ئاب 05, 2020

وەزارەتی شارەوانی تەواوی پرۆژەكـــــانی یەك ساڵی رابردووی بڵاوكردەوە

ساڵی یەكەمی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای ئەوەی تەنگژە داراییەكان و دواتریش هاتنی پەتای كۆرۆنا نەیهێشت وەك پێویست پلانەكان جێبەجێ بكات، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتیان هەنگاوی گرنگ بنێت. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە پشكێكی زۆری لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەركەوتووە، هەوڵی دا سەرباری دۆخەكانیش، خزمەتی پێویست بخاتە بەردەست هاووڵاتییانەوە كە لەم ڕاپۆرتەدا ڕوون دەكرێتەوە:

بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی شارەوانی، پڕۆژە تەواوبووەكان زیاتر لە 251 ملیار دیناریان بۆ تەرخانكراوە، هەروەها پڕۆژە بەردەوامەكان نزیكی 2 ترلیۆن دیناریان بۆ تەرخانكراوە، هەرچی ئەو پڕۆژانەی كە گوژمەیان بۆ تەرخانكراوە، بەڵام دەست بە جێبەجێكردنیان نەكراوە، زیاتر لە 800 ملیار دیناریان بۆ تەرخانكراوە.
سێكتەرە سەرەكییەكانی وەزارەتی شارەوانی:
سێكتەری ئاو
سێكتەری شارەوانی
سێكتەری ئاوەڕۆ
سێكتەری گەشتوگوزار
سێكتەری شوێنەوار
ئەو پرۆژانەی لەماوەی ساڵێكدا ئەنجام دراون و تەواو بوون:
٨ پڕۆژە لە سێكتەرەكانی شارەوانی و ئاو بە گوژمەی زیاتر لە ١٩ ملیار دینار.
تەواوكردن و جێبەجێكردنی بەشی دووهەمی پرۆژەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بە دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاو.
جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە ١٧٦ ملیۆن دۆلار لەلایەن ئاژانسی جایكای یابانی بەشێوەی قەرزی درێژخایەن.
جێبەجێكردن و تەواوكردنی 252 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە ٢٠ ملیار دینار لە سێكتەری شارەوانییەكان و لەسەر داهاتی فەرمانگەكان.
ئەو پڕۆژانەی هێشتا كاریان تێدا دەكرێ:
تەواوكردنی پڕۆژەی شەقامی ١٢٠ م خێرای نێوان رێگای سەرەكیی هەولێر و مووسڵ تا رێگای سەرەكیی هەولێر-كەركوك بە گوژمەی زیاتر لە ٨٨ ملیۆن دۆلار.
قۆناغی یەكەمی پرۆژەی دروستكردنی شەقامی ١٥٠ م خێرای نێوان رێگای سەرەكیی هەولێر-بەحركە تا رێگای سەرەكیی هەولێر- كۆیە بە گوژمەی زیاتر لە ١٤٠ ملیۆن دۆلار.
دروستكردنی ئەندەرباسی فەرماندە و مزگەوتی ئیمام حمزە و قوتابخانەی سەفین لەسەر شەقامی بارزان و تەواوكردنی شەقامی كەمەربەند و پرۆژەی شەقامی خزمەتگوزاری بارزان بە گوژمەی نزیكی 69 ملیار دینار.
جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی بارزان و ٥١ گوندی دەوروبەری بە گوژمەی ١٣٠ ملیار دینار بەڕێژەی ٣١٪.
پڕۆژەی جێبەجێكردن و چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە كەسنەزان و دەوروبەری بە گوژمەی ١٠ ملیۆن دۆلار بە ڕێژەی ٦٠٪.
جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر (٤) و چارەسەركردنی ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی بە گوژمەی ملیارێك و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بە رێژەی ٧٪ بەشێوەی قەرز.
جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی ٢٠ ملیۆن دۆلار بە رێژەی ٦٠٪.
جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ بە گوژمەی ٩٠ ملیار دینار بە ڕیژەی ٥٩٪.
(٢٨) گرێبەستی تایبەت بە كۆكردنەوە و گواستنەوە و خاوێنكردن لە شار و شارۆچكە و گوندەكان لە سنووری شارەوانییەكان بە گوژمەی مانگانە نزیكی ١٢ ملیار دینار.
دروستكردنی پڕۆژەی گەشتیاری لە دەروازەی كەلار – سلێمانی بە گوژمەی ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن دینار.
- جێبەجێكردنی ٥ پڕۆژەی ئاو بە گوژمەی ٧٠٠ ملیۆن دینار كە بە رێژەی ٧٪ جێبەجێ كراوە.
ئەو پڕۆژانەی بودجەیان بۆ تەرخان كراوە و لەگەڵ دەستپێكی ساڵی دووەمی كابینەی نۆیەم دەست پێ دەكرێن:
تەرخانكردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لە شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی وەكو قۆناغی یەكەم.
تەرخانكردنی زیاتر لە ١١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی ١٥٥ پڕۆژە و پێداویستی لە بواری ئاو و ئاوەرۆ.
تەرخانكردنی زیاتر لە ٩ ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی ١٠٤ پرۆژەی بچووك و مامناوەند لە سێكتەری شارەوانی.
دابینكردنی زیاتر لە١٠ ملیار دینار بۆ كڕینی مەوادی پاككەرەوە بۆ پڕۆژەكانی ئاو وە هەروەها دابەشكردنی ئاو بە پرۆسەی تەنكەرین.
تەرخانكردنی زیاتر لە ١ ملیار دینار بۆ بەكرێگرتنی تەنكەر بۆ ئاوەدانی پارك و باخچە و بلوارەكان لە هەولێر و سلێمانی.
تەواوكردنی قۆناغەكانی دیزاین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی چارەسەركردنی ئاوەڕۆی قورس لە شاری هەولێر (قۆناغی یەكەم) بە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەستیشانكردنی كۆمپانیای راوێژكار.
پرۆژەی دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پڕۆژەكانی ئاو لە پارێزگای هەولێر و راكێشانی هێڵی سەرەكی و ئاوەڕۆی لوولەیی و دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەكانی ئاوی سلێمانی و هەڵەبجە بە گوژمەی ٩ ملیۆن دۆلار.
كۆی گشتی:
پڕۆژە تەواوبووەكان: زیاتر لە ٢٥١ ملیار دینار.
پڕۆژە بەردەوامەكان: نزیكی ٢ ترلیۆن دینار.
ئەو پڕۆژانەی كە گوژمەیان بۆ تەرخانكراوە، بەڵام دەست بەجێبەجێكردنیان نەكراوە: زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دینار.
لە لایەکی ترەر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار راگەیەندراوێکی سەبارەت بە پێکهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بڵاوکردەوە و لە راگەیەندراوەکدا هاتووە:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ باشتر راییكردنی كاروباری شارەوانییەكان و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە پارێزگە و قەزا و ناحیەكان بەشێوەیەكی تر و سەرلەنوێ پێك دەهێنێتەوە، ئەویش بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 تایبەت بە پەیڕەوی پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان و بەبڕیاری ژمارە (32) كە لە كۆبوونەوەی ژمارە (12)ی ئەنجوومەنی وەزیران لە 30/10/2019 پەسەندكرا، هەروەها لە ژمارەی 246 لە 27/1/2020 لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان و بڵاوكراوەتەوە، تێیدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دیاریكراون.
ئەنجوومەنی شارەوانییەكان ماوەی 20 ساڵ بوو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتبوو، لەكاتێكدا دەبوو هەر چوار ساڵ جارێك لە خولی نوێدا ئەو ئەنجوومەنانە بەڕێوە ببرێن، ئەمەش ببووە هۆی گلەیی هاووڵاتییان لە سستی كارەكانیان و ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەدای كاركردنیان دروستكردبوو، لە قۆناغی ئێستادا، واتە دووبارە پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بەرزترین ئاستی دەسەڵاتییان لە بەڕێوەبردنی شارەكاندا دەبێت و كاریگەری لەسەر باشی كاركردنیان و لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییاندا دەبێت، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەژێر رۆشنایی پرۆسەی چاكسازی حكوومەت، ئەو ئەنجوومەنانە بە دەسەڵاتی تەواوەوە پێك دەهێنێتەوە.
لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان 184 شارەوانی هەن، وەزارەتی شارەوانی ئەنجوومەنەكانیان سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە و بەگوێرەی ماددەی دووەمیش لە پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ئەنجومەنی پارێزگەکان ڕادەسپێردرێن بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدەکان کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دیاری دەکرێن، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بەڕێژەی 75% لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان دەبێت و 25%یش لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.
یەکەم جارە لە مێژووی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێکخراوەکان ڕاستەوخۆ بەشدارن لە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکاندا دەدرێن
دیاریكردنی نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان وەرچەرخانێکی گرنگە لە بەشداریپێکردنی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوەکان لە بڕیاردان، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە مێژووی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێکخراوەکان ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن لە بڕیاردان لە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکاندا دەدرێن. هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆریش لە بەڕێوەبەری گشتی یا بەڕێوەبەری وەزارەتەکانی تر لەو ئەنجوومەنە وا دەکات کاروباری هاووڵاتییان لە شارەوانی کە پەیوەندیان بە وەزارەتەکانی ترەوە هەیە، خێراتر بەڕێوە بچێت، چونکە زۆربەی دامودەزگەکان بەشێکن لە بڕیارەکانی ئەو ئەنجوومەنە، بۆیە وێڕای نوێبوونەوە، ئەو گۆڕانکارییە هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و بنبڕکردنی گەندەڵی.
بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان، بەو شێوەیەی خوارەوە پۆلێن کراون:

