کانونی یەکەم 03, 2020

عێراق رێگرە لە نوێکردنەوەی چەکی دەستی پێشمەرگە

نووسینی: پۆڵ ئیدۆن

سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان سیستەم و پەرلەمان و حکومەت و هێزی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام ناتوانێ چەکی پێشکەوتوو بکڕێت و هاوردەی بکات ئەوەش لە بەرئەوەیە دەوڵەتی سەربەخۆیان نییە، بەغداش لەمێژە چەکی پێشکەوتوو و نوێی نەداوەتە هەرێمی کوردستان و ئەو چەکەی لەدەستی پێشمەرگە بەراورد بە ناوچە و وڵاتانی دیکە کۆنن .
هەرێمی کوردستان لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق دەستکەوتی باشی بەدەستهێنا،هەرێمەکەیان بە فەرمی لە دەستووری عێراق جێگیر کرا، ئەو هەرێمە نەک تەنیا وەکو ناوچەیەکی ئارامی سەردەمێکی تاریکی عێراق لە نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١ مایەوە بەڵکو گەشەی زۆریشی کرد .
لەکاتی پرۆسەی ئازادی عێراق پێشمەرگە شان بەشانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی سوپای پێشووی عێراق شەڕی کرد، ئەوەش دەرفەتی خستە بەردەم کوردستان تاوەکو هەندێک چەکی قورس بەدەستبێنێت لەدوای رووخانی سوپای عێراق، بەوجۆرەش پێشمەرگە جیاواز لە رابردوو خاوەن تانک و تۆپ بوو، بەڵام ئەو چەکانەش کە بەشێکیان رووسی بوون بەوجۆرە پێشکەوتوو نەبوون، کاتێک پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی پێشووتری عێراق بە سەرۆکایەتی مالیکی تێکچوو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠، ئەوکات عێراق بڕیاری ئەوەی دەرکرد کە دەبێت ئەو چەکانە لەژێر دەسەڵاتی فیدراڵی بن، مالیکی سوپای عێراقی لەسەردەمی خۆی نوێکردەوە، ١٤٠ تانکی جۆری ئێم وەنی لە ئەمریکا کڕی لەگەڵ هەلیکۆپتەری جەنگی لە رووسیا،ئەوەش بووە قۆناغێکی نوێی سوپای عێراق دوای رووخانی سەدام،بەڵام لەولاوە چەکی دەستی پێشمەرگە نوێ نەبووەوە،ئەوکات کورد لە عێراق هەوڵیدا ئەمریکا رازی بکات کە فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ نەفرۆشێتە عێراق، ترس لەوەی مالیکی بەهۆیەوە هێرش بکات،شتێک کە ئەوکات لە حکومەتی عێراق چاوەڕوان دەکرا .
تانکی جۆری تی ٥٥ و تی ٦٢ شەڕی داعشیشیان کرد و بەدەستی پێشمەرگەوە بوون، لەوانە شەڕی دیاری کشاندنەوەی داعش لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە هاویینی ٢٠١٦، کە بووە سەرەتای بەهێزبوونەوەی داعش و شكستی داعش لە عێراق،بەڵام ئەو تانکانە لەگەڵ ئەو تەمەنە زۆرەی هەیانبوو و نەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتوو بوونە بەربەست بەتایبەت بۆ بەرگری بەرامبەر مووشەکی دژە تانک لەلایەن داعش، لەو ماوەیەدا ئەمریکا زریپۆشی بۆ پێشمەرگە نارد،لەوانە هەمڤی و جۆری دیکە بەڵام تانکی بۆ کورد نەنارد، ئەمریکا ئەوکات گوتی ئەوە پەیوەستە بە سیاسەتی عێراق و هەموو ئەو چەکانەیشی بۆ کور دەنێردرا لە رێگەی بەغداوە بوو کە لەراستیدا