ئاب 05, 2020

ئەو گۆڕانكاریانەی لە پۆستە سەربازییەكان كراون هیچی بۆ كورد نەبووە

رێژەی كورد لەناو سوپا و دامەزراوە ئەمنییەكانی عێراق بۆ 1% دابەزیوە. ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، ئەو گۆڕانكاریانەی لە پۆستە سەربازییەكان كراون بەهیچ شێوەیەك رەچاوی هاوسەنگی نیشتمانی نەكراوە، دەبێت كورد پۆستە ئیداری و سەربازییەكان وەربگرێتەوە، كە ئێستا 400 پۆستی ئیداری و سەربازی بەشی كوردن و لەلایەن خەڵكی دیكەوە بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن.

د. ناسر هەركی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە "هەولێر" ـی گوت:" هەر شتێك پەیوەندی بە كوردەوە هەبێت، ئێمە بێ هەڵوێست نابین، بەڵام دەبێت وەفدی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان پێداگری لەسەر ئەو پۆستانە بكات و رێك بكەون و پۆستەكانی كورد لە بەغدا چ سەربازی، چ ئیداری هەمووان وەربگرینەوە، پێكهاتەیەكی سەرەكی لە عێراق كە بەشدارە لە پرۆسەی سیاسی پشتگوێ خراوە، چونكە بە گوێرەی دەستوور دەبێت سوپای عێراق رەنگدانەوەی پێكهاتەكانی عێراق بێت، ئەوەی كراوە پێچەوانەی دەستوورە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەشڵێ :" وەكو لیژنەی ئاسایش و بەرگری بە نووسراوێكی فەرمی وەزیری بەرگری لێمان ئاگادار كردۆتەوە، ئەو گۆڕانكاریانەی كراون بەهیچ شێوەیەك رەچاوی هاوسەنگی نیشتمانی نەكراوە، ئەمەش پشتگوێخستنی پێكهاتەی كوردە، تا ئێستا وەڵامەكەمان وەرنەگرتۆتەوە، دەبێت وەزیری بەرگری وەڵامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بداتەوە كە بۆچی رەچاوی هاوسەنگی نیشتمانی نەكراوە، لەگەڵ ئەوەی داوامان لە سەرۆكی پەرلەمان كردووە دەبێت پێداچوونەوە بەو پۆستانە بكرێت و چی دیكە نابێت پۆستەكانی كورد بە پێكهاتەیەكی دیكە بدرێت.
هەركی، روونیشی كردەوە : "لەناو سوپادا هاوسەنگی پێكهاتەكانی عێراق نەپارێزراوە، ئێستا لەناو سوپا ڕێژەی كورد ناگاتە 1%، ئەمەش وای كردووە ئەوان بە ئارەزووی خۆیان ستەم لە كورد بكەن، بۆیە گرنگە داوای مافی خۆمان بكەین و پشكی خۆمان وەربگرینەوە.
د. ناسر هەركی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی لەوەش كردەوە : "تا ئێستا كورد 400 پۆستی ئیداری و سەربازی وەرنەگرتووە و ئەو پۆستانە بە وەكالەت لەلایەن خەڵكی دیكەوە بەڕێوەدەبرێن، پۆستەكان بریتین لە بریكاری وەزیر، راوێژكار، بەرێوەبەری گشتی، چەند پۆستێك لە وەزارەتی بەرگری كە دیارترینیان سوپاسالاری عێراقە، ئەوەش كاریگەریەكی زۆر لەسەر رێككەوتنەكانی هەولێر و بەغدا هەیە، چونكە راستە وەزیر دەگۆڕدرێن، بەڵام ئەو موستەشار و بریكارانە لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، بەشێك لەوانە ئەوانەن كە كاتی خۆی مالیكی و عەبادی دایناون و تا ئێستا لە شوێنەكانی خۆیان ماون، رێگرن لەوەی كە هەولێر و بەغدا بگەنە رێككەوتن، بۆیە داوا لە وەفدی دانوستانكاری كوردستان دەكەین داوای گەڕانەوەی ئەو پۆستانە بكەن، چونكە ئەو پۆستانە بەشی كوردن و لە داهاتوو بۆ كورد سوودی زۆر دەبێت، ئەگەر هەر بەو شێوەیە بن زیان لە كورد دەدات.
دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد بۆ "هەولێر" رایگەیاند:" كورد زۆر پۆستی گرنگی لە بەغدا لە دەستداوە، بۆ نموونە سوپا سالاری عێراق، لە وەزارەتی بەرگری كەسمان لێ نەماوە، لە وەزارەتی ئەمنی هیچ كەسێكی كورد لێ نەماوە، ئەگەر كورد لە بەغدا یەك دەنگ بایە هەموو ئەو پۆستانەی وەردەگرتەوە، پۆست گرنگە بۆ كورد ئەگەر كەسی كورد لەو پۆستانە بوایە زووتر دەمان توانی كێشەكان چارە بكەین و خزمەتی هەرێمی كوردستان بكەن، هەندێك لەو پۆستانە زۆر لە پۆستە وەزارییەكان گرنگترن، بۆ نموونە سوپاسالاری عێراق لە پۆستی وەزیری رۆشنبیری بۆ كورد گرنگترە، بۆیە پێویستە ئەو پۆستانە بكەونەوە دەست كورد، كوردیش دەبێت بەجددی لەسەر خەت بێت بۆ وەرگرتنەوەی هەموو ئەو پۆستانە، چونكە مادەم هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق بوونی كورد لە بەغدا بۆ كورد زۆر گرنگە، بۆیە دەبێت بەهێزەوە لە بەغدا بین.
ئەو سیاسەتمەداری كورد، روونیشیكردەوە: "ئەو هەماهەنگیەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە ئاسایش و سەقامگیری بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان دەگەڕێنێتەوە، بۆیە پێویستە ئەو هەماهەنگییە هەبێت، ئەوەش دەستكەوتێكی زۆر گەورەیە، چونكە رێگری دەكات لەو دیموگرافییەی لەو ناوچانە دەكرێت، هەروەها بارودۆخی ئەو ناوچانە ئارام دەبێتەوە و خەڵك هەست بە ئارامی دەكات، بۆیە پێویستە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و ئەمنیەتی ئەو ناوچانە لە ئەستۆ بگرێت".

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

© 2017 Hawler