ئاب 05, 2020

ئامادەکاری دەکرێت بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی زیاتری تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی هەولێر

لە هەولێر ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا زۆر زیادبووە و ئێستا 1381 کەسیان لەژێر چارەسەردان، بۆیە وەزارەتی تەندروستی رێکاری نوێ دەگرێتەبەر لەپێناو وەرگرتنی زیاتری تووشبووان لە نەخۆشخانەکان.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ (شەممە، 1-8-2020) بڕی یەک ملیار دینار بۆ تەندروستی هەولێر تەرخانکرا. بودجەکە بەشێکە لە بودجەی فریاکەوتنی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، کە بۆ دەڤەر و پارێزگاکانی هەرێم تەرخانکراوە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند "(ئەمە) پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ بەردەوامبوون و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، بەتایبەتی لەبواری چارەسەری و زیادکردنی ژمارەی قەرەوێڵەکانی چاودێریی چڕی هەناسەدان، بەدڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی مردن و زیادبوونی رێژەی چاکبوونەوە دەبێت".

لە پارێزگای هەولێر، تاوەکو ئێستا 129 کەس کە دەکاتە رێژەی 2.8٪ـی تووشبووانی کۆرۆنا لەو پارێزگایە، گیانیان لەدەستداوە.

وەزیری تەندروستی هەروەها دەڵێ "دۆخە قورسەکە تەنیا ئەوە نییە 200 حاڵەت لە شاریک هەبن و 150 لە شوێنێکی دیکە، بەڵکو قورسییەکە ئەوەیە؛ بەردەوام داخڵبوون زیاترە لە چاکبوونەوە و دەرچوون لە نەخۆشخانە، ئەمەش ترسناکییەکەیە کە (بەهۆیەوە) قەبارەی نەخۆشخانەکان و سیستەمی تەندروستی پێویستی بە بەردەوام نوێکردنەوە هەیە".

کۆی تووشبووانی تۆمارکراوی کۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر چوار هەزار و 530 کەسە، کە ئێستا 1381 کەسیان ڤایرۆسەکە لە جەستەیان چالاکە، لەو ژمارەیەش 202 کەسیان دوێنێ تۆمارکراون.

وەزیری تەندروستی لە لێدوانەکەی شەوی رابردوویدا بۆ کوردستان24 هەروەها گوتی "لە بەیانییەوە ئێمە چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ کەرتی تایبەت لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، لەگەڵ بەشی تاقیگە و تاقیگەی تەندروستیی گشتی کردووە بۆ چۆنییەتی ئەنجامدانی پشکنینەکان بۆ هەموو چین و توێژەکان، هەروەها لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان و، بڕیارمان لەبارەی چەند نەخۆشخانەیەک و رێکارێک داوە کە لە بەیانییەوە و لە رۆژانی داهاتووەوە، ژمارەی قەرەوێڵەکان زیاتر دەبن".

لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە ژمارەی رۆژانەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر بەرەبەرە لە هەڵکشانە، وەزیری تەندروستیش دەڵێ "گشتاندنمان بۆ کەرتی تایبەت کردووە و بڕیارمان داوە نەخۆشخانە تایبەتەکانی کەرتی تایبەتیش پاڵپشت و هاوکار بن، بەتایبەتی لە بواری چاودێریی چڕ و فراوانکردنی ئەنجامدانی پشکنینەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشانە".

© 2017 Hawler