ئاب 05, 2020

ئۆریکس پەترۆلیۆم، لەهەرێمی کوردستان لە %٢١ـی خەرجییەکانی کەمکردووەتەوە

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کەم نەبووەتەوە

بەغدا لە مانگی ٦دا هەناردەی نەوتی کەمکردووەتەوە

بەپێی زانیاری ناوەندێکی راوێژکاری وزە لە جیهان، عیراق لە مانگی شەش بە نەوتی هەرێمی کوردستانەوە رۆژانە سێ ملیۆن و ٩٣ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، ئەو ژمارەیە کەمترینە لە مانگی ١٠ـی ساڵی ٢٠١٥ وە .

عێراق لە مانگی ئایاردا رۆژانە سێ ملیۆن و ٥٩٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردبوو بە نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، واتە بەواردی هەردوو مانگ، مانگی حوزەیران عێراق ٤٩٧ هەزار بەرمیل کەمتری هەناردەکردووە .
بەپێی داتاکان عیراق لە مانگی شەش بە تەنیا رۆژانە دوو ملیۆن و ٨١٦ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە کردووە.
لە ئایاردا بە تەنیا هەناردەی نەوتی عێراق سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، هەرێمی کوردستان ٣٦٨ هەزار بەرمیل .
عێراق بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک دەبێت بەرهەمی رۆژانەی کەمبکاتەوە، مشتومڕی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت لە عێراق کاریگەری کردووەتە سەر دۆخی دارایی،چونکە عێراق بەو نرخەی ئێستاوە ناچارە قەرز بکات .
لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان،بەگوێرەی سەرچاوەکان هەرێمی کوردستان بەرهەمی نەوتی کەمنەکردووەتەوە، بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ٣٦٨ هەزار بەرمیل جێگیر بووە .
عێراق لە مانگی ئایاردا،بڕی زیاتر لە ٤ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە،ئەو ژمارەیە بەشێکی کە نزیکەی ٨٠٠ هەزار بەرمیل دەبێت لە ناوخۆدا بەکاردێنێت،بەڵام بەشەکەی دیکەی هەناردەی دەرەوە دەکات، لە فرۆشتنی نەوتدا مانگی رابردوو داهاتی عێراق ٢ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام خۆی پێویستی بە ٣ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، بۆیە کەمبوونەوەی داهاتەکەی وای کرد یەکەم شت دەست بۆ بڕینی بودجەی کوردستان بکات، ئێستا کە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٠ دۆلار پێشبینی دەکرێت داهاتەکەی لە مانگی حوزەیراندا بگاتە زیاتر لە ٢.٥ ملیار دۆلار واتە نزیکەی نیو ملیار دۆلار زیاتر لە مانگی رابردوو، بۆیە ئەوە کاریگەری دەبێت لە نزیک کردنەوەی هەردوولا بۆ رێککەوتن .
پێش چەند رۆژێک کۆمپانیای ئۆریکس پەترۆلیۆم کە کۆمپانیایەکی چالاکی بواری نەوت و گازە لە هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە پێناو بەرەوپێشبردنی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان، واز لە هەندێک پلان و کارکردنی بێنێت لە ئەفریقا .
ئۆریکس پەترۆلیۆم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت:" لەهەرێمی کوردستان لە %٢١ـی خەرجییەکانی کەمکردووەتەوە، پلانیشی هەیە لەماوەی نزیکی داهاتوو کارەکانی فراوان بکات لە هەرێمی کوردستان .
کۆمپانیاکە دەڵێت:" سەرەڕای نەبوونی بەرچاو روونی لەبارەی دەستحەقی کۆمپانیا لە نێوان مانگی تشرینی دووەم و شوباتدا لە هەرێمی کوردستان، هەروەها داخستنی کێڵگەی بەنان،بەڵام کارەکانی بەشێوەیەکی دیکە دەستپێدەکاتەوە و پلانەکانیشی فراوان دەکات .
لە راگەیەندراوەکەی ئۆریکسدا هاتووە :" خاوەن پشکەکانی کۆمپانیا بە زۆرینە بڕیاریانداوە بۆ گواستنەوەی هاوبەشیەکەیان بۆ کۆمپانیای زێگ ئۆیل لە ئەفریقا، چونکە ئۆریکس دەیەوێت سەرنجی زیاتر بخاتە سەر کارەکانی بە تایبەت لە هەرێمیت کوردستان، بۆیە پشکەکانی لە ئەفریقا دەداتە کۆمپانیای دیکە لەوانە ئەداکس ."
بەپێی دەستووری عێراق، حکومەتی عێراق بەشدار دەبێ لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لەگەڵ هەرێمی کوردستان،بەڵام هەمان دەستوور ئاماژەی بەوە کردووە دەبێ داهاتی نەوت و گاز دادپەروەرانە دابەشبکرێتە سەر هەموو دانیشتوانی عێراق، بەڵام بەغدا ئەوەی نەکردووە ٦ ساڵە بە ناتەواوی و چەند ساڵێک هەر بودجەی کوردستانی نەنارد،بۆیە هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەغدا ئەو قەرزانەی لەسەریەتی هی ساڵانی رابردوو بیداتەوە هەرێمی کوردستان، چونکە ماف و شایستەی خۆیەتی و پێی نەدراوە .
لە دەستووردا دان بە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستاندا نراوە، بەڵام بەغدا سەرەتای ئەو مانگە لە رێگەی زیاتر لە ١٥ داواکاری قورسەوە ئامانجیەتی رەوش و باری سەر شانی هەرێمی کوردستان ئەوەندەی دیکە قورس بکات،دەستوور ئاماژەی بەوە کردووە عێراق دان بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی دەنێت و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان مافی راپەڕاندنی دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی هەیە، هەروەها حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە سیاسەتی پێشخستنی سامانی نەوت و گاز دادەڕێژن.
هەرچەندە دەستوور بە روونی لە ماددەکانی 112 و 115ـی ماف دەداتە هەرێمی کوردستان کە سیاسەت و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بەڕێوەببات، بەڵام بەغدا لەرێگەی داواکارییانەوە دەیەوێت دەست بەسەر هەموو داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکاندا بگرێت، کوردیش ئامادە نییە ئەوە بکات، ئەو مشتومڕە چەندین ساڵە بەردەوامە .

