کانونی یەکەم 06, 2019

٣٩ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بوو لە نەمسا.. لە ساڵڕۆژی هەوڵی تیرۆری مەسعود بـــــارزانی و پاکتاو کردنی ڕێبازی بارزانی و سەربەخۆییخــــــــوازی کوردستان

٣٩ ساڵ تێپەڕی بەسەر هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٧٩ سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک یاوەری لەو وڵاتە، کەوتنە بۆسەی پیلانێکی تیرۆر کردنەوە و سەرەنجام هەموویان بە سەلامەتی ڕزگاریان بوو، ئەگەرچی دوو لە یاوەرانی بریندار بوون. بۆ زانینی چۆنییەتی ڕووداوەکە و چەند تەوەرێکی تایبەت بەو ڕووداوە (عبدالسلام بەراوری) کە یەکێک بووە لە هاوەڵانی سەرۆک بارزانی لە نەمسا، ڕووداوەکە و چەند سەرنجێک دەخاتە ڕوو:

ڕووداوەکە لە زاری عبدالسلام بەروارییەوە:
لەسەرەتای ساڵی ١٩٧٩ خۆپیشاندانەکانی ئێران دەستی پێکردبوو و ئاماژەکان ئەوە بوون کە ڕژێمی شا کۆتایی پێدێت، سەرۆک بارزانی بە هۆی ئامادەکاری و ڕێکخستنی گەڕانەوەی مستەفا بارزانی بۆ کوردستان، هاتبۆ نەمسا لەگەڵ وەفدێک، کاتێک کە هاتە نەمسا، ئێمە جێگامان بۆ ئامادە کرد کە ئەوکات بارەگای لقی ٦ لە ڤییەنا بوو، من و حەمە ڕەزا و دکتۆر جرجیس حەسەن بووین لە لق، وەک بارەگایەکی نهێنی لەوێ بووین، پێمان باش بوو جێگایەکی نهێنی بۆ سەرۆک بارزانی ئامادە بکەین و دەبوو ماوەیەک بمێنێتەوە، ڕۆژێک دانیشتبووین پێی گووتین کە فارس باوە لێرەیە و پێی زانیووە من لێرەم و دەیەوێت بمبینێت، ئێمە بە هۆی ئەوەی ئەمنیەتی خۆمان دەپاراست لە بینینی وەفد و ئەو کەسانەی لە ناو حکومەتەوە دەهاتنە ئەوێ، ترساین و پێمان گووت باش نییە بیبینیت، دوو سێ جاری تر ئەو بابەتەی پێ گووتین، کە من بووم حەمە ڕەزا بوو عارف تەیفور بوو کە ئەوکات ئەندامی قیادە مۆقەتە بوو لەگەڵ تارق عەقراوی ئەندامی لق بوو، ئازاد بەرواریش لەوێ بوو، ئێمە پیمان دەگووت مەترسیدارە و ئەگەر زۆر زەروورە یەکێک لە ئێمە ئەچین بیبینین. ترسەکەی ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە بوو، پێمان وابوو حکومەتی عێراقی ئەوانە دەنێرێت تا چاودێریمان بکات و زانیاری وەربگرێت، لەو کاتەشدا ڤییەنا جێگایەکی بەهێزی موخابەراتی عێراقی بوو لە ئەوروپا، سەرۆک پێی گووتین بۆیە زەرورە بیبینم ئێمە هەندێک کەسمان هەبووە کاری نهێنی بۆ کردوین، لام گرنگە چارەنوسیان بزانم وە پیی گووتین من باش فارس باوە دەناسم و ئەگەر سەیری چاوی بکەم دەزانم ڕاستە لەگەڵم یا نا. تا لە کۆتاییدا بڕوای هێنا کە نەیبینێت، پاشان لە ٨ ی ١ ی ١٩٧٩ بوو، سەعات سێ یا چواری بەیانی بوو، تەلەفۆن لێیدا، تارق عەقراوی بوو گووتی: لە کوێی؟ گووتم: لە ماڵم، پێی گووتم دەتوانی بگەیە ئێرە ؟ ترسام پێم گووت لە کوێن؟ گووتی لە ماڵی حەمە ڕەزا، پێم گووت چی بووە؟ گووتی تەقەمان لێکراوە، مەترسە کاک مەسعود سەلامەتە، بەس ئازاد بریندارە و ئەویش سەلامەتە، تەکسییەکم گرت و چوومە ئەوێ کاک مەسعود لەگەڵ مستەفا بارزانیدا قسەی ئەکرد، ئەوەی کە بۆ منیان گێڕایەوە لەسەر ڕووداوەکە، شەوی پێش ڕووداوەکە، کاک مەسعود بە حەمە ڕەزا دەڵێت تەلەفۆنێک بۆ پیرۆت بکە ئەمەوێت بیبینم، خۆت تێلی بۆ بکە ناوی من مەهێنە بڵێ ئەگەر لە ماڵی دێم چایەکت لەگەڵ ئەخۆم، بۆیە حەمە ڕەزا تەلەفۆن بۆ پیرۆت ئەکا و ئەڵێت من دێمە لات ئەتبینم، باسی کاک مەسعود ناکات، عارف تەیفور بە هۆی ئەوەی میوانی هەیە لەگەڵیان ناچیت، ئازادیش بە هۆی نەخۆشی ئەیەوێت بگەڕێتەوە، بەڵام کاک مەسعود پێی ئەڵی ئازاد تۆ وەرە لەگەڵمان، بۆیە ئازاد و حەمە ڕەزا و کاک مەسعود ئەڕۆنە ناوچەی ١٢ بۆ لای شوقەکەی پیرۆت، کاتێک ئەگەنە ئەوێ کاک مەسعود ئەبینێت پیرۆت گلەیی ئەکات ئەڵێت: بۆچی بە منتان نەگووت ئەوتان لەگەڵە؟ کاک مەسعودیش پێی ئەڵێت خۆم پێم گووت پێت نەڵێت، لەوێ کاک مەسعود بە پیرۆت ئەڵێ تەلەفۆنێک بۆ فارس باوە بکە، پێی بڵێ با بێتە ئێرە بچین چایەک بخۆینەوە، بەڵام ناوی من مەهێنە، کاتێک ئەویش دێت، کاک مەسعود ئەبینێت بۆ ئەو موفاجەئە ئەبێت و ئیتر دادەنیشن تا وەختێک دەڵێن با ئیتر بڕۆین، نزیکی کاتژمێر ١٠ی شەو ئەبێت، پاشان کاک مەسعود و فارس پێکەوە ئەمێننەوە بە تەنیا، حەمە ڕەزا و ئازاد و پیرۆت دەچنە خوارەوە تا ئۆتۆمبێلەکە بێنن، ئازاد ئەبینێت بەرامبەر شوقەکە بنکەی تەلەفۆن هەیە و کابرایەکی تێدایە خەریکی تەلەفۆن کردنە، ئەویش دەیەوێت بزانێت کێیە، کە ئەڕواتە پێش کابرا ئەبینێت پوتێکی شەرقی لەبەرە، بۆیە ئازاد لەوێ شک بە پیلانێک دەکات، بەڵام نایکات بە هەڵا، چونکە خەڵکی میسری لەو ناوچەیە زۆر ئەبێت و ءەڵێت ئەشێت میسری بێت، ئەڕواتەوە تا پێیان بڵیت وریابن کابرایەکی شەرقی لەوێیە، لەو کاتەدا هەستی کرد شتێکی بەرچاو ئەکەوێت و هەست ئەکات کە بە دەمانچە تەقەیان لێ ئەکرێت، بۆیە هەموویان ئەڕۆنەوە بەرە و شوقەکە تا نەهێڵن تەقە کەرەکان بگەنە لای کاک مەسعود، لە شوقەکە گڵۆپی سەر پەیژەکانیان کوژاندۆتەوە تا نەتوانن ببینن، لەو کاتەدا پیرۆت ئەڵێت من بریندارم ئازادیش بریندار بووە لە پشتی درا بوو، بەو حاڵەوە خۆیان گەیاندبۆ سەرەوە، کاک مەسعود دەڵێ، ئێمە لەسەرەوە گوێمان لە تەقە بوو، بۆیە لەوێ بە فارسی گووتبو ئەوەی ویستت کردت، دڵنیام نەوەکانیشت ئاو ڵێڵ ناکەن، فارسیش پێی گوتبوو ئەزبەنی من پەیوەندیم بەو کارانەوە نییە و من ئاگادار نیم. لەو کاتەدا ئەوانیش دەگەنە سەرەوە لە دەرگا دەدەن و، بە برینداری دێنە ژوورەوە و پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکەن و بە پۆلیس ڕادەگەینن کاک مەسعودی کوڕی مستەفا بارزانییە لەوێیە و پاش کەمێک بەڕێوبەری پۆلیسی ڤییەنا خۆی گەیشتۆتە جێگاکە و هەموویانی گەیاندۆتە بنکە و لەوێ کاک مەسعود پێی گوتن من فارس تۆمەتبار ئەکەم، بەڵام فارس لەبەر ئەوەی پاسەپۆرتی دبلۆماسی پێ بووە بۆیە نەیانتوانیوە ئیجرائاتی لەگەڵ بکەن. ئازاد و پیرۆت دەگەیەننە نەخۆشخانە و کاک مەسعود گەیەنرایەوە شوقەکەی حەمە ڕەزا، ئیتر لەوێ خرایە ژێر پاسەوانی پۆلیسی ڤییەناوە، وە پێشیان ڕاگەیاندبوو دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە نەمسا دەربچێت، بەڵام بەر لە دەرچوون کاک مەسعود دووپاتی کردبۆوە سەردانی نەخۆشخانە بکات و گوتبووی ئەوان بە هۆی منەوە ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسییەوە و سەری لێدابوون، لە کاتێکدا هیچ لە تەقەکەرەکان دەستگیر نەکران و تا پۆلیس گەیشت هەموویان هەڵهاتبوون، ئیتر کاک مەسعود دوای ئەوەی سەردانی ئازاد و پیرۆتی کرد لە نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێری پۆلیسدا گەیشتە فڕۆکەخانە و بەڕێکرا، فارسیش ئازادکرا، چونکە دەلیلی لەسەر نەبوو وا ڕایانگەیاند ئاگاداری هیچ نەبووە، پاش ئەو ڕووداوە بە ٢ ڕۆژ، پەیوەندییەکمان بۆ هات، کاتی خۆی ئەوەی کە دەهاتە نەمسا و داوای لجوئی دەکرد لەو ولاتە، وەرگێڕییان بۆ دادەنا، براداەرانی ئێمە کە دەهاتن ئەوانەی لە شۆڕشی گوڵان پێشمەرگە بوون، پرسیاری سەیریان لێدەکردن مقەڕی فڵان کەس لە کوێیە و ژمارەتان چەند نەفەرن و ..هتد، ئێمە بە پۆلیسمان گووت قبوڵی ناکەین، ئەگەر برادەرێک ویستی پێشمەرگە بوو، ئێمە ئیفادەی بۆ ئەکەین، پەیوەندیمان بە پۆلیس کرد، گووتی ئەوە دوو کەس هاتوونە خۆیان تەسلیم کردووە، ئەڵێن ئەگەر پارتی نەبێت ئێمە ئیفادە بۆ کەس نادەین، دوو کوڕی سلێمانی بوون، گووتیان ئێمە لەگەڵ حکومەتین و لە بولگاریا بووین، حکومەت ئێمەی ناردووە ٦ تا ٧ کەس بووین، پاشان گووتیان خۆتان ئامادە بکەن دەچینە جێیەکی تری ئەوروپا، عەمەلییەکی تر ئەکەین، وە نەمان ئەزانی چییە و چی نییە، ئیتر بە شەمەندەفەر هاتینە نەمسا، هەردووکمان کورد بووین، لە ڕیگا گووتمان ئێمە کە هەردووکمان کوردین و گەیشتوینە بە ئەوروپای ڕۆژئاوا، ئیتر بۆچی ئەو کارانە بۆ حکومەت بکەین؟، بۆیە خۆیان تەسلیمی پۆلیس کردووە، کە ئەو ڕووداوەیان زانی بوو زانیبوویان دەبوو ببنە بەشێک لەو عەمەلییە. ئیتر نازانم زانیارییە تایبەتییەکان ڕەنگە لای خەڵکی تر بن لەسەر ئەم ڕووداوە.
بۆچی نەمسا ببو بە مەرکەزی سیخوڕی وڵاتان لە پاش ئەمە و ئەوەی قاسملوش لەوێ ڕوویدا، گرنگی نەمسا لە چیدابوو؟
نەمسا لە ناوەڕاستی ئەوروپایە و وڵاتێکە لە ناتۆ نییە و سەنتەری جولەکە بووە بۆ ئیسرائیل و بۆ ئەمریکا،جێگایەکی باش بوو بۆ ئەوانەی ڕا ئەکەن لە سەربازگەی ئیشتراکی، بەشێک بوو لە پروپاگەندەی شەڕی سارد و هۆکاری تریش وای کردبوو ببێتە مەرکەزی موخابەراتی بۆ زۆر لە وڵاتان نەک هەر عێراق، بۆ زۆربەی ولاتانی تریش.
بۆچی دەستنیشانکردنی سەرۆک بارزانی بۆ تیرۆرکردن لەو کاتەدا ؟
یەکێک لە هۆکارەکان شۆڕشی ئێرانی لەوکاتەدا کە ئەگەری گۆڕینی سیستەمی سیاسی هەبوو، ڕۆژئاوا و ئەمریکیەکان دەترسان لەوەی گروپە چەتەکان دەسەڵات وەربگرن، ئەوان ئەوەندە حیسابیان بۆ دەسەڵاتە ئیسلامییەکان نەدەکرد، حیسابییان بۆ ئەوە نەکردبوو کە مەزهەبی شیعەش ڕێکخستنە، پێان وابوو ئیسفادە لە خامنەیی ئەکەن، کاتێک کاک مەسعود لەوێ بوو ئەویش دژی شا و خیانەتەکەی بۆ وڵاتان حیسابێکی گەورە بوو.
هۆکارێکی تر، سەرۆک بارزانی لە ١٩٧٦ ەوە سیفاتی سەرکردە و بۆچوونەکانی بەرچاو بوون، پاش ئەوەی ڕۆشت بۆ سووریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ قەزافی و فەترەی دوای ئەوەش زۆرێک لە وڵاتانی ئیقلیم، ئەوانەی لەگەڵ حیزبی بەعس بوون و تەنانەت چەند پارتێکی کوردیش دژایەتی و دوژمنایەتییەکی گەورەی بارزانی و ڕێبازەکەