تەمموز 10, 2020

هەرێمی کوردستان بۆ کاری بازرگانی بۆ عێراق بووەتە دەروازەیەکی گرنگ




جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ‌نێوان هەرێم و وڵاتانی ناوچە بەردەوامە‌ و هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، تەنها رێکاری تەندروستی توندتر کراوە و رۆژانەش هەموو جۆرە کەلوپەلێک بۆ هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێت. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک دیارکرد، هەرێمی کوردستان بۆ کاری بازرگانی بۆ عێراق بووەتە دەروازەیەکی گرنگ.
‌ئێستا پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لە ‌ڕووی بازرگانییەوە لەگەڵ وڵاتان زۆر فراوان بووە و تەنها لە وڵاتانی دراوسێ کەلوپەل هاوردە ناکات، بەڵکو لە هەموو وڵاتانەوە کەلوپەل هاوردە دەکات.
کۆگاکانی هەرێمی کوردستان قەبارەیەکی زۆری خۆراک و پێداویستییان تێدا هەیە، بەرپرسانی هەرێم هاووڵاتیان دڵنیا دەکەنەوە مەترسیی هیچ گرانییەک لە ئارادا نییە و بەردەوامیش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە چاودێریی بازاڕ و ڕەوشی بازرگانی دەکرێت".
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک، بۆ "هەولێر" دەڵێت:" دوای سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆرۆنا، جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بەردەوامە و نەوەستاوە، بەڵام لەژێر چاودێری چڕی وەزارەتی تەندروستیدا بەڕێوە دەچێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک،  دەشڵێ:" بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە دیوی سنووری تورکیا، بارەکان بۆ هەرێم دێنن و دواتر پشکنینی توندی تەندروستییان بۆ دەکرێت، ئینجا لە رێگەی بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی هەرێم دەکرێن، بۆیە ئاڵوگۆری بازرگانی وەکو پێشووتر بەردەوامە، هەموو جۆرە کەلوپەلێک هاوردە دەکرێت".
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دهۆک جەختی لەوەشکردەوە: " هەرێمی کوردستان بووەتە سەنتەرێکی ئابووریی گرینگ بۆ عێراق و ئەو کەلوپەلانەی دێنە هەرێمی کوردستان لە هەموو وڵاتان هاوردە دەکات، بەڵام زۆربەیان لە وڵاتی تورکیاوە دێن، بە حوکمی ئەوەی هاوسنوورین لەگەڵ ئەو وڵاتە، بۆیە هیچ کات تووشی قەیرانی کەمیی کەلوپەل نابین".

ڕائیب جادر

© 2017 Hawler