ئاب 12, 2020

گوتەبێژی هاوپەیمان باسی دایكە عائیشە دەكات

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایدەگەیەنێت، دایكە عائیشە یەكێك بوو لەو ئافرەتە دڵسۆزانەی لە یەك كاتدا سێ كوڕی لە شەڕی دژی داعش شەھیدبوون.

كولۆنێل مایلز کەینگز، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند: "بوونی ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عێراق و مانەوەیان، لەسەر داواكاری حكومەتی عێراقە، ئامانجی سەرەكی ئێمە لەناوبردنی چەكدار و شانە نوستووەكانی داعشە".

گوتەبێژی هاوپەیمان گوتی: "خەڵك زۆر ھەیە لە كوردستان ژمارەیەك ئازیزیان لە شەڕی دژی داعش لەدەستداوە، یەكێك لەو ئافرەتە دڵسۆزانە دایكە عائیشەیە، كە سێ كوڕی لە شەڕی دژی داعش لەدەستدا و لە یەك كاتدا شەھیدبوون، زۆر ئافرەتی دیكەی وەك دایكە عائیشە لە كوردستان ھەن كە رۆڵەكانیان لە شەڕی دژی داعش لەدەستداوە".

گوتیشی: "با شەھید و قوربانیانی شەڕی داعشمان لەبیرنەچێت، زیاتر لە چوار ھەزار پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش شەھیدبوون، ئەمەش بۆ بەرگریكردن لەو نیشتمانە".

دایكە عائیشە، كە بە دایكی شەھیدان ناسرابوو، دانیشتووی قەزای سۆران بوو، لە شەڕی دژی داعش سێ كوڕی لە یەك كاتدا شەھیدبوون. رۆژی 27/7/2020 گیانی لەدەستدا.

كولۆنێل مایلز، باسی لەوەشكرد: "گۆڕانكاری بەسەر ئەركی ھاوپەیمانان ھاتووە لە عێراق، چەند سەربازگەیەكمان رادەستی ھێزەكانی عێراق كردووەتەوە. ئێستا راوێژكارەكانمان بە گشتی لەناوەندی بەغدا كارەكانیان جێبەجێ دەكەن، بەھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەكانی عێراق بەردەوامن لە ئەركەكەیان".

© 2017 Hawler