ئاب 05, 2020

کۆمپانیاکە مانگانە ٣ ملیۆن دۆلار وەکو قەرز لە حکوومەت وەردەگرێتەوە

کۆمپانیای گیلن کۆر لە پێناو هاوکاریی حکوومەت، بەڕێگای وەرگرتنەوەی قەرزەكانیدا دەچێتەوە

کۆمپانیای گلین کۆر کە کۆمپانیایەکی جیهانییە و وەکو بەریتانی -سویسری دەناسرێت بڕیاریدا پێداچوونەوە بە چۆنیەتی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی لەسەر حکومەت بکات،بڕی قەرزی کۆمپانیاکە لای حکومەت ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی نەوتدا،بەڵام بڕیاریداوە بڕی پارەی وەرگیراو لە حکومەت کەمبکاتەوە، ئەوەش لە پێناو هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان کە رووبەروی قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت و کۆرۆنا بووەتەوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ گلیۆنکۆر میکانیزمی چۆنیەتی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزەی لای هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت و دایدەڕێژێتەوە بڕی پارەی وەرگیراویش تاوەکو کۆتایی ساڵ ٣ ملیۆن دۆلار دەبێت ."
گرێبەستی پارەی پێشەکی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ حکومەت بەشێوەیەکە کۆمپانیایەک بڕە پارەیەکی دیاریکراو دەداتە لایەنی بەرامبەر بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوت وەری بگرێتەوە و لە سێکتەری وزە کار بکات، ئەو گرێبەستانە لە نێو بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باوە و لەمێژە پەیڕەو دەکرێت، هەرچەندە لە گرێبەستەکان حکومەت کاتێک دادەنێت بۆ دانەوەی قەرزەکان بەڵام کۆمپانیای گلین کۆر بڕیاریداوە وەرگرتنەوەی قەرزەکان دوابخات و بڕی قەرزی وەرگیراویش کەم بکاتەوە . دوای دابەزینی نرخی نەوت لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، داهاتی ناوخۆش لە سفر نزیک بووەوە، لەولاشەوە بەغدا نایاساییانە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، ئەوەش باری سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی قورسکرد، چەندین وڵاتی دیکەش تووشی هەمان کێشە بوون، بەوهۆیەشەوە هەوڵدرا حەقدەستی کۆمپانیاکان وەکو قەرز بمێنێتەوە، لە چاد و کۆنگۆ هەمان شت پەیڕەو دەکرێت، قەرزەکان لەگەڵ کارگۆی نەوت دەدرێنەوە ئەگەر نرخی نەوت داببەزێت، وڵاتان دەبێت بەرمیلی زیاتری نەوت بەرهەم بێنن تاوەکو بتوانن حەقدەستی کۆمپانیاکان بدەنەوە .

شێوازی نوێ
گلینکۆر گەورەترین کۆمپانیای جیهانە بۆ بازرگانی کاڵا، لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ ئەو قەرزەی داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی گرێبەستی هەردوولا دوای سێ ساڵ لە پێدانی قەرزەکە، دانەوەی لەلایەن حکومەت دەستپێدەکاتەوە، بەپێی ئەو شێوازە نوێیەی نێوان حکومەت و کۆمپانیاکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە سێ ملیۆن دۆلار دەداتەوە کۆمپانیاکە لە نێوان کانوونی یەکەم تاوەکو تشرینی دووەم، لە گرێبەستی هەردوولا بڕەکە بە ٢٠ پۆینت ٨ ملیۆن دۆلار دیاریکرابوو لە مانگێکدا بەڵام کۆمپانیاکە بڕیاری دا بڕی ئەو پارەیەی وەری دەگرێت بە رێککەوتنێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان دایبەزێنێت،بەو ئامانجەی لە کۆتایی ساڵدا هەموو دۆخی ئابووری کوردستان باش بێت بازاڕی وزەش ببووژێتەوە
کۆمپانیای گلینکۆر کۆمپانیایەکی سویسری - ئینگلیزییە و کۆنترۆڵی بازرگانی ماددە سەرەکییە پیشەسازییەکان و کانزاکانی لە جیهاندا بەدەستەوەیە و لە ریزی 10 کۆمپانیای بازرگانی گەورەی جیهاندایە، کۆمپانیاکە چەند ساڵێکە لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان چالاکە،بەپێی دوایین ریزبەندیی گۆڤاری فۆربێس لەسەر 10 گەورە کۆمپانیای بواری بازرگانی کانزا و ماددە سەرەکییە پیشەسازییەکان، کۆمپانیای ڤیتۆڵ دۆلار گەورەترین کۆمپانیای بواری بازرگانی ماددە سەرەکییەکانە. دوای کۆمپانیای ڤیتۆڵ، کۆمپانیی گلینکۆر دێت .
مانگی رابردوو کۆمپانیای ئۆریکس پەترۆلیۆم کە کۆمپانیایەکی چالاکی بواری نەوت و گازە لە هەرێمی کوردستان بڕیاریدابوو لە پێناو بەرەوپێشبردنی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان، واز لە هەندێک پلان و کارکردنی بێنێت لە ئەفریقا .
ئۆریکس پەترۆلیۆم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت:" لەهەرێمی کوردستان لە %٢١ـی خەرجییەکانی کەمردووەتەوە، پلانیشی هەیە لەماوەی نزیکی داهاتوو کارەکانی فراوان بکات لە هەرێمی کوردستان .
کۆمپانیاکە دەڵێت:" سەرەڕای نەبوونی بەرچاو روونی لەبارەی دەستحەقی کۆمپانیا لە نێوان مانگی تشرینی دووەم و شوباتدا لە هەرێمی کوردستان، هەروەها داخستنی کێڵگەی بەنان،بەڵام کارەکانی بەشێوەیەکی دیکە دەستپێدەکاتەوە و پلانەکانیشی فراوان دەکات .
لە راگەیەندراوەکەی ئۆریکسدا هاتووە :" خاوەن پشکەکانی کۆمپانیا بە زۆرینە بڕیاریانداوە بۆ گواستنەوەی هاوبەشیەکەیان بۆ کۆمپانیای زێگ ئۆیل لە ئەفریقا، چونکە ئۆریکس دەیەوێت سەرنجی زیاتر بخاتە سەر کارەکانی بە تایبەت لە هەرێمیت کوردستان، بۆیە پشکەکانی لە ئەفریقا دەداتە کۆمپانیای دیکە لەوانە ئەداکس ."

 

© 2017 Hawler