تەمموز 10, 2020

بۆردوومانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە

 

دوای ئەوەی رۆژی ١٧ـی ئەو مانگە تورکیا لە سەر سنوور ئۆپەراسیۆنی "چرنوکی هەڵۆی " دەستپێکرد و لە سنوورێکی فراوانەوە دەستی بە بۆردوومانی گوندەکان کرد، جگە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیش دەنگی ناڕەزایەتیی هەیە بەرامبەر ئەو بۆردوومانانە کە بوونەتە هۆکاری چۆڵ بوونی چەندین گوندی سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی ،دهۆک .


تورکیا بە بیانووی بوونی پەکەکە و شەڕی تیرۆر ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکات، بەڵام تاوەکو ئیستا ٦ کەسی سڤیل بەهۆی بۆردوومانەکان گیانیان لەدەستداوە، جموجۆڵی سەر سنووری سەرکردایەتی کوردستان و لایەنەکانی هێناوەتە دەنگ و داوا دەکەن تورکیا رێز لە سەروەری خاکی کوردستان بگرێت، بەپێی دەستووریش ئەرکی عێراقە سنوورەکانی لە هەڕەشە و هێرش و جموجۆڵی سەربازی بپارێزێت.


لە ئاستی ناوچەکەدا، ئیمارات و وڵاتانی عەرەبی داوا دەکەن تورکیا بە خێرایی ئۆپەراسیۆنەکەی بوەستێنێت، ئەوەی کراوە بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق دادەنێن، لەسەر ئەوەش پەیوەندی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی هێندەی دیکە خراپتر بووە .


بەپێی راپۆرتێکی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، جگە لەوەی شەڕی پەکەکە و تورکیا ماڵوێرانی زۆری بۆ خەڵکی باکووری کوردستان دروستکردووە، لە هەرێمی کوردستانیش خەڵکی تووشی سەر ئێشە کردووە، شەڕی هەردوولا لە چەند ساڵی رابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی لە پارێزگای دهۆک ٣٦٣ گوند و لە هەولێر ١١٨ گوند و لە سلێمانیش ٤٠ گوند بەهۆی شەڕی هەردوولا چۆڵکراون، هەر بەپێی راپۆرتەکە ١١٨ گوندی سنووری برادۆست بەهۆی ئەو شەڕانەوە چۆڵکراون، ٤٥ کیلۆمەتری سنوورەکە بە رووبەری نائارام دادەنرێت .


هەرچەندە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و لایەنی حکومی سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کردووە، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی کورد سەرکۆنە بەس نییە و عێراق هەنگاوی جیددی نەهاوێشتووە بۆ داوای راگرتنی بۆردوومانەکان، پێش چەند رۆژێکیش لەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە کۆبوونەوەی نهێنی لە نێوان هەردوولا هەبووە .


لەگەڵ ئەوەی بەشێکی وڵاتان بەهۆی ئەندامیەتی تورکیا لە ناتۆ و هاوپەیمانی بوونی خۆیان لەو بابەتە لادەدەن و بە شەڕی تیرۆر ناوی دەبەن،بەڵام بەپێی راپۆرتی نێودەوڵەتی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان زیانی زۆریان بەرکەوتووە، تەنیا ئەمساڵ بە گوێرەی راپۆرتی وەزارەتی پێشمەرگە ١٤٠ جار سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێران بۆردوومانکراون، بەهۆیەوە مەڕدار و خەڵکی گوندەکانی سنوور ناتوانن سوود لە بەرووبومەکانیان ببینن .


جیم کوپەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە بازنەی ناشڤیڵ کە سەر بە کۆمارییەکانە لەبارەی بۆردوومانەکان دەڵێت:" زۆر نیگەرانم لەبارەی ئەو زانیاریانەی باس لە هێرشی سەربازی دەکەن لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر کورد لە سنوورەکانی عێراق، کورد هاوپەیمانێکی پشتپێبەستراوی ئەمریکان لە شەڕی دژی داعش، هەر پێشێلکارییەکیش لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر خەڵکی سڤیل دەبێت سەرکۆنە بکرێت ."


دوو رۆژ دوای بۆردوومانی سنوورەکان ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی ئەو جموجۆڵە سەربازییانەی سەر سنووری کرد و رایگەیاند:" حكومەتى هەرێمى كوردستان سەرکۆنەی شەهیدکردن و زیان گەیاندن بە ھاووڵاتییان دەکات لەلایەن هەر لایەنێک و بە ھەر هۆکارێکەوە بێت.


داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین رێز له سەروەرى خاك و نيشتيمانمان بگرێت و پەکەکەش پێويسته ئەو ناوچانە چۆل بکات بۆ ئەوەی ئێدی نەبنە هۆکار بۆ دروستکردنى پشێوى لە ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان.


حکومەتى هەرێمى کوردستان خوازیارى پەیوەندیى دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و نایەوێت لەناو خاکى هەرێمى کوردستان هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێک.


هەروەها جەعفەر ئیمینیکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی پێش دوو رۆژ رایگەیاند:" ، زیاتر لە هۆکارێک هەیە لایەنی تورکی دەیەوێت ئەو رووبەڕووبووناوانە درێژە بکێشێت تاوەکو بۆ ناوخۆی وڵات لە هەڵبژاردنی داهاتوو سوودی لێوەربگرێت، زیاتر لە هۆکارێکیش هەیە بۆ سەرکردایەتی باڵی سەربازی پەکەکە لە قەندیل گەمارۆدراون و لایەنگرانیان بە شکستخواردوو تۆمەتباریان دەکەن، لەگەڵ خواستی لایەنی تورکین بۆ بەردەوامیدان بەو رووبەڕووبوونانە لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و درێژەکێشانی ئەو شەڕە، بۆ ئەوەی شکستە سیاسی و سەربازییە بەردەوامەکانیان لە نێو خۆی گۆڕەپانەکەیان کە کوردستانی تورکیایە، بگۆڕن بۆ ئاڵۆزکردنی ململانێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ زیادکردنی توڕەیی جەماوەریی تاوەکو بگاتە ئاستێکی مەترسیدار.

چەندین ساڵە پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بووە،ئەوەش بۆتە بیانوو بۆ تورکیا و بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەکات ،لە شەڕی هەردوولاش خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی و ئاگری شەڕی هەردوولا .

 

© 2017 Hawler