ئەیلول 19, 2018

په‌یام و به‌رنامه‌ی پارتی دیموكـــــراتـی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنــــه‌رانی عێراق2018

پەیامی پارتی دیموکراتی کوردستان
بۆ هه‌ڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

پەیامی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ھەمیشە پەیامی دیموکرسی و خەباتە لە پێناو وەدیھێنانی ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان، پەیامێک ڕۆچوو بەنێو ئەزموونە مێژووییەکاندا.

جارێکیتریش، بە دەنگی بڵند و بە گیانی دیموکراسییەوە، ڕوو لە ھەموو لایەک دەکەین و دەڵێین: بەشداریکردنتان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشداریکردنە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی، بۆیە، کە بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەچین، ئەو ڕاستییە مێژووییەتان لە بیر بێت، کە پارتی دیموکراتی کوردستان خۆڕاگرانه‌ و شێلگیرانه‌ خاوەنی دۆزە گەورەکەیە، دۆزی گەلێک، کە بەردەوام لە کۆڕی ڕاستەقینەی خەبات دایە لە پێناو چه‌ندین چەمکی ڕۆشنیی سەردەمیانە، کە خۆیان لە: ئازادی، پێکەوەژیانی دیموکراسی و کوردستانێکی گەشتر بەرجەستە دەکات.
پێکەوە بەرەو پرۆسەی دەنگدان دەڕۆین، پرۆسەیەک، کە گیانی شەھیدەکان ئاسوودە و خەباتی گەلەکەمان بەرھەمدار دەکات، بەڵێ پێکەوە و بە دروشمی (ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ كوردستان) و بە بڕوایەکی پتەو و ئامانجبینەوە، دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ژماره‌ (184) و کاندیدەکانی دەدەین.

