ئاب 05, 2020

دەروازەی بازرگانی مەندەلی - سۆمار لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کرایەوە

دوای ماوەیەکی زۆر لە داخرانی بەهۆی گەندەڵی و زاڵبوونی گرووپە میلیشیاکان بەسەر دەروازەی بازرگانی مەندەلی-سۆمار کە کەوتووەتە پارێزگای دیالە و بەشێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەروازەکە راستەوخۆ لە لایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرایەوە و دەگوترێ ئەم هەنگاوە کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی میلیشیاکان لە دەروازە سنوورییەکان و بەشێکە لەو چاکسازییانەی حکوومەتی عێراق جێبەجێیان دەکات.

کردنەوەی دەروازەکە لە لایەن سەرۆک وەزیران هەڵگری پەیامێکی توند بووە بۆ میلیشیاکان و لە بەیاننامەیەکی دەستەی باڵای دەروازە بازرگانییەکانی عێراقیشدا باس لە ئامانجەکەی کراوە. دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ مەندەلی و بەشداربوونی لە کردنەوەی دەروازە بازرگانییەکە پەیامێکی ئاشکرایە بۆ هەموو ئەو گەندەڵانەی پێشتر لە سنوورەکە گەندەڵییان ئەنجام دابوو و پێداگری لەوە کراوە چیتر رێگە نادرێت دەروازەکە بۆ مەبەستی خراپ بکار بهێنرێت.
پێویستە بگوترێ حکوومەتی عێراق تووشی تەنگژەی دارایی بووە و کابینەی نوێی مستەفا کازمیش بۆ بەرزکردنەوەی داهات و چاککردنی دۆخەکە دەستی بە جێبەجێکردنی هەندێک هەنگاوی چاکسازی کردووە و یەکێک لەو شوێنانەش دەیەوێت چارەسەری بکات پرسی گەندەڵییە لە دەروازەکانی لەگەڵ ئێران کە زۆربەیان لە ژێر دەسەڵاتی گرووپە میلیشیاکان و هەندێک لایەنی نایاساییدابوون.
کازمی سووربوونی خۆی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی راگەیاندووە و گوتوویەتی دەسەڵاتی تەواوی بە سەرۆکی دەستەی دەروازە بازرگانییەکان داوە بۆ رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵکاران و بە سزاگەیاندنیان چی پێویستە ئەنجامی بدات.
هەر چەندە سەردانەکە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانانی عێراق بووە دژی داعش بەڵام چاوی سەرۆک وەزیران زیاتر لەسەر دەروازەکانی بووە لەگەڵ ئێران و پێی وایە ئاسایشی ناوخۆیی دەبێ لە سنوورەکانەوە دابین بکرێت.
ئەم دەروازەیەی رۆژی شەممە کرایەوە پێشتر بەهۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا داخرابوو هەر چەندە هۆکاری سەرەکیی لە داخستنی دەروازەکە قاچاخیی و ئەو کارە نایاساییانە بوو کە گرووپە میلیشیاکان ئەنجامیان دەدا.
لە هەندێک دەروازەی سنووری بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بە ناوچەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناسراون میلیشیاکان جگە لەوەی بە نایاسایی شتومەکیان هاوردە دەکرد ئەوا هەندێک جار کاری قاچاخی مادەهۆشبەرەکان و چەکیشیان دەکرد و چەندین جار نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق بە ئاشکرا گوتوویانە لە دەروازەکان بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەکرێ.
لە لایەکی ترەوە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە جگە لە دەروازە فەرمییەکان لە حەوت دەروازەی تر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەکرێت. پێشتریش دەروازەی مێهران کرابووەوە کە کەوتووەتە پاریزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان .
سەید روحوڵا لەتیفی گوتەبێژی گومرگی ئێران باسی لەوە کردووە یەک لە دوای یەک دەروازە داخراوەکان دەکرێنەوە و بە گوڕ و تینێکی زیاتر درێژە بە بازرگانیکردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەن. ئابووری ئێران کە ئەم رۆژانە لە ژێر گوشاری سزاکانی ئەمەریکادا زیاتر پاشەکشەی کردووە، پەرەپێدانی پێوەندییە بازرگانییەکان بە پێدانی هەناسەیەک بە دۆخی ئابووری هەژمار دەکرێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران لە سەرەتاکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی بەرانبەر نەخۆشییەکە گیرابووە بەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران هاوکات ئێران لەگەڵ عێراق دابەزیبوو بەڵام ئێستا خەریکی دۆخەکە زیاتر ئاسایی دەبێتەوە وجموجۆلە بازرگانییەکانیش زیادیان کردووە. ئەو هیوای خواستووە بەمزووانە دەروازەی خوسرەوی و جەزابەش بکرێنەوە.
حکوومەتی عێراق بە پێچەوانەی حکوومەتەکانی پێشوو لە دەروازەکانی لەگەڵ ئێران رێوشوێنی زۆر توندی وەرگرتووە و دەیەوێت رێگری لە هەر جۆرە گەندەڵییەک لەم دەروازانە بکات و لە دەستی گرووپەکان دەریان بهێنێت.
مستەفا کازمی خۆی بە ئاشکرایی گوتوویەتی حکوومەتی عێراق بەسەر دەروازە وشکایی و ئاوییەکانیدا زاڵ نییە و بەشێک لەم دەروازانە لە لایەن گرووپی نایاسایی سەرپەرشتی دەکرێن.
سەرەتای ئەم مانگەش مستەفا کازمی لیژنەیەکی هاوبەشی پێکهێنا کە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ، دارایی و دەزگای هەواڵگری تیایدا بەشدارن و دۆسیەی نەهێشتنی گەندەڵیی لە دەروازەکانی بەم لیژنەیە ئەسپاردووە. پلانی سەرەکی حکوومەتی عێراق ئەوەیە بە چاکسازی و کۆنترۆڵی دەروازەکان و نەهێشتنی گەندەڵی داهاتی حکوومەت بەرز بکاتەوە

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler