ئاب 05, 2020

دوای پەیوەندییەکی د. بەشیر حەداد بە وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵەوە کێشەی هاتنی ژمارەیەک عەرەبی هاوردە بۆ داقوق چارەسەرکرا

 

رۆژی یەک شەممە ٢٠٢٠/٨/٢، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ و سەعد حەربیيه فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکەوە کرد و داوای روونکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کیشەیەی کرد کە لەسنوری داقوق بەهۆی هاتنی ژمارەیەک هاوڵاتی عەرەب بۆ گوندەکای ئەو ناوچەیە دروست بووە.
دکتۆر بەشیر حەداد، بە وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکی راگەیاند کە بارودۆخی ناوچەکانی ماددەی سەدوچل ناجێگرە و نابێت لەم کاتەدا کارێک بکرێت بارودۆخەکە زیاتر تێک بچێت، بۆیە پێویستە ئەو هاوڵاتیانەی هاتوونەتە ناوچەکە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
لەلایەن خۆیانەوە عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆ و سەعد حەربییە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک ئاماژەیان بەوەدا ئەو رووداوە شتێکی نایاساییە و بەڵێنیان بە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا کە بە زوترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و ئەو هاوڵاتیە عەرەبانەی کە هاتوونەتە ناوچەکەش بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان .
هەر دوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ، ئەو هاوڵاتیە عەرەبانەی هاتبوونە ناوچەکە گەڕێنرانەوە شوێنەکانی خۆیان و ئەو کەسانەش کە دەستگیر کرابوون ئازادکران.
لە ھەمان کاتدا ھەریەک لە دکتۆر ناسر ھەرکی بڕیاردەری لێژنەی ئاسایش و بەرگری و دیلان غەفور پەرلەمانتاری کەرکووک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردووام لەسەر ھێڵ بوون و ھاوکاربواب بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
بەیانی ئەمڕۆ ٢٠٢٠/٨/٢ ژمارەیەک هاوڵاتی عەرەبی هاوردە، چوونە سنوری گوندەکانی دەورەبەری داقوق بە مەبەستی نیشتەجێ بوونیان لەو ناوچەیە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە لە دژی ئەو کارە دەستیان بەخۆپیشاندان کرد و رێگریان لێکردن کە لە گوندەکانیان جێگیر بکرێن .

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
٢٠٢٠/٨/٢

© 2017 Hawler