ئاب 05, 2020

سەرۆك بارزانی رۆڵی گەورەی لـــــــــە رزگاركردنی مووسڵدا هەبوو

مووسڵ لە 10/6/2014 كەوتە دەست چەكدارانی داعش، ئەمەش وایكرد داعش زیاتر رەگ لە عێراق داكوتێت و هێرشی بۆ سەر ناوچەكانی دیكەی عێراق و هەرێمی كوردستان دەستپێكرد. دوای سێ ساڵ دەسەڵاتی لە مووسڵ، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە بە بەشداری هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و بە پاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانان دەستیپێكرد، لە 10/7/2017 كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ناوەندی مووسڵ راگەیەندرا، بەڵام دوای سێ ساڵ هێشتا داعش لە ناوچە سنوورییەكانی نەینەوا، كەركووك و دیالە هێرش دەكات و تەقینەوە ئەنجامدەدات.

هاووڵاتییانی مووسڵ بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە رەوشێكی خراپدان و كۆڵانەكانی ئەو شارە پڕە لە زبڵ و خاشاك. دانیشتووانی شارەكە دەڵێن، شارەكە بێ خاوەنە و ململانێی سیاسی وایكردووە، كۆڵان و بازاڕ و گەڕەكەكان بەمشێوەیەبن، جگە لەوەی گرووپە چەكدارەكان بەردەوام هەڕەشە لە خەڵك دەكەن هەر ئەوەش وای كردووە ئەو خەڵكەی گەڕاوەتەوە دووبارە ئاوارەی كەمپەكان ببنەوە".
لەدوای داگیركردنی بەشێكی زۆر لە خاكی عێراق لە ساڵی 2014 بەهۆی شكستە یەك لەدوای یەكەكانی سوپای عێراق و پاشەكشەكردنیان بەبێ هیچ بەرگرییەك، هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی شكۆی ئەو رێكخراوە تێكبشكێنێت و داعش لە هێرشكردنەوە ناچار بە بەرگریكردن بكەن.
لەدوای بڕیاری دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ لە 17-10-2016 هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەركردایەتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی یەكەم تەقەی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵی كرد، كە لەماوەی چەند رۆژێكدا سەدان كیلۆمەتر لە خاكی ژێر دەستی داعش رزگاركران و بە دەیان چەكداریش كوژران و ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركەوتووی ئەنجامدرا.

سەرۆك بارزانی رۆڵی گەورەی لە رزگاركردنی مووسڵ هەبوو
لە دوای بڕیاری دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ لە 17ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2016 هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەركردایەتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لەماوەی چەند رۆژێكدا سەدان كیلۆمەتر لە خاكی ژێر دەستی داعشیان رزگاركرد و بە دەیان چەكداریش كوژران و ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركەوتووی ئەنجامدرا، لەبەرامبەر رۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی ئەو شەڕانەشدا، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆككۆماری فەرەنسا رایگەیاندبوو، ئێمە رێز لە مێژوو و كارەكانی سەرۆك بارزانی لە شەڕی دژ بە داعش دەگرین، كە بەهۆیەوە پێشمەرگە رۆڵێكی یەكلاكەرەوە و كاریگەریان لەو شەڕەدا هەبووە.
سەرۆك بارزانی نەك هەر وەك فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پلانداڕێژەر و سەرپەرشتیاری شەڕەكانی دەكرد، بەڵكو توانی پشتیوانیەكی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان لەو شەڕەدا بەدەستبخات و بەشێوەیەك سەرنجی جیهانی بۆ كوردستان و پێشمەرگە راكێشا، كە بەرپرسە جیاجیاكانی دەوڵەتان سەردانی كوردستانیان دەكرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبوونەوە بەردەوام جەختیان دەكردەوە، پێشمەرگە لە جیاتی جیهان شەڕی داعش دەكات، بۆیە هاوپەیمانان بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی دژ بەو رێكخراوە راستەوخۆ پەیوەندییان بە سەرۆك بارزانییەوە دەكرد و رێنماییەكانی بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە بەرچاو دەگرت.
بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق لە لێدوانێكیدا لەبارەی رۆڵی سەرۆك بارزانی لە تێكشكاندنی داعش و پەیوەندییەكانی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو، لەشەڕی داعشدا نزیكەی 80 وڵات لەگەڵ سەرۆك بارزانی لەسەر هێڵ بوون.
ئێستاش لەگەڵ زیادبوونی هێرشەكانی داعش لە سووریا و عێراق جارێكی دیكە نوێنەری وڵاتان روویان لە بارەگای بارزانی كردووەتەوە، بۆ وەرگرتنی راوێژ لەبارەی دووبارە كۆتایی هێنانەوە بە مەترسی داعش.
سەرۆك بارزانی بەردەوام جەختی لەوە كردووەتەوە، كە بۆ نەهێشتنی داعش پێویستە رووبەڕووی فكری توندڕەوەی ببنەوە و هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەو رێكخراوە توندڕەوانە كۆتاییان پێبهێنرێت.
نەقیب كەمال محەمەد، لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ " هەولێر" دیاركرد:" پلان و بوونی سەرۆك بارزانی لە سەنگەرەكان تەواوی هاوكێشەی شەڕی بۆ پێشمەرگە یەكلا كردەوە، سەرۆك بارزانی بەردەوام لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ بوو، هەر شەڕێكیش كە تێیدا بەشدار بایە پێشمەرگە سەركەوتنێكی باشی بە دەست دەهێنا و ورەی داعشیش بە تەواوەتی دەرووخا، چونكە دوژمن دەیزانی پێشمەرگە سەركەوتن بە دەست دەهێنێت.

