کانونی یەکەم 06, 2019

بارودۆخی كەركووك زۆر خراپە و لەژێر داگیركاری عەسكەرییدایە

چەند ڕۆژێكی دیكە بڕیارە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق دەست پێ بكات، لە ئێستاوە هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان دەڵێن، لەم هەڵبژاردنە كورد ڕێژەی كورسیەكانی كەم دەكات، بەهۆی ئاستەنگی بانگەشە و ئاسایی نەبوونەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان، دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بە گوتەی چاودێرانیش، كورد لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان 10 كورسی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق لە دەستدەدات.

بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركووك دەڵێ، فەرماندەی ژوورە ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك بڕیاری قەدەغەكردنی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لە كەركووك داوە، رۆژانە تا كاتژمێر 7ی ئێوارە بانگەشە بۆ هەڵبژاردن دەكرێت، لەو كاتە بەدواوە قەدەغەیە، ئەوەش بە حسابی خۆی بۆ پاراستنی كەركووكە، بەڵام ئەوە ئیهانەكردنی خەڵكی كوردستانە.
بڕیارە لە 12ی مانگی 5 لە عێراق هەڵبژاردن بۆ خوولێكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، لەم هەڵبژاردنە هێزە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان هەر یەكە و بەلیستێك بەشداری دەكەن، قەوارە سیاسییەكان كێبڕكێ لەسەر بەدەست هێنانی زۆرترین كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق دەكەن، هەر بۆیە بەڵێنی جۆراوجۆر بە خەڵك دەدەن.
بە فەرمانی حاكمی سەربازی لە كەركووك، لە بانگەشەی هەڵبژاردن تەنیا رێگە بە هەڵكردنی ئاڵای عێراق و درووشم و ئاڵای حیزبەكان دراوە و دەبێت رۆژانە تاوەكو كاتژمێر حەوتی ئێوارە بانگەشە بكرێت و لەو كاتە بە دواوە قەدەغەیە، لە درووشمەكانیشدا باسی دەوڵەتی كوردی و ریفراندۆم نەكرێت، لەگەڵ ئەوەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە.
د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركووك بۆ "هەولێر" دەڵێ، فەرماندەی ژوورە ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك بڕیاری قەدەغەكردنی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لە كەركووك داوە، لەگەڵ ئەوەی رۆژانە تا كاتژمێر 7ی ئێوارە لەو كاتە بەدواوە نابێت هەڵمەتی هەڵبژاردن لەو شارە بەڕێوەبچێت، ئەوەش بە حسابی خۆی بۆ پاراستنی كەركووكە، بەڵام ئەوە ئیهانەكردنی خەڵكی كوردستانە، كە پێیانوایە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە نەتەوەكانی دیكە لە توركمان و عەرەب پێیان ناخۆش بێت، بۆیە ئەو بڕیارەیان داوە.
د. محەمەد خورشید، دەشڵێ، بارودۆخی كەركووك زۆر خراپە، بارودۆخێكی نائاساییە و لەژێر داگیركاری عەسكەرییدایە و رۆژ بۆ رۆژیش خراپ دەبێت، ئێمە وەكو پارتی لە كەركووك هەڵبژاردنمان بایكۆت كردووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە ملكەچی ئەو جۆرە بڕیارانە نابین، بۆ گەڕانەوەشمان بۆ كەركووك بڕیاری حزبە، هەر بڕیارێك بدات ئێمە ملكەچ دەبین و پێوە پابەند دەبین، بەڵام تا هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك قەدەغە بێت و كەركووك داگیركراو بێت، ئێمە وەكو پارتی ناگەڕێینەوە ئەو شارە".

© 2017 Hawler