ئاب 05, 2020

پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان وەکو نموونە بۆ زاڵبوون بەسەر رەگەزپەرستی و نادادپەروەری لە ئەمریکا

لەوکاتە هەستیار و ئاڵۆزەدا، د.مارتن لۆسەر کینگ ئامۆژگارییەکی ژیرانەمان دەداتێ " رێگەمەدە کەس تاوەکو ئاستی رق لێبوونەوە لێپێچینەوەت لەگەڵ بکات، لەجیاتی ئەوە پێویستە نەرمی بنوێنین، پێویستە بناغەیەکی پتەو دژی دەمارگیری دابنێین."

د.مارتن لۆسەر کینگ لەکاتێکدا بەجێی هێشتووین پێمان دەڵێت:" ئێستا کاتی ئەوەیە ئاسایشی نیشتمانی لە رەگەزپەرستی و نادادپەروەری جیابکەینەوە بۆ بەدەستهێنانی کەرامەتێکی شیاوی مرۆڤایەتی، دکتۆر کینگ ئامۆژکاریمان دەکات نابێت بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری پەنا بۆ تووندوتیژی بکەین، بەڵکو دەبێت بە خۆشەویستی بەسەر دووژمناندا سەربکەوین.
کەرامەتی مرۆڤ دامەزراوەیەکی جەوهەریە، وامان لێدەکات خۆشەویستی لە نێوانمان هەبێت و ئاشتیانە بژین، رێزێکی مەزن بەدەستبێنین و ژیان و کەرامەتمان پارێزراو بێت، بەڵام ئەوە بۆ هەموو کەس ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەش دەکرێت بەدەست بێت .
ساڵی ٢٠١٤ لەکاتێکدا بەدوای ئەوەدا دەگەڕام چۆن وەڵامدەری قەیرانی چەوسانەوە بین کە داعش بەرپای دەکات و چاندوویەتی، تینا رامیرێزم ناسی، دامەزرێنەر و سەرۆکی رێکخراوی قازانج نەویستی هاردیوار گڵۆبەڵە، شارەزایەکی باش و پڕ پێزم لە کارکردن لەگەڵ ئەودا بەدەستهێنا، تینا و تیمەکەی زۆر رق و دژایەتیان بینیبوو کە چەندین سەدەیە بەردەوامە و شوێنی پێکەوەژیان و تێگەیشتنی رۆشنبیرانەیان گرتووەتەوە، کاتێک داعش هێرشیکردە سەر کەمینەکان لە عێراق تینا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کرد، ئەو بۆ بەسەرکردنەوەی ئاوارەکان و دۆزینەوەی رێگایەک بۆ هاوکاریکردنیان چووبووە هەولێر .
تیرۆرستانی داعش هەرکەسێکیان دەکردە ئامانج دژی بیرکردنەوە رقئامێرازەکانیان بێت، لەوانە کوردی ئێزدی، کریستیانەکان، تورکمان و شەبەک و مەندائی و کەمینەی دیکەیش کرانە ئامانج، کەس سەلامەت نەبوو، لەنێویشیاندا موسڵمانان کە ئایدۆلۆژی گرووپەکەیان رەتکردەوە .
لەو دۆخەدا هەزار خێزان بەرەو کوردستان هەڵاتن بە ئامانجی پەناگەیەک و ژیانێکی ئارام، لەکاتێکدا منداڵان گەیشتنە ئارامی بەڵام نەیانتوانی لە بۆچوونی رق هەڵگری داعش رزگاریان بێت و وەکو مۆتەیەک بەسەر دەروونیاندا مابووەوە، ئەوان تووندوتیژی و رەتکردنەوەی پێکەوەژیانی داعشیان بیرنەچووەوە کە چەندین ساڵ لەو ناوچەیە بڵاوی کردەوە .
تینا لەگەڵ مەریوان نەقشبەندی کۆبووەوە، یەکێک لە بەڕێوەبەران لە وەزارەتی ئەوقاف، ئەو لە ریزی پێشەوەی ئەوانە بوو هاوکاری ئەو کەسانەی دەکرد لە دەستی داعش هەڵدەهاتن.
ئەو رۆژێک سەرنجی ئەوەی دابوو منداڵە هەڵاتووەکان لە نێوان خۆیاندا یاری دەکەن خۆیان وەکو داعش لێکردووە و لەسەر شێوازی سەربڕینی داعش یاری دەکەن، بێ ئەوەی بزانن خەریکی چین ."
بە هەوڵێکی گشتگیر لە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە بە یاسا مافی کەمینەکان پارێزراوە، هەموو نەتەوەکان پێکەوە دەژین، لە نێو کەمپەکانیشدا قوتابخانەی هاوبەشی ئەو کەمینانە هەبووە و تێیدا منداڵان بێ جیاوازی خوێندوویانە.
دواتریش کارکردن لەسەر ئەو شێوە پێکەوەژیانە نەوەستا، رێگە لەبەردەم رێکخراویت هاردوایرد کرایەوە بۆ دەست کردن بە کار لەسەر شێوازێکی دیکە لە قوتابخانەکان، ئەو رێکخراوە کاری لەسەر ئەوە کرد مامۆستایان چۆن بتوانن لە مامەڵەکردن لەگەڵ لەبیربردنەوەی رق و کینە سەرکەوتوو بوون، لەجیاتی ئەو بیرکردنەوانە مامۆستایان راستییەکان لەبارەی کەرامەتی مرۆڤ، یەکسانی، ئازادی ئاینی بدەنە منداڵان، ئەو پرۆگرامە بە هاوکاری وەزارەتی ئەوقاف هەموو قوربانیانی دەستی داعشی گرتەوە، داوا لە منداڵان کرا باخچەیەکی بچووکی پڕ گوڵی جۆراوجۆر دروست بکەن، دوای ئەوەی هەر قوتابییەک باخچەکەی خۆی دروست کرد، داوایان لێکرا هەریەکە و سەیری باخچەیەکی دیکە بکات کە یەک جۆرە گوڵی لێیە، جوانی باخچەکە بەتەواوی ون بووبوو بە تەنیا رەنگێک، بڕیاردرا باخچەکە بگۆڕدرێت و گوڵی جۆراوجۆری تێدا بچێنرێت، بۆ ئەوەی وەکو باخچەکانی دیکە جوان بێت .
ئەو وانەیەی باخچە پڕ ئاشتییەکان زۆر بەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەیامی رقی داعش کاری کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لەو رێکخراوە کرد مامۆستایان رابێنێت لە هەموو هەرێمی کوردستان لەسەر پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵكردن لەسەر بنەمای کەرامەتی مرۆڤ و رۆشنبیری .
دەبێت ئەوە روون بێت، ئەمریکا بەدەر نییە لەو کێشە رەگەزپەرستی و تایبەتمەندی و نادادپەروەری کە زۆر وڵات بەدەستی دەناڵێنن، باخچەی ئاشتی وانەیەکە فێرمان دەکات چۆن بەسەر رق و ناتەباییدا زاڵبین.
ئێمەش دەبێت منداڵەکان، خێزان و کۆمەڵگەکانمان بێنینە سەر مێزی گفتوگۆیەکی جیدی، بۆ ئەوەی دان بە یەکدیدا بنێین، ئاسۆ و ئامانجی یەکدی ببینین .
ئێمە هەندێک شتی دیکەشمان هەیە، ئێمە کولتوورێکمان هەیە لەسەر دەستوورێک بونیاتنراوە کە داوای ئازادی هەموو کەس دەکات، بۆ ئەوەی وەکو نەتەوەیەک ئارام بژین، دەبێت ئەو بنەمایانەمان لەبیر بێت لەسەری دامەزراوین، کە تێیدا هەموو کەس، هەموو رەنگێک، هەموو رەگەز و ئاینێک هەست بکات بەشێکە تێیدا، رێزی بگرێت و گوێی بۆ بگرێت .
وەکو ئەوەی لەو وانەیەی هەرێمی کوردستان فێربووین و مارتن لۆسەر کینگیش فێرمان دەکات، نابێت " رق و رەگەزپەرستی بە تووندوتیژی و تێکدان وەڵام بدەینەوە، بەڵکوو لەجیاتی ئەوە دەبێت دان بە هەموو بەها و رێز و شکۆمەندی یەکدیدا بنێین."
نموونەی کوردستان، ئاشتی لە رێگەی رۆشنبیری و شکۆی مرۆڤەوە، زۆر بەهادارە بۆ جێبەجێکردنی لێرە لە ئەمریکا، مێژووی پڕ کێشە و ململانێ لە ئەمریکا لە رەگەزپەرستی و تووندوتیژی لە رێگەی بڕیاری دادگاوە چارەسەر ناکرێت، یان لە رێگەی بڕیاری کۆنگرێسەوە نابێت، زۆری پێدەچێت تاوەکو دڵ و مێشکی ملیۆنان کەس بگۆڕی بۆ باشتر، شکۆمەندی پێویستی بە هەوڵە و دەبێت لە کۆتاییدا هەر پێی بگەین لە رێگەی رۆشنبیری و وانەی یەکسانی و پێکەوەژیان .
وەکو چالاکێکی مافی مرۆڤ، دەچمە ریزی جەنگی ئازادی بۆ هەموو کەس، بە چاوپۆشین لە باوەڕی ئەو کەسانە، تەنانەت ئەو کەسانەشی کە دەگوترێت گومڕان، چونکە نابێت هیچ شتێک لەوە بمانوەستێنێت باوەڕمان بە یەکسانی و ئازادی بۆ هەمووان هەبێت .

کاسی ئایرلەند، چالاکڤانی مافی مرۆڤە و راهێنەری گەشەپێدانی مرۆییە
سەرچاوە: رۆژنامەی USA Today

دلۆڤان رەحیم - هه‌ولێر

© 2017 Hawler