سێ ساڵە مووسڵ رزگاركراوە و هێشتا وێرانە
دوای سێ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر كۆنتڕۆڵكرنەوەی مووسڵ، تائێستا حكوومەتی عێراق و ئیدارەی خۆجێی پارێزگای نەینەوا، هیچ پڕۆژەیەكی ئاوەدانكردنەوە و تەنانەت پاككردنەوەی شاری مووسڵیان لە پاشماوەی خانووە رووخاوەكان ئەنجام نەداوە، جیاوازی زۆریش لەنێوان هەردوو بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەكە لە سەرجەم بوارەكاندا بەدیدەكرێت.
سێ ساڵە مووسڵ كۆنتڕۆڵكراوەتەوە، كەچی وەك ئەوەی دوێنێ شەڕ و بۆردوومانەكان كۆتاییان هاتبێت، سەرجەم كۆڵان و شەقامەكانی شارەكە بەتایبەتی بەری رۆژئاوای مووسڵ، وێرانە، خەڵكیش رووی دەمیان لە حكوومەتە و دەڵێن، حكوومەتی عێراق نەك هیچی بۆ خەڵكەكەی نەكردووە، بەڵكو پاشماوەی خانوو و باڵەخانە رووخاوەكانیشی لانەبردووە.
محەمەد خەلیل، خەڵكی مووسلە و زیاتر لە 6 ساڵە ئاوارەی یەكێك لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان بووە بۆ " هەولێر" دیار كرد:" رەوشی مووسڵ زۆر خراپە، تا ئێستا حكوومەت هیچ پرۆژەیەكی وای لەو شارە جێبەجێ نەكردووە كە خەڵك دڵی پێ خۆش بێت و كەمپەكان بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، جگە لەوەی گروپە چەكدارەكان بەردەوام هەڕەشە لە خەڵك دەكەن هەر ئەوەش وای كردووە ئەو خەڵكەی گەڕاوەتەوە دووبارە ئاوارەی كەمپەكان ببنەوە، بۆیە خەڵك لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، نە خۆراك نە ئاو، نە كارەبا، هیچ شتێك نییە".
سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بۆ " هەولێر" گوتی:" مووسڵ 32 یەكەی ئیداری لە خۆ دەگرێت، لە هەر یەكێك لەو یەكە ئیدارییانە هۆكارێك هەیە كە خەڵكی ئەو ناوچانە تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە، لە گەیارە و هەندێك ناوچەی دیكە هێشتا داعش مەترسییە بۆ سەر خەڵك، لە رۆژئاوای دیجلە و شنگال بەهۆی هەبوونی گرووپی چەكدار وەكو پەكەكە و ئیدارەی ناشەرعی خەڵكەكە ناگەڕێتەوە، لە سەنتەری شاری مووسڵ ئەمن و ئەمان نیە، پرۆژەی خزمەتگوزاری نینە، بە دەیان گروپی چەكدار هەن، ئەوەش هەموو هۆكارن كە خەڵكەكە نەگەڕێتەوە و هەر لە ئاوارەییدا بژین".

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

© 2017 Hawler