دەبوو راستەوخۆ بدرێتە پێشمەرگە،بەڵام بەشێکی ئەو زریپۆشانەی بەغدا ناردینی تەنانەت دەرکەوت هیچ دژە گوللە نییە ئەوەش مەترسی بوو بۆ پێشمەرگە، بەرپرسی سەربازی ئەمریکی زیاتر لەوەش دەڕوات و دەڵێت:" رۆیشتن بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەی جۆری MRAP بەو هەموو چەکی ناوییەوە خۆکوژییە و ئینتحارە." لەکاتێکدا ناردنی چەند هەمەرێک و ئەو ئۆتۆمبێلانە هاوکارێکی ئەوتۆ نەبوون لە شەڕی داعش، بەڵکو نوێکردنەوە و چاککردنەوەشیان لە توانای هێزەکانی هەرێمی کوردستان نییە .
پیتەر گاڵبرێس، دیپلۆماتکاری ئەمریکی پەنجەی تۆمەت ئاراستەی مالیکی و عەبادی درێژ دەکات کە رێگر بوون لە ناردنی تانکی جۆری ئەبرامزی ئەمریکی بۆ پێشمەرگە، لەکاتێکدا پێشمەرگە تاکە هێزی وەستێنەری داعش بوو لە ناوچەکەدا ."، ئەو تانکانە ئەگەر بۆ پێشمەرگە نێردرابان دەبوونە گرنگترین هەنگاوی نوێکردنەوەی چەکی دەستی پێشمەرگە وبێ گومان کاریگەری گەورەی دەبوو لەسەر بەرگری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان،بەڵام پێچەوانەی ئەوەی تانکەکان بۆ پێشمەرگە بنێردرێن، کورد خۆی لە پێگەیەکدا بی
نەوە کە بەو تانکانەوە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هێرشی بکرێتە سەر، دواتریش هەر بەوهۆیەوە کەرکووک لەلایەن هێزە عێراقیەکان دەستی بەسەر داگیرا،دوای شەڕ لە دەوروبەری کەرکووک و ناوچەکانی دیکە پێشمەرگە توانی سەرکەوتووانە یەکێک لەو تانکانە بشکێنێت بە دژە مووشەک تانکەکەی پەکخست کە لەدژی بەکارهێنرا، پاشان لە دیسێمبەری ٢٠١٧ کۆمپانیای دروستکردنی ئەو تانکانە هەموو جۆرە چاککردنەوە و نوێکردنەوەی تانکەکانی لە عێراق کشاندەوە و نەیکرد، لەکاتێکدا بەپێی گرێبەست دەبوو ئەوە بکات، بەڵام لە گرێبەستەکەدا ئەوەش هاتبوو مەرجی رادەستکردنی ئەو تانکانە ئەوەیە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق بن نەک حەشدی شەعبی،بۆیە بە خێرایی ژمارەیەکی زۆر لەو تانکانە لەکارکەوتن، دوای ئەوەش بەغدا دەستی کرد بە کڕینی تانکی جۆری تی ٩٠ـی رووسی .
لەجیاتی ناردنی چەک بۆیان، کورد خۆیان هەندێک ئۆتۆمبێلی سڤیلیان بۆ ئۆتۆمبێلی جەنگی گۆڕی، یەکێک لە میکانیکەکان لە دهۆک توانی ئۆتۆمبێل بکاتە گوللەنەبڕ و بەشێوەیەک دروستی کرد زۆر سەلامەت و پارێزگار بێت بۆ پێشمەرگە لە سەنگەرەکاندا، ئێستا ئەو چەکانەی لەلایەن پێشمەرگەوە پەرەی پێدراوە بۆ گواستنەوەی هێز لە کاتی جەنگدا،گواستنەوەی بریندار و رزگارکردنی خەڵکی سڤیل لە ناوچەکان بەکاردێت،بە دڵنیاییشەوە نابنە جێگرەوەی تانک.
ئەو راستیە هەر ماوە هێزە چەکدارەکانی هەرێـی کوردستان چەکی زۆر کۆن و سنوورداریان هەیە بۆ بەکارهێنان،ئەوەش بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان خاڵێکی مەترسییە و روونیش نیە بەمزووانە چەکی دەستی پێشمەرگە دەگۆڕێت یان نا .
سەرچاوە: گۆڤاری فۆربیس

 

دلۆڤان رەحیم - هه‌ولێر

© 2017 Hawler