به‌رنامه‌ی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان
بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق 2018
پارتی دیموکراتی کوردستان کاردەکات بۆ پاراستنی مافی کورد و کوردستانیان. ئێمە باوەڕمان وایە ئه‌و مافانه‌ به‌ دڵنیابوونەوە لە مافی هەموو عێراقییەکان دەپارێزرێت. عێراق ئەوکاتە سەرکەوتوو دەبێت کە حکوومەتی فیدراڵی رێز لە ده‌ستوور و فیدراڵیزم و دەسەڵاتی یاسا و فرەڕەنگی هەموو پێكهاته‌كان‌ بگرێت کە لە عێراقدا دەژین.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە مافی خه‌ڵكی کوردستانی لە پێش هەموو شتێکەوە داناوە، خه‌بات ده‌كه‌ین پێگەی کورد و كوردستان لە عێراق و دەرەوە به‌هێز بێت. هه‌روه‌ها لەگەڵ پارتەکانی دیکەی عێراقدا کاردەکەین کە هەمان تێڕوانینیان لەسەر عێراقی فیدراڵ هەیە و باوەڕیان بە پێكه‌وه‌ژیان و فرە رەنگییە.
پارتی، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ تێكۆشان و دیالۆگی جدی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له‌ مافی چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان به‌ شێوازی ئاشتیانه‌ و بۆ به‌دیهێنانی پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری و مسۆگه‌ركردنی ئه‌و مافه‌ ره‌وایه‌ بۆ گه‌لی كوردستان.
پەیمان دەدەین بۆبه‌دیهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە كه‌ لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا له‌ ئەولەویەتی به‌رنامه‌ی کاری ئێمەدا ده‌بن.
1. پاراستنی ماف و ئازادییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان و قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمێكی یه‌كگرتووی به‌هێز.
2. وێڕای قه‌درزانین و پێزانینی پارتی بۆ خۆڕاگری و ته‌حه‌مولی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و مووچه‌خۆران به‌تایبه‌تی، پێداگیری و هه‌وڵه‌كان چڕده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌ داهاته‌كانی عێراق و كۆتاییهێنان به‌و غه‌دره‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ گه‌له‌كه‌مان ده‌كرێ له ‌بواره‌كانی بودجه‌ و مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كان.
3. پیاده‌كردنی ده‌ستوور به‌ ته‌واوی ماده‌ و بڕگه‌كانیه‌وه‌، كه‌ تاكه‌ زامنی به‌رده‌وامیی یه‌كگرتنی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی خاك و گه‌ل و سه‌روه‌ریی عێراقه‌ و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ق و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی كه‌ له‌سه‌ر پرنسیپه‌كانی شه‌راكه‌ت و هاوسه‌نگی و ته‌وافوق داڕێژراوه‌.
4. جێبه‌جێكردنی ده‌ستوبردی مادده‌ی سه‌دوچل (140) به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ و سه‌رژمێری و راپرسییه‌وه‌ و كۆتاییهێنان به‌ ره‌وشی ناجۆری كه‌ركووك و كۆی شار و شارۆچكه‌كانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم. هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ته‌واوی زیانلێكه‌وتوانی رووداو و شاڵاوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017.
5. پاراستنی سیستمی كۆماریی ئیتیحادیی دیموكراتیی فره‌یی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نیی موئه‌سسه‌ساتی به‌رمه‌بنای شه‌راكه‌ت و هاووڵاتیبوونی یه‌كسان.
6. عێڕاق وڵاتی فره‌نه‌ته‌وه‌ و ئاین و ئاینزای جیاوازه‌، ده‌بێ‌ رێز له‌ جیاوازییه‌كان بگیرێت و ئازادییان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت و ئه‌و جیاوازییانه‌ ببنه‌ خاڵی به‌هێزی وڵاته‌كه‌ و، ئیرهاب و گوشاری كه ‌به ‌مه‌به‌ست دروستده‌كرێت به ‌ئامانجی كۆچپێكردن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا، كۆتایی پێ بێت.
7. دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی ئیتیحادی و ده‌رچوواندنی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ ده‌ستووردا بنه‌مایان داڕێژراوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتووان.
8. پاراستنی ئه‌و سه‌قامگیری و ئاسایشه‌ دابینكراوه‌ی ساڵانێكه‌ به‌ هیمه‌تی رۆڵه‌كانی داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانی كوردستان هاتۆته‌ كایه‌وه‌.
9. بۆ ئاشته‌واییه‌كی نیشتمانیی سه‌رتاسه‌ریی و پێكه‌وه‌ژیانی راسته‌قینه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كۆی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی شه‌ڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان، هه‌روه‌ها هه‌وڵی فراوان بۆ هاوكاریكردنی قوربانیانی جینۆساید و سزادانی تاوانبارانی جه‌نگ.
10. بێلایه‌نی سوپای عێڕاق و هه‌یكه‌له‌ و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌گوێره‌ی مادده‌ و بڕگه‌كانی ده‌ستووربێت، هه‌روه‌ها رێگریكردن له‌ میلیتاریزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌.

11. هاوكاری دادپه‌روه‌رانه‌ و دانپێدانان به‌ پێشمه‌رگه‌ و دابینكردنی ماف و پێداویستیه‌كانی له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، كه‌ به‌ ئازایه‌تی و خۆڕاگری و پێشكه‌شكردنی هه‌زاران شه‌هید و بریندار، كوردستان و عێراق و جیهانیشیان له‌ تیرۆریستان پاراست.
12. بۆ چاكسازی ئابووری و دارایی بنه‌ڕه‌تی كه‌ عێراق له‌ داڕووخانی ئابووری قورتار بكات.
13. بۆ ریفۆرمێكی سیاسی و ئیداری گشتگیر كه‌ رێز و سه‌روه‌ریی بۆ دامه‌زراوه‌ نیشتمانییه‌كان و سه‌ربه‌خۆیی بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌سته‌به‌ر بكات.
14. داكۆكیكردن له‌ مافه‌ سیاسی و ئیداری و كولتوورییه‌كانی توركمان و كلدان سریان ئاشووری و ئه‌رمه‌ن و مافی كوردانی ئێزدی و فه‌یلی.
بۆ كۆی ئه‌و ئامانجانه‌ و ده‌سته‌به‌ركردنی ته‌واوی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و هه‌ڵگرتنی سزا و هه‌ڕه‌شه‌كانی ‌سه‌ر كوردستان، هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌موو هه‌ل و مه‌رجێكدا به‌ میكانیزم و رێگه‌یه‌كی خه‌باتی مه‌ده‌نی و دیموكراتییانه‌ ده‌زانین‌ بۆ داكۆكی له‌ مافه‌كانی كورد و كوردستانیان.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.