کانونی یەکەم 06, 2019

ئاسایشی ناوچە کوردستانییەکان بە بێ گەڕانەوەی پێشمەرگە دابین ناکرێت

ئاسایشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە بێ پێشمەرگە دابین ناکرێت و هەر بۆیەش هەوڵێکی نێودەولەتی بۆ گەڕاندنەوەی پێشەرگە بۆ ناوچە کورستانییەکان هەیە و ئامانجەکە ئەوەیە پێشمەرگە و سوپا بەهەماهەندگی یەکتر ئاسیشی ناوچەکە بپارێزن و رێگری لە سەرهەڵدانی هەر جۆرە جووڵەیەکی تیرۆریستی و تێکدەرانە بکەن.

ساڵی ٢٠١٤ لە دوای هێرشی داعش بۆسەر پارێزگای مووسڵ و دواتر ناوچە کوردستانییەکان، ئەو پاریزگایە و بەشیک لە ناوچە کوردستانییەکان کەوتە دەستی داعش و هۆکاری سەرەکی داگیرکارییەکەی داعشیش بۆ بەرگرینەکردنی سوپای عێراق و هەڵاتنیان دەگەڕێتەوە. سوپای عێراق سەرەڕای ئەوەی کە پێشکەوتووترین کەرستەی سەربازی و هامەڕی ئەمەریکییان لەبەردەستدا بوو نەیانتوانی لەبەرانبەر هێرشەکانی داعش بۆ سەعاتێکیش بەرگری بکەن و لە ناوچەکە دوور کەوتنەوە.
دواتر هێزی پێشەرگە ئەرکی پارستنی ئەو ناوچانەی بەدەستەوە گرت و رێگەی نەدا چەکدارانی داعش لەو ناوچانەی پێشتر گرتبوویان چێتر پێشڕەوی بکەن و بگرە بەشێکی بەرچاو لە ناوچەکانیشیان لە دەستی داعش رزگار کرد و ئارامی و ئاسایشیان بۆ ئەو ناوچە کوردستانییانە گەڕاندەوە. لە گرنگترین ئەو شوێنانەی کە بە خوێنی پێشمەرگە پارێزگاری لێ کرا شاری کەرکووک بوو و داعش بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا ئەم شارە داگیر بکات بەڵام پێشمەرگە پاراستی.
دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کە بە هۆی خیانەت کەرکوک لە لایەن حەشدی شەعبی داگیر کرا، پێشمەرگە پاشەکشەی پێ کرا و لەو کاتەوە هەموو ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە دەستی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە پاشەکشەی لێ کردوون تووشی بۆشایی ئەمنی هاتوونەتەوە.
ماوەیەکە هەوڵێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئارامی، پێشمەرگە بگەڕێننەوە ناوچە کوردستانییەکان بەڵام حکوومەتی عێراق پێی رازی نەبووە و مەرجی قورسی داناوە.
شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر باسی لەوە کرد لە هەموو ئەو شتانەی باس کراوە هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کورستان نییە.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بەشێکی گرێ دراوە بە کورد خۆیەوە و ئەگەر کورد تا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەو دۆخە رازی بێت ئەوا حکوومەتی عێراقیش خۆی لێ بیدەنگ دەکات و ئەمری واقع دەسەپێنێت، چونکە خوازیاری ئەوە نییە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەم ناوچانە، بەڵام ئەگەر کورد خۆی پێداگر بێت لەسەر مافەکانی خۆی لەم ناوچانە ئەوا هەر دەبێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی.
باس لەوە دەکرێت کە هەر یەک لە ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گوشاریان خستووەتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی بەوە رازی بێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە ئەمەریکییەکان لەوە دەترسن لە ئاکامی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رووادی نوێ و مەترسیدار بێنە کایەوە و بۆیەش پێیان باشە پێشمەرگە لە داهاتووی ئەو ناوچانە رۆڵیان پێ بسپێردرێت.
حەیدەر عەبادی لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا دژایەتی خۆی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە دەربڕیوە و مەرجی ئەوەی داناوە پێشمەرگە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی ئەوجار بگەڕێتەوە ناوچەکە. شاخەوان عەبدوڵا پێی وایە قسەکانی عەبادی زیاتر بۆ ئەوەیە تووشی شەرمەزاری نەبێت چونکە هەڵبژاردن لە پێشە و هەر دەبێت قسەی لەم شێوەیە بکات ئەگەرنا ئاستەمە پێشمەرگە بکەوێتە ژێر دەستی عەبادی و فەرمان لە عەبادی وەربگرێت.
ئەوی چارەسەری پرسەکەیە بریتییە لەوەی هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و بە هەماهەنگی و هاوکاری سوپای عێراق بەیەکەوە ئاسایشی ئەم ناوچانە بپارێزن و رێگە نەدەن داعش و هیچ جۆرە مەترسییەکی تر هەڕەشە لە دانیشتووانی ناوچەکە بکات.
پێشتریش جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ میدیاکان گوتبووی پێشمەرگە بەدرێژایی هەزار کیلۆمەتر لە ناوچە جێناکۆکەکان کشاوەتەوە، بۆیە دووبارە داعش بووەتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ئەو ناوچانە و لەسەر ئەم بنەمایەش ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان پێشنیازیان کردووە کە پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە بەڕێوەببەن. ئەو پێی وابووە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە لەبەرژەوەندی کورد و عێراق و خەڵکی ناوچەکانیشە.

© 2017 Hawler