ئاب 12, 2020

کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەستبەکار دەبێت

بڕیارە لەو چەند رۆژەی داهاتوو کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەستبەکار بێت، شوێنی ستیڤن فەیگن دەگرێتەوە، رۆژنامەی هەولێر زانیاری لەبارەی کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر بڵاودەکاتەوە.

ستیفن فەیگن 31ـی تەمموزی ٢٠١٨ وەکو کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاربوو دەڵێ:" هەولێر وەکو ماڵی خۆم بووە." فەیگن لە فەیسبووک پۆستی ماڵئاوایی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە:" لەگەڵ ئامادەکاریم بۆ بەجێهێشتنی هەولێر کە لە دوو ساڵی ڕابردوو وەکو ماڵی خۆم سەیرمکردووە حەزدەکەم سوپاسگوزاری خۆم ئاڕاستەی هاوڕێکانم بکەم، بەرامبەر یادگاری و پێکەوە بەدەستهێنانی کاری شایستە و مانادار."
فەیگن دەڵێت :" کارکردن لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی برەودان بە ئامانجە هاوبەشەکانمان، ئیمتیاز و شەرەف بووە بۆ من و لە هەمان کاتیشدا بووەتە بەشێکی دیار و سەرەکی پیشەکەم."
کۆنسوڵی ئەمریکا هەروەها نووسیویەتی:" خۆشحاڵبووم بە کارکردن لەگەڵ جێگری کونسوڵی گشتی ئێلیزابێس ڕەوزنستۆکسیلەر ئەویش بەم نزیکانە هەولێر بەجێدەهێڵێت، هەروەها زۆر خۆشحاڵم بە کارکردن لەگەڵ تەواوی ستافی کونسوڵخانە، چونکە لە ڕێیانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندیەکانی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستاندا پتەوترکردووە."
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاندووە:" رۆب وڵەر و کەیتی کەیزەر وەکو کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاردەبن، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە ئەرکەکەیان دەکەن."
ستیفن فەیگن سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات لە هاوبەشی و ئاشناکردنی لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە بە کولتووری نایابی کوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا ."
بڕیارە لەو چەند رۆژە داهاتوو کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا دەستبەکاربێت، رۆب وڵەر پێشتر وەکو کۆنسوڵی ئەمریکا لە دوبەی کاری کردووە، ئەرکەکەی دەگوازرێتەوە هەولێر و وەکو کونسوڵی هەرێمی کوردستان دەست بەکار دەبێت .
ئەو دیپلۆماتکارەی ئەمریکا ماوەی ٢٢ ساڵە لە نێو پرۆسەی سیاسی ئەمریکایە، وەکو ستافی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاریکردووە، بەڕێوەبەری بەشی کاروباری ئیسرائیل، فەڵەستین و ئوردن بووە لە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، چەندین پلە و پۆستی دیکەی پێدراوە،لە بەغدا، سعودیە، ئۆرشەلیم و پاریسی پایتەختی فەرەنسا .
بەیان سامی عەبدولرەحمان، کۆتایی مانگی رابردوو پیرۆزبایی لە دیاریکردنی وڵەر وەکو کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد، نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لەراگەیەندراوێکدا لەوبارەوە دەڵێت:"رۆبەر وڵەر بەڕێوەبەری بەشی کاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەکو کونسڵی گشتی ئەمریکا دەستنیشانکراوە ."
هەروەها وڵەر پێشتر لە جنێڤ لە نوێنەرایەتی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە، ساڵی ٢٠١٨ بووەتە بەڕێوەبەری کاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆبووەتەوە.
ئەمریکا چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان کونسوڵخانەی هەیە، پەیوەندی تووندوتۆڵ لە نێوان هەولێر و واشنتۆن هەیە، پەیوەندییەکە بواری سیاسی، کولتووری، ئەمنی و ئابووری دەگرێتەوە، هەردوولا ئەنجوومەنێکی ئابووریان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری هەیە .
پەیوەندیەکانی هەردوولا ساڵ بەساڵ زیاتر فراوان دەبێت، ساڵی رابردوو لە داڤۆس نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە، پلانی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆشکی سپی ماوە و وەکو خۆیەتی ."
واشنتۆن هەروەها گەورەترین کونسوڵخانە لە جیهان لە هەولێر دەکاتەوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە،کونسوڵخانەکە، شەشی تەمموزی ٢٠١٨ واتە دوو ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەی پڕۆژەکە دانرا، گوژمەی پڕۆژەکە ٨٠٠ ملیۆن دۆلارە، لەسەر رووبەری ٢٠٠ هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت.
نزیکەی هەزار کەس لە ھێزی کاری ئەمریکی و کەسانی خۆجێیی، بەشداردەبن لە بونیاتنان و دروستکردنی باڵەخانەکە، بەپێی زانیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆمەڵگە تازەکەی کۆنسوڵخانە ستانداردە تووندەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای تایبەت بە سەلامەتی ژیان و ئاسایشی تیادا بەرجەستە دەبێت.
دیزاینەکە بەشێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای تۆپۆگرافی ناوچەکە و گونجاندن لەگەڵیدا ئامادەکراوە.
ئەو شوێنانەی تایبەتن بە خزمەتگوزارییەکانی بەشی ڤیزا و ھەروەھا راپەڕاندنی کارەکانی دیپلۆماسی گشتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی سەردانیکەران و بوونی شوێنی گونجاوی چاوەڕوانیکردن، دیزاینکراون.
نزیکەی هەزار کەس لە ھێزی کاری ئەمریکی و کەسانی خۆجێیی و وڵاتی سێیەم بەشداردەبن لە بونیاتنان و دروستکردنی باڵەخانەکە، دروستکردنی باڵیۆزخانەکەش نیشانەیەکی گرنگی پەیوەندی بەهێزی نێوان هەولێر و واشنتۆنە .

دلۆڤان رەحیم - هه‌ولێر

© 2017 Hawler