تەمموز 10, 2020

تووشبووێكی دیكەی كۆرۆنا لە گەرمیان گیانی لەدەستدا

د. سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان بە كوردستان24ی گوت: "ئەو كەسەی ئێستا گیانی لەدەستداوە، ژنە و تەمەنی 73 ساڵ بوو".

بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان، گوتیشی: "تائێستا 14 كەس لە دەڤەری گەرمیان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە".

پێشتر د. سیروان محەمەد، رایگەیاندبوو: "ئەوانەی پشکنینی کۆرۆنا دەکەن، رۆژانە 33%ـیان پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەردەچێت، واتا دەردەکەوێت تووشی کۆرۆنا بوون، بۆیە بەپێی لێکدانەوەی ئامارەکان، مەزەندە دەکەین 45 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە ئیدارەی گەرمیاندا هەبن".

لە گەرمیان بەڕێوەبەری خۆپاراستن لە کۆرۆنا و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا، تووشی کۆرۆنا بوون، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان "تائێستاش خۆپارێزی لەلایەن خەڵکەوە زۆر لاوازە و قەرەباڵغی بازاڕ و ژیانی رۆژانە وەک پێش کۆرۆنایە".

لە سنووری گەرمیان رۆژانە لەنێوان 200 بۆ 250 پشکنینی کۆرۆنا دەکرێن دەکرێن. د. سیروان باس لەوە دەکات بەدواداچوونیان لە کلینیک و نۆرینگەکان کردووە و، ئەوان دەڵێن رۆژانە ژمارەیەکی زۆری تووشبووی کۆرۆنا دەبینن، بۆیە "ئەو ژمارەیەیەی لەلای ئێمە تۆمارکراوە کەمە و، کەمیشیان دێن بۆ لای ئێمە پشکنین بکەن".

بەگشتی 21 دانیشتووی گەرمیان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە: 7 کەسیان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی  و 14ـشیان لە نەخۆشخانەی قەڵا، هەروەها 843 کەس وەکو تووشبووی کۆرۆنا لە سنووری گەرمیان تۆمارکراون. د. سیروان محەممەد دەڵێ "ئەمانە لەدوای پشکنینی ورد تۆمارکراون، بەڵام لەراستیدا ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە، لەنێو ئەو کەسانەش 60ـیان کارمەندی تەندروستی و پزیشکن، کە زۆربەیان لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانیاندا تووشی پەتاکە بوون".

© 2017 Hawler