تەمموز 10, 2020

رێژەی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە


ڕائیب جادر




رێژەی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تا دێت بەرزدەبێتەوە، بەپێی ئاماری رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان زیاتر لە 10.000 بەکارهێنەر لە هەرێمی کوردستاندا هەن و ژمارەکەش لەزیادبووندایە، تەنیا لە ماوەی ٦ مانگدا لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، ٥٨٦ تۆمەتبار دەستگیرکراون، ٢٩٢ تۆمەتبار سزادراون و ٢٩٤ تۆمەتباریش لەژێر لێکۆڵینەوەدان، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ٤٥٨ کیلۆگرام و ٥٥٢ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری جیاواز.

لە ماوەی 11 مانگی ساڵی 2019 دا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سەر بە دەزگای ئاسایش لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر، دهۆک، سۆران و ئاکرێ 916 کەسیان دەستگیرکردووە و 115 کیلۆگرام دەستی بەسەرداگیراوە.

تا ئێستا 17 جۆر ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان بینراون و دەستیان بەسەردا گیراوە. بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەهیشتنی ماددە هۆشبەرەکان ساڵی رابردوو نزیکەی هەزار کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکردووە.

6-26ـی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردنە بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، بەگوێرەی دوایین راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2017دا 271 ملیۆن کەس لە جیهاندا ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن کە دەکاتە 5.6% دانیشتووانی تەمەن نێوان 15 بۆ 64 ساڵی گۆی زەوی، لە هەرێمی کوردستانیش ساڵ بە ساڵ ئاماری ئاڵوودەبووان و بازرگانیکردن بەو ماددەیە مەترسیدارتر دەبێت.

بەگوتەی دەزگا ئەمنییەکان و ئەو پەرلەمانتارانەی کار لەسەر دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن، وڵاتانی دراوسێی کوردستان، هۆکاربوون بۆ ئەوەی بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیاد ببێت.

ئەوانەی هانی هاووڵاتییان دەدەن بۆ بەکارهێنانی ئەم ماددانە کە هەڕەشەیەکی ترسناکە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و خۆشگوزرانییان و زیان دەگەیەنێت بە بنەماکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ڕەوشت لەناو کۆمەڵگەدا و بە مەبەستی پەیڕەوکردنی ڕیسای زانستییانە لە چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانن بۆ پتەوکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لەم بوارە و بە مەبەستی ڕیگەنەدان بە چاندنی ماددە هۆشبەرەکان، یان ئەو ڕووەکانەی کارتێکەری عەقڵییان لێ دەردەهێنرێت، یان سنووردارکردنیان وەک ئافاتێکی مەترسیدار، کە هەڕەشە لە قەوارەی کۆمەڵگە دەکات و دانانی سزای پێشگر بۆ ئەو کەسانەی دەیانچێنن، یان بازرگانییان پێوە دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی چالاکییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند لەو ماوەیەدا 586 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. 292 تۆمەتبار سزادراون. 294 تۆمەتباریش پەڕاویان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماری ئەو ماددە هۆشبەرانەشی بڵاوکردووەتەوە کە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا دەستیان بەسەردا گرتووە. ئەویش 358 کیلۆ و 552 گرام ماددەی هۆشبەر بووە.

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیێندراوەکەیدا هۆشداری بە بەکارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەدات و دەڵێت: "هێزەکانمان هەمیشە چاوکراوەن و هیچ تاوانبارێک نەیتوانیوە دەربازی ببێت و چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت".

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت لەو رۆژەدا پێویستییان بە مامۆستایانی ئاینی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی راگەیاندنە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و پیشاندانی زیان و لێکەوتە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.

پەرلەمان پرۆژە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان پەسەند کرد، کە یاساکە لە 51 ماددە پێکهاتووە، لەمەودوا بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەجیاتی ئەوەی وەک تاوانبار بخرێنە گرتووخانە، وەک نەخۆش لە سەنتەرە تایبەتەکان چارەسەر وەردەگرن و  سزای بازرگان ‌و چێنەری ئەو ماددانە تووندتر دەکرێت.

موحسێن دۆسکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بۆ "هەولێر" دیارکرد:" بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر مەترسیەکی زۆر هەیە بەتایبەتی لەسەر گەنجەکانمان، لە هەمانکاتدا رۆژ بۆ رۆژ بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن، ئەوەش ئایندەی گەنجەکانی ئێمە دەخاتە مەترسییەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەستی بەوە کردووە

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ:" هاتنی خەڵکی بیانی بۆ ناو هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر زۆر زیادی کردووە، فراوانبوونی هاتووچۆ لە دەروازە سنوورییەکان بۆتە هۆکار کە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان بڵاو بێتەوە، سنوورەکانی کوردستان، لەگەڵ عێراق، ئێران و تورکیا فراوانن و رۆژانە خەڵکێکی زۆر هاتووچۆ دەکەن، بۆیە دەروازە سنوورییەکان هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان".

دۆسکی، جەختی لەوەشکردەوە :" دەبێت خەڵک هۆشیار بکرێتەوە، لە مەترسییەکانی ئەو ماددەیە، چونکە ئەگەر خەڵک هۆشیار بێت چەند داخیلی ناو هەرێم بکرێت، خەڵکی ئێمە لێ دوور دەکەوێتەوە، بۆیە ماددەی هۆشبەر بابەتێکی زۆر گرنگە و ماڵی زۆر کەسی خراپ کردووە، خەڵک هەبووە هەرچی سەروەت و سامانی هەبووە لە دەستی داوە، هەتا خانووی خۆی فرۆشتووە بەس بۆ ئەوەی بڕێک ئەو ماددەی دەست کەوێت، بۆیە مەترسییەکی زۆر گەورەیە و پێویستە ئەو بابەتە بە هۆشیاری، سمینار، ورکشۆپ گەنجان لێی ئاگادار بکرێنەوە.

موحسێن دۆسکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان زیاتر دەڵێ:" ئەو یاسایەی لە پەرلەمان دەرچوو بۆ ئەوەیە ئەو خەڵکەی توش بووە چارەسەر بکرێن، ئەوانەشی بازرگانی پێوە دەکەن بە شێوەیەکی توند سزا بدرێن، چونکە رۆژ بۆ رۆژ بەکارهێنەرانی ئەو ماددەیە لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن، ئەگەر رێگری نەکرێت لەو کەسانەی بازرگانی بەو ماددەیەوە دەکەن، خەڵکێکی زۆر توش دەبن".

 


© 2017 Hawler