، خانەنشینی و دەرماڵەكاندا، لە 24 ماددە پێك هاتووە، كە بە پەسندكردنی مانگانە نزیكەی 150 ملیار دینار بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، بە دووبارە پەسندكردنیشی لە پەرلەمان حكوومەت رایگەیاندووە، پاشەكەوتی مووچە نامێنێت.
مەدینە ئەیوب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "هەولێر" ڕوونیكردەوە، ئەو كۆبوونەوەی ئەمڕۆ كە لە نێوان حكوومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت، بۆ ئەوەیە كە زیاتر بەرچاوی هەموو لایەنەكان و فراكسیۆنەكان روون بێت، كە چەندین وەزیری پەیوەندیدار بە بابەتەكەوە ئامادەی كۆبوونەوە دەبن، لە كۆبوونەوەكەدا باسی دەرماڵە دەكرێت، كە چۆن و بە چ شێوەیەك دەدرێت، بەرچاوی خەڵكیش روون دەبێت، حكوومەتیش لەسەر خەت دەبێت بۆ جێبەجێ كردنی پرۆژەكە.
دەشڵێ، وەكو فراكسیۆنی پارتی داوادەكەین لە نزیكترین كاتدا پڕۆژەیاسای چاكسازی لە پەرلەمان پەسەندبكرێت، هەموو هەوڵێكیش بۆ ئەو مەبەستە دەدەین، چونكە ئەو پرۆژەیە رێژەیەكی باش لە داهات بۆ حكوومەت دەگەڕێنێتەوە، هەروەها مووچەخۆری بندیوار و دوو مووچە نامێنن، چاكسازییەكی زۆر باش دەكرێت، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین ئەمڕۆ نا بەیانی پەرلەمان كۆببێتەوە و پرۆژەكە پەسەند بكرێت و بكەوێتە واری جێبەجێ كردنەوە".

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.