تەمموز 10, 2020

تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە 6 هەزار نزیکە

 

 

 

 

دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی بەرچاوی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کورستان و لە نێویشیاندا هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بە جیا کۆمەڵێک بڕیاریان دەرکرد لە پێناو رۆشنتربوونی داهاتوو و کەمکردنەوەی مەترسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا ٢٤ کاژێر زیاترە قەدەخەی هاتووچۆ جێبەجێ کراوە و ئەوەی سەرپێچی بکات سزا دەدرێت ، بەجۆرێک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند هەر شۆفێرێك بۆ سێیەم جار قەدەخەی هاتووچۆ بشكێنێ‌ دەست بەسەر ئۆتۆمبیلەكەیدا دەگیرێت.

پێشتر بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ ، شکاندنی قەدەخەی هاتووچۆ بۆ جاری یەکەم ١٠ هەزار و بۆ جاری دووەمیش سێ سەد هەزار بوو، ئەمجارە شوفێر قەدەخەی هاتووچۆ بشکێنێت دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت .

تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە ٦ هەزار نزیک بووەتەوە، تاوەکو ئێستا ٢٠٠ کەس ( تاوەکو ئێوارەی سێشەممە) بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەلام کەیسی چالاک لە نەخۆشخانەکان ٣ هەزار و ٩٣٧ تووشبووە.

بەپێی ئاماری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆی تووشبووانیش ١٧٦٧ تووشبوو چارەسەرکراون و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە ، لە ٢٤ کاژێری رابردووش ٢٣٢ تووشبووی نوێ تۆمارکران زۆرترینیان لە سلێمانی بووە.

لە سەرەتای مانگی ئادار تووشبووانی کۆرۆنا بە هێواشی لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە، شەپۆلی هێواشی کۆرۆنا نزیکەی دوو مانگ بەردەوام بوو، بەڵام لە کۆتایی مانگی ئایاردا و بەتایبەت لە دوای جەژنەوە رۆژانە زیاتر لە ١٠٠ یان ٢٠٠ تووشبوو تۆماردەکرێن،ئەوەش دۆخی کوردستانی بردە ئاستێکی مەترسیدار .

سلێمانی زۆرترین تووشبوو و گیان لەدەستدانی هەیە لەو پارێزگایە تووشبووانی کۆرۆنا گەیشتە ٤ هەزار و ٢٢٩ کەس و ئەوانەی چارەسەرکراون ژمارەیان گەیشتووەتە ٧٩٣ کەس ، تەنیا لە سلێمانی ١٧٠ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە .

هەرێمی کوردستان لەدوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەستی بە رێکارەکانی خۆپارێزی و دووری کۆمەڵایەتی کرد، بەجۆرێک لە 25ـی مانگی شوبات حکومەت بودجەی بۆ کۆرۆنا تەرخانکرد و پارەیەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشیە دانا،بەڵام بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان وای کرد حکومەت بەتەنیا دەرەقەتی دۆخەکە نەیەت، سەرمایەدار و دەوڵەمەندان بەشێکیان شانیان دایە بەر بەرپرسیارێتی، پاشان لە ٢٦ـی مانگ ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان داخران و چەند رۆژێک دواتر دەوامی حکومی کەمکرایەوە ، لە ٤ـی ئادار رێوڕەسمە ئاینی و بۆنەکان راگیران لە ١٤ـی ئایار بۆ یەکەم جار بەهۆی مەترسی ڤایرۆسەکە هاتووچۆ قەدەخەکرا و چەند جارێک درێژکرایەوە . دۆخی کوردستان تاوەکو دوو مانگ بەوشێوەیە مایەوە لەگەڵ سووککردنی بەشێکی بڕیارەکان لە بەربژێوی خەڵک .

پێش دوو رۆژیش ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی دا و تاوەکو ٤ـی تەمموز بەردەوام دەبێت،بە هەمان شێوە مزگەوت و پەرستگاکان داخراو دەبن و چێشتخانەکانیش تەنیا بە دیلیڤەری کاردەکەن

وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتی داوەتە پارێزگارەکان بۆ بڕیار،هەر پارێزگایە و بەشێوازێک رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێکردووە، بەڵام هەموویان داوا لە خەڵك دەکەن پابەند بن و لە قەرەباڵغی و بۆنە و کۆبوونەوە دوور بکەونەوە .


هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ئایاردا گەیشتە قۆناغێکی باش لە کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا، بەجۆرێک بووە نموونەی سەرکەوتن و کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووان لە ناوچەکەدا، بەڵام وەزارەتی تەندروستی دەڵێت پابەندنەبوونی بەشێکی خەڵكی ریسەکەی کردەوە خوری و ژیانی خەڵکی دیکەش کەوتە مەترسی، سلێمانی کە زۆرەترین تووشبووی کۆرۆنای هەیە لەبەر زۆری ژمارەی تووشبووان، ئەو تووشبووانەی بە سووکی ڤایرۆسەکەیان گرتووە یان نیشانەیان نییە دەنێردرێنە ماڵەوە و لەوێ کەرەنتین دەکرێن .

 

© 2017 Hawler