کانونی یەکەم 07, 2019

بوونی حەشدی شەعبی له‌ كه‌ركووك نادەستوورییە

ئێستا کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی ده‌وروبه‌ری که‌رکووك و سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ که‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست حه‌شد و نه‌وته‌که‌یان به‌ قاچاخ رەوانەی ئێران دەکات و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه. ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوونی حەشدی شەعبی له‌ كه‌ركووك بە نادەستووری ناودەبات.

حەشدی شەعبی وەك ھێزێکی شیعەکان لە عێراق، نەك تەنھا لە رووی سەربازی و سیاسیی، بەڵکوو خەریکە لە رووی ئابووریشەوە دەست بەسەر عێراقدا بگرێت.
پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوەدەکات بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە عێراقدا هەیە ناوەندێکی بڕیاردان نەماوە ئەمەش هۆکاری دروستبوونی چەندین هێزی نایاسایین کە ئەمەش بە مەترسی لەسەر عێراقی داهاتوو دادەنرێت.
ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: سەنتەری بڕیاردان لە عێراق نییە، راستە ئێستا عەبادی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراقە، بەڵام كۆنترۆڵی ھەموو ھێزەكان لە ژێر دەستی عەبادییە؟ واقیعەكە پێمان دەڵێت نەخێر، چونكە توانای كۆنترۆڵكردنی ئەو ھێزانەی نییە، لە عێراق ھەر ھێزە و ھەوڵدەدات سەرچاوەیەكی ئابووری بۆ بەھێزكردنی خۆی بگرێتە دەست، ئەم سەرچاوە داراییانە بۆ ھەڵبژاردنەكان و گرتنە دەستی دەسەڵات بەكاردەھێندرێن.
دوای رووداوەكانی 16 ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو کەرکووك لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق داگیرکرا، ئێستا نەوتی ئەو شارە کوردستانییە لە لایەن حەشدەوە بە قاچاخ دەبرێتە ئێرانەوە، کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە.
رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "مانەوەی حەشدی شەعبی لە ھەموو ناوچەكانی عێراق ھەم نا یاساییە ھەمیش نا دەستوورییە، چونكە ئەوان بۆ شەڕی داعش دروستبوون، دواتر یاسایان بۆ رێكخراوە بخرێنەوە سەر سوپای عێراق، بەڵام ئەوان ئێستا لە ھەر ناوچەیەك بن دەستی بەسەردا دەگرن، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی كە كێڵگەی نەوتی لێن، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە بازرگانی پێوە بكەن".
پاش ئەوەی کە کەرکووک لە لایەن بەغدا داگیرکرا، حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئێران رێککەوتوون کە نەوتی کەرکووك بە فەرمی رەوانەی ئێران بکەن، بەڵام تائێستا بە بیانووی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە ئەو بڕیارە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو لاشەوە حەشدی شەعبی بە قاچاخ نەوتی كوردستان دەگەیەنێتە تاران.
لە کوردستان ٢٤ەوە

© 2017 Hawler