ئەیلول 25, 2020

عەرەبی هاوردە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەكانی كورد دەدەن

20 هەزار خێزانی عەرەب هاوردەی كەركووك كراون

تا ئێستا هەوڵەكان بۆ تەعریبكردنی خاكی كوردستان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەردەوامن، 17 ساڵە كورد چاوەڕێ دەكات كێشەی ئەو ناوچانە بەپێی ماددەی 140ـی دەستوور چارەسەر بكرێت، لە بەرامبەردا هیچ دەسپێشخەریەك لە لایەنی عێراق بەدی نەكراوە و لە ماوەی سێ ساڵدا 20 هەزار خێزانی عەرەب هاوردەی كەركووك كراون.

عەرەبە هاوردەكان دەیانەوێت بە گرێبەستێكی سەردەمی رژێمی پێشوو زەوی و زاری جووتیارانی كورد داگیر بكەن، جووتیاران لەگەڵ رەتكردنەوەی تەعریب داوا لە بەرپرسانی هەرێم دەكەن لە گێچەڵی عەرەبە هاوردەكان رزگاریان بكەن.
بە فەرمانی راكان جبوری، پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی كەركووك، عەرەبی هاوردە لە هوزی "ئەلزوبید" هێرشیان كردە سەر گوندەكانی حەفتەغار و گوڵی تەپوو و سەنگور و تەپە سەوز لە سنوری شارۆچكەی داقوق لە باشووری كەركووك و شارۆچكەی دووز خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین".
مەبەستی هێرشەكەش ئەوەبوو كە بە نیازبوون گوندەكان داگیر بكەن، بەڵام لە لایەن دانیشتووانی گوندەكانەوە وەڵام درانەوە و ئاڵوزی لە نێوان دانشتووانی گوندەكان و عەرەبە هاوردەكان دروستبوو. عەرەبە هاوردەكان، لە كاتی رژێمی بەعس زەوی و موڵكی كوردیان لە كەركووك و دەوروبەری داگیركردبوو و هەروەها بۆ چەندین ساڵ مافی كورد و جووتیارانی كوردیان خواردووە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و پرۆسەی ئازادی عێراق بەپێ مادەی ١٤٠ قەربوو كرانەوە و گەرانەوە بۆ ناوەراست و باشووری عێراق.
دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر و نەمانی هێزی پیشمەرگە لە ناوچەكە دووبارە گەرانەوە بۆ داگیر كردنی زەوەی و زاریی كورد و بەتایبەت لە رۆژئاوای كەركووك لە شارەدیی سەرگەران و گوندی پەڵكانە و گوندەكانی شارۆچەكەی دووبز و هاوكات لە شارۆچكەی داقوق و گوندەكانی حەفتەغار بەهۆی دووبارە تەعریب كردنەوە بەشێك لە خەڵكی گوندەكان لە دەوروبەری كەركووك گوندەكانیان چۆڵ دەكەن لە ترسی هەرەشەی كوشتنی عەرەبی هاوردە، چونكە ئەو هێزانەی كە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر لە كەركووك پاڵپشتی عەرەبی هاوردە دەكەن بەهێز هەڕەشە لە ماڵە كوردەكان دەكەن.
هاوكات لە ناو شاری كەركووكیش تەعریب بە فەرمانی راكان جبوری بەرفراوانە و زیاتر لە ٢٠ هەزار خێزانی عەرەبی هاوردە لە ماوەی ئەم سێ ساڵە داگیركردنی كەركووك هاتوونەتە ناو كەركووك و حەوت گەرەكی نوێ لە ناو شاری كەركووك دروست كراوە و تەعریب كردن بەردەوامە تەنانەت لە سەرجەم فەرمانگەكانی كەركووك دەسەڵات بە عەرەب دراوە و راكان جبوری لە فەرمانگاكانی كەركووك پۆستەكان لە كورد وردەگرێتەوە بە خزمە نزیكەكانی دەدات لە هۆزی ئەلجبور.
جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان دەڵێ :" بەپێی ماددەی 140ـی دەستوور دەبێت عەرەبی هاوردە كە بەزۆر هاتبوون، ئەو ناوچانە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە پارێزگاكانی خۆیان، زۆربەیان پێشتر قەرەبووكرابوونەوە بەڵام دەیانەوێت دووبارە ئەو ناوچانە داگیربكەن كە كورد چۆڵیان كردووە، هەروەها دەبێت كوردە ئاوارەكانیش بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، پاشان سەرژمێری بكرێت و دوای ئەوانەش راپرسی، ئەو راپرسییە بووەتە كێشە و، بەغدا نایەوێت بگاتە ئەو قۆناغەی راپرسی بكرێت و هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرێت".
ئەشواق جاف، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ "هەولێر" دیاركرد:" هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك دەست لە ناوچە كوردستانییەكان بەرنادات، بەردەوام لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی كردووە لەسەر بارودۆخی ئەو ناوچانە، كورد لە بەغدا دەبێت بە یەكدەنگ و یەكڕیز بەرگری لەو ناوچانە بكات، چونكە رۆژانە ئەو ناوچانە تەعریب دەكرێن و كوردی لێ دەردەكرێت و عەرەبی هاوردە دێتە ناوچەكە.
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران دەشڵێ:" باشترین چارەسەر بۆ ناوچە كوردستانییەكان ئەوەیە كە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، دەبێت هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، چونكە ئەوان شارەزایان لە جوگرافیای ئەو ناوچانە هەیە، هەروەها لە رابردوو بە جوانیان پاراست، نەبوونیان لەو شوێنانە نایاساییە، چونكە ئەو ناوچانە تا ئێستا پەیوەستن بە ماددەی 140، مادەم وایە دەبێت بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن، تا چارەنووسی ئەو ناوچانە یەكلا دەكرێتەوە".

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

© 2017 Hawler