کانونی یەکەم 06, 2019

سەرپێچییەکانی هاتوچۆ لەگەڵ نەرمی نواندنی پۆلیسی هاتوچۆ زیاد دەکەن

لە هەرێمی کوردستان سەرپێچییەکانی هاتوچۆ بە گوێرەی رۆڵ و چاودێری پۆلیسی هاتوچۆ لە هەڵبەز و دابەزدایە، لەوکاتانەی پۆلیسی هاتوچۆ چالاکییەکانی زیاتر دەکات و لە شەقام و رێگا سەرەکییەکان مەفرەزە دادەنێت ئەوا دوای ماوەیەک سەرپێچییەکانیش کەم دەبنەوە و کاتێکیش حکوومەت دەستی خۆی شل دەکات ئەوا شوفێرانیش ئەم هەلە دەقۆزنەوە و روو لە سەرپێچی دەکەن.

یەکێک لە باوترین ئەو سەرپێچییانەی شوفێران دەیکەن بریتییە لە دەستکاریکردنی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل یان بە فێڵی جیاواز پیسکردنییەتی بۆ ئەوەی لە کامێرای چاودێری پاریزراو بێت و هەندێک کەسیش تەنانەت تابلۆکانیان لێ دەکەنەوە و بۆ مەبەستی جیاواز بە شەقامەکاندا دەڕۆن. یان جامیان رەش دەکەن و بە شێوەی سەیر ئۆتۆمبێلیان دەرازێننەوە، ئەمەش لەوانەیە کیشەی ئەمنیش بهێنێتە کایەوە.
فازل حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بۆ هەولێر باسی لەوە کرد کە نێوە نێوە ئەوان لە شوێنی جیاواز مەفرەزە دادەنێن و هەموو ئەو شوفێرانە سزا دەدەن کە جامی ئۆتۆمبێلەکانیان رەش دەکەن یان ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێکەکانیان دستکاری دەکەن. بە بۆچوونی ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئەم جۆرە سەرپێچییانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و هیواشی خواست لایەنە پێوەندیدارەکانی تر لەو بوارەدا هاوکاری پۆلیس بکەن و رێگە نەدەن ئۆتۆمبێلێک کە بە ئاشکرا سەرپێچی کردووە بە شەقامەکاندا بجووڵێتەوە یان لە سەیتەرەکان بپەڕێتەوە.
پرسێکی تر کە لای هەندێک لە شوفێران کێشەیەکی باوە ئەوەیە لە هەندێک لە شەقامەکانی شار رێگاکانی سووڕانەوە داخراون و شوفێران ناچارن رێگەیەکی زۆر دوورتر ببڕن بۆ ئەوەی بۆ سایدی تر بسوورێنەوە. یەکێک لەو سووڕانەوانە کە شوفێرانی تەکسی قوتابخانەی شەهید فاخر مێرگەسۆری بیزار کردووە ئەوەیە، کاتێک تەکسییەکان یان ئۆتۆمبێلەکان دەیانەوێت قوتابییەکان بگەیەننە قوتابخانەکە ئەوا بە ناچاری دوای دوو کیلۆمەتر مەودا لە پشت پردی عەلوەی هەولێر بە ئاراستەی هەولێر مووسڵ دەسووڕێنەوە، لە کاتێکدا قوتابخانەکە لە نزیک شەقامی 120 مەتری هەڵکەوتووە و ئەمەش لە بەیانیاندا کاتیان لێ بە فیڕۆ دەدات.
لە قوتابخانەکانی تر و دامەزراوەی تریش لە شاری هەولێر هەمان کێشە دووبارە دەبێتەوە و شوفێران داوا دەکەن سووڕانەوەکان لە شوێنی گونجاو دابنرێن.
ئەو بەرپرسەی پۆلیسی هاتوچۆ گوتی مەبەستیان لە داخستنی هەندێک لە سووڕانەوەکان بۆ ئەوەیە قەرەباڵغی زۆرتر لە نێو شەقامەکان دروست نەبێت و پێشتر ئەم شێوازەیان تاقی کردووەتەوە و بینیویانە قەرەباڵغییەکی زۆر هاتووەتە کایەوە و هەر بۆیەش پێیان باش بووە، شوفێران رێگای درێژتر ببڕن بۆ ئەوەی قەرەبالغی کەم بکەنەوە.
لە هەولێر سەرەڕای ئەوەی کە شەقامەکانی فراوانن ساڵ بەساڵ ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیش زۆرتر دەبن و ئەمەش لە بەشێک لە شەقامەکان لە کاتی بەیانیان بەر لە دەستپێکردنی دەوام یان ئێواران قەرەباڵغی دروست دەبێت.

© 2017 Hawler