یەكەم:
بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە (٦) ساڵی (١٩٩٣)ی هەموارکراو، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر(پلەی تایبەت) و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێریش 17 ئەندام دەبن، ڕێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان دەبێت كە دەكاتە 13 كەس و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت كە دەكاتە 4 ئەندام. بەمشێوەیە: سەرۆكی شارەوانیی هەولێر سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی شارەوانی دەكات، ئەندامەكانی تر لە سەرۆكی فەرمانگەكان و نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.

دووەم:
سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەلار، رانیە و چەمچەماڵ (پلەی نایابن) و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بە سەرۆكی ئەنجوومەنەوە 13 كەس دەبن، بە هەمان شێوە رێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان كە دەكاتە 10 ئەندام و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكانە دەكاتە 3 ئەندام و ئەنجوومەنەكە، سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.
سێیەم:
شارەوانییەكانی (پلە 1) لە قەزاكان لە هەرێمی كوردستان ژمارەیان 14 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 11 ئەندام. ئەوانیش 8 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 3 ئەندام لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

چوارەم:
شارەوانییەكانی (پلە 2) لە ناحیەكان لە سەرتاسەری كوردستان ژمارەیان 33 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 9 ئەندام، 7 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەییەكان. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

پێنجەم:
شارەوانییەكانی (پلە 3) ژمارەیان 35 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 7 ئەندامن، لەو حەوت كەسە، 5 ئەندامیان بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت.

شەشەم:
شارەوانییەكانی (پلە 4) ژمارەیان 95 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 5 ئەندامن، 3 ئەندام لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش لە نوێنەری رێكخراوەكان دەبێت.

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

© 2017 Hawler