کانونی یەکەم 03, 2020

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی لە وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق کرد

دوێنێ، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ خاتوو ئیڤان فائق جابرو وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ر‌انی عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كاریگه‌ریی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌تایبه‌تیش له‌ناو ئاواره‌ و په‌نابه‌راندا، كار و چالاكییه‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند پرسێكی دیكه‌یان تاوتوێ كرد.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی كاركردن بۆ مسۆگه‌ركردنی ئارامی و سه‌قامگیری و زه‌مینه‌خۆشكردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێد و شوێنه‌كانی خۆیان كرده‌وه‌ به‌تایبه‌تیش ئێزدی و مه‌سیحییه‌كان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان، هه‌روه‌ها كاركردن بۆ‌ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شوێنه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆر و قووڵكردنه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی له‌نێوان پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كاندا، له‌گه‌ڵ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان و ده‌رفه‌تی كار له‌و ناوچانه‌.

© 2017 Hawler