تەمموز 23, 2018

وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف: هەر کەس و لایەنێک مزگەوت بۆ بانگەشە بەکار بێنێ سزا دەدرێ

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، هه‌ر لایه‌ن و كاندیدێك مزگه‌وت بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژارده‌كان به‌كار بێنێت سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ن و لێی قبووڵ ناكه‌ن.

دوێنێ، به‌ فه‌رمی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كردووه‌ و لایه‌نه‌كانی ‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ر لیستێك بۆ خۆی بانگه‌شه‌ی ده‌ست پێ كردووه‌، كه‌ بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له ‌12ی مانگی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نه‌به‌ز ئیسماعیل، ڕایگه‌یاند: هه‌ر لایه‌ن و كاندیدێك بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان مزگه‌وت، یاخود دیواری مزگه‌وته‌كان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كار بێنێت و لافیته‌ و وێنه‌ی لێ هه‌ڵواسێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداریان بكه‌ینه‌وه‌ له‌ كۆمسیۆن سكاڵای یاسایی له‌ سه‌ریان تۆمار ده‌كه‌ین، چونكه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ ناده‌ین مزگه‌وته‌كان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كار بهێندرێن.
نه‌به‌ز ئیسماعیل گوتی: جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ر ماموستایه‌كی ئایینی له‌ وتاره‌كانیاندا مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كار بینێت لیپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و لێی قبووڵ ناكرێت، چونكه‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌و پرسه‌ له ‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هه‌یه‌ و ئه‌وان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.
ئیسماعیل ڕوونیشی كرده‌وه‌: بڕیاره‌ سبه‌ی ڕێنمایی تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنەکان ده‌ر بكه‌ین و دواتریش نووسراوێك ئاراسته‌ی كۆمسیۆن ده‌كەین له‌سه‌ر ڕێنماییه‌كان و نووسراوێكیش ئاراسته‌ی ئه‌وقافه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین كه‌ ژماره‌یان 20 به‌رێوەبه‌رایه‌تییه‌.
لە KDP.infoەوە

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.