دەبوایە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە بەغدا بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتەکەی کەم بکاتەوە بەڵام لە مانگی ئایاردا هاوشێوەی مانگەکانی پێشتر نەوتی هەناردە کرد و لە مانگی حوزەیرانیشدا رێژەیەکی کەم لە ئەرکەکەی جێبەجێ کرد. هەڵبەت لە کۆتایی مانگەکە وەزیری نەوتی عێراق بەڵێنیدابوو لە مانگەکانی داهاتوودا واتە تەمووز و ئاب قەرەبووی بکاتەوە و زیاتر لەو بڕەی پێی سپێردراوە هەناردەی کەم بکاتەوە.
بەگوێرەی رۆیتەرز عێراق بە تایبەتی لە بەسڕا بە رێژەیەکی بەرچاو لە هەناردەی نەوتی کەم کردووەتەوە و زۆر کەمترە لەو بڕەی پێشتر پلانی بۆ دانرابوو هەناردە دەکات.
بڕیارە قەبارەی هەناردەی رۆژانەی نەوت لە بەسڕاوە بریتی بێ لە یەک ملیۆن و 530 هەزار بەرمیل و ئەمەش بەراورد بەو سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتەی لە مانگی حوزەیراندا پلانی بۆ دانرابوو هەناردەی بکات، زۆر کەمترە.
هەناردەی نەوتی خاوی سووکی بەسڕا لە مانگی حوزەیراندا رۆژانە دوو ملیۆن و 240 هەزار بەرمیل بووە بەڵام لە مانگی تەمووزدا بۆ رۆژانە 817 هەزار بەرمیل دادەبەزێت. هاوکات هەناردەی نەوتی قورسی بەسڕا کە لە مانگی حوزەیراندا رۆژانە 833 هەزار بەرمیل هەناردە کرابوو لە مانگی تەمووزدا بۆ 710هەزار بەرمیل کەم دەبێتەوە.
مانگی رابردوو وڵاتانی ئۆپێک پڵاس لە ڤیدیۆکۆنفرانسێکدا بڕیاریاندا پلانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تا کۆتایی مانگی تەمووز درێژ بکەنەوە و لەم رێگایەوە پاڵپشتی لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بکەن. بڕیارەکە بریتییە لە کەمکردنەوەی نۆ ملیۆن و 600هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کە دەکاتە 10%ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهاندا.
بە پێی دواین راپۆرتی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەو وڵاتە دوو ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە لەم ژمارەیە نزیکەی دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیلی لە بەندەرەکانی باشووورەوە هەناردە کراوە.
ئامانجی زۆربەی ئەو نەوتەی لە باشووری عێراقەوە هەناردە کراوە وڵاتانی ئاسیایە و بۆیەش پێشبینی کراوە دوو دۆلاری تر لە هەر بەرمیلێک نەوت بە تایبەتی لە جۆری ئۆرال کە بە نەوتی ترشی رووسیا ناسراوە بەرز ببێتەوە.
هەفتەی رابردوو ئەم جۆرە نەوتە نرخەکەی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەووە ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی هەناردەی نەوتی رووسیاش دابەزیوە و هاوسەنگبوونی خستنەروو بەرانبەر داخوازی، هۆکار بووە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکان.
پێویستە بگوترێ نرخی نەوتی برێنت لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ 16 دۆلار و نرخی نەوتی تێکساسی ئەمەریکیش بۆ سفر دابەزی و هۆکارە سەرەکییەکەش کەمیی داخوازی بەرانبەر زۆریی خستنەڕوو بوو. بازاڕەکانی جیهان پێشتریش کێشەی زۆریی خستنەڕوویان هەبوو بەڵام سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەستانی زۆربەی کارگە و چالاکییە ئابوورییەکانی جیهان وایکرد رێژەی داخوازی هێندەی تر کەم ببێتەوە و نەوتێکی زۆر لەسەردەستان بمێنێتەوە.
بەگوێرەی dailyfx ئێستا هەر بەرمیلێک لە نەوتی برێنت لە سەرووی 42 دۆلار و نەوتی تەکساسی ئەمەریکاش لە سەرووی 40 دۆلار دەفرۆشرێت و هەوڵەکان بۆ ئەوەیە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لانی کەم لە 50 دۆلار تا کۆتایی 2020 نزیک بکرێتەوە.
بەردەوامیدان بە پلانی سنووردارکردنی هەناردەی نەوت لە لایەن ئۆپێک پڵاس و پەرەسەندنی چالاکییە ئابوورییەکانی جیهان و کرانەوەی بازاڕ و کارگەکان و لابردنی قەدەغەی هاتوچۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هۆکارە لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئەو وڵاتانەش سوود لەم بازاڕە وەردەگرن کە لە داهاتیاندا زیاتر پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستن و کەمبوونەوەی داهاتەکە کاریگەریی خستبووە سەر بژێوییان.

 

 

سلێمان تاشان- دلۆڤان رەحیم - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler