ئاب 12, 2020

لە چوارچێوەی هەنگاوە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم خەرجییەکانی بەکاربردنی حکوومەت بە ئه‌لکترۆنی دەکرێ

حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ مانگی ته‌موزه‌وه‌ هەموو خەرجییەکانی بەکاربردن دەکاتە دیجیتاڵی. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی لە نێوان دامودەزگاکانی حکوومەت بە شێوەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخانە و کەمکردنەوەی گەندەڵیی بە شێوەیەک کە هەموو خەرجییەکانی رۆژانەی حکوومەت بە سیستمی ئۆنڵاین ئەنجام بدرێن.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند به‌ فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو خەرجییەکانی بەکاربردن لەم مانگەوە بە دیجیتاڵ دەکرێت. هەروەها گوتی: ئەم پێشکەوتنە بەشێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ بە مۆدێرنکردنی کارەکانی حکوومەت و هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە پێناو نەهێشتنی رۆتین و هەوڵدان بۆ کارا کردن و چالاک کردنی کاروباری هاوڵاتییان. هەروەها بەشێکیشە لە پرۆسەی چاکسازی کە سەرەنجام دەبێتە هۆی زیادبوونی روونی و شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی.
وەزیری دارایی دووپاتی کردەوە تا زیاتر بتوانین کۆنترۆڵی خەرجییە بەکاربەرەکانی حکوومەت بکەین، زیاتر دەتوانین کار لەسەر پڕۆژەی گرنگ لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی و سوودی هاووڵاتییان بکەین. وەزیری دارایی دەستخۆشیشی لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی ئەم سیستەمە کرد.
ئەم سیستەمە ئۆنڵاینە لەم مانگەوە لە هەموو دامودەزگاکانی حکوومەت جێبەجێ دەکرێت و هەموو خەرجییەکانی حکوومەت تا کۆتایی مانگی تەموز، لە رێگەی ئەم سیستەمەوە بەردەست دەبێت و داتاکان لە سەنتەری داتای حکوومەت کۆ دەکرێنەوە. ئەمەش وا دەکات حکوومەت کۆنترۆڵی بەسەر خەرجییەکانییەوە هەبێت و داتاکانیش دەتوانن بۆ دانانی پلانی ستراتیجیی دارایی یارمەتیدەر بن.

© 2017 Hawler