تەمموز 10, 2020

عێراق بەڵێنیی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی جێبەجێ نەکردووە

 

 

سلێمان تاشان

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش عێراق وەک پێویست گوێڕایەڵی رێککەوتنی ئۆپێک پڵاس نەبووە و زۆر کەمتر لەو بڕەی بۆی دیاریکراوە بەرهەمهێنانی نەوتی کەم کردووەتەوە.رێکخراوی ئۆپێک بڵاوی کردەوە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا رێکخراوەکەیان ملیۆنێک و 500 بەرمیل نەوتی تری کەم کردووەتەوە.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵ وڵاتانی ئۆپێک  و هاوپەیمانەکانی هیچ چارەیەکیان نەما جگە لەوەی سنوورێک بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت دابنێن. ئاخر بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان سعوودیە و رووسیا و بڕیاری بەلێشاو هەناردەکردنی نەوت لە لایەن سعوودیە لە پڕ نرخی نەوت لە سەرووی 45 دۆلارەوە بۆ 33 دۆلار دابەزی و دواتر رەوتی ئەم دابەزینە هەر بەردەوام بوو بە شێوەیەک نرخی نەوتی برێنت تا 16 دۆلار دابەزی و نرخی نەوتی تێکساسی ئەمەریکیش بۆ سفر دابەزی و تەنانەت بەرهەمهێنەرانی نەوت بڕە پارەیەکیشیان دەدایە کڕیار بۆ ئەوەی نەوتەکە لە کۆگا بگوازنەوە و کرێی کۆگاکردنیان لەسەر کۆ نەبێتەوە.

لە مانگی ئایاردا بڕیار درا بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکرێتەوە و هەر وڵاتە و بە گویرەی تواناکانی بەرهەمهێنان پشکی بۆ دیاری کرا و زیاتر لە هەر وڵاتێکی تریش سعوودیە رۆڵی هەبوو لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانەکە. بڕیارەکەی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لە سەرەتای مانگی ئایارەوە جێبەجی کرا و هەر ئەو هەنگاوەش وایکرد نرخی نەوتی برێنت بۆ سەرووی 40 دۆلار و نەوتی ئەمەریکیش بۆ سەرووی 38 دۆلار بەرز ببێتەوە.

رۆیتەرز بە پشتەبستن بە ئاماری کۆمپانیاکانی چاودێری کەشتییەکانی نەوتهەڵگر بڵاوی کردووەتەوە جگە لە ئێران و لیبیا و ڤەنزوێلا کە لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵاس سەربەست کراون نەوتی زیاتر بفرۆشن. 10 ئەندامەکەی تری ئۆپێک پەرەیان بە دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت داوە و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتیان کەم کردووەتەوە.

هەر یەک لە عێراق و نایجریا راستە لە مانگی حوزەیراندا بەرهەمهێنانی نەوتیان کەم کردووەتەوە بەڵام رێژەی کەمکردنەوەکە زۆر لەو ئاستە کەمترە بۆیان دیاری کرابوو. لە مانگی ئایاریش گلەیی لە عێراق کرا لەوەی بەشدارنەبووە لە سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

بەگوێرەی رێککەوتنی ئۆپێک و وڵاتانی هاوپەیمان دەبێت ئەم وڵاتانە لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمووز 23% لە بەرهەمهێنانی نەوتیان کەم بکەنەوە کە دەکاتە نۆ ملیۆن و 700هەزار بەرمیل و پشکی ئەم 10 وڵاتەی ئەندامی ئۆپێکیش سەرووی شەش ملیۆن بەرمیلە.

هەر یەک لە سعوودیە و ئانگۆلا و ئیماراتی یەکگرتوووی عەرەبی سەرووی ئەو بڕەی پێیان سپێردرابوو کەمی بکەنەوە بەرهەمهێنانیان کەم کردووەتەوە.

عێراق بەڵێنی داوە لە مانگەکانی تر قەرەبووی بکاتەوە و سەرووی ئەو رێژەیەی بۆی دیاری کراوە بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە.

پێویستە بگوترێ لە دابەزینی نرخی نەوت کاریگەریی زۆری خراپی خستووەتە سەر ئەو وڵاتانەی لە داهاتیاندا زیاتر پشت بە فرۆشتنەکەی دەبەستن.

لە هەرێمی کوردستان کە فرۆشتنی نەوت یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی بووە لە چەند مانگی رابردوودا نرخەکەی ئەوەندە دابەزیبووو کە کرێی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوتیشی دەرنەدەهێنایەوە  و یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی دواخرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە. پێشتریش لە کۆتایی ساڵەکانی 2015 و 2016 دابەزینی نرخی نەوت حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد بەشێک لە مووچەکە پاشەکەوت بکات.

ساڵی رابردوو کە نرخی نەوت تا ارێژەیەکی بەرچاو هەڵکشابوو و کێشەی کۆرۆنا لە گۆڕێ نەبوو فەرمانبەران مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرت. پێویستە ئاماژە بەو راستییەش بکرێ کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ بەهۆی رێوشوێنەکانی دژ بە کۆرۆنا و نەناردنی بەشە مووچەی هەرێم لە لایەن بەغداوە، هێندەی تر کاریگەریی لەوسەر کەمبوونەوەی داهاتی هەرێم هەبووە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە سوودی هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە و راستە دواین پلانی ئۆپێک پێداگری لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان دەکات بەڵام ئەگەر بڕێکی کەمتری نەوت بە نرخێکی بەرز بفرۆشرێت زۆر باشترە لەوەی بریکی زۆری نەوت بە نرخێکی کەم ساغ بکرێتەوە.

ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل هەناردە بکات ئەوا بە بەرزبوونەوەی هەر دۆلارێک لە نرخی نەوت رۆژانە 400 هەزار دۆلار و مانگانەش 12 ملیۆن دۆلار لە داهات بەرز دەبێتەوە.

 

 

© 2017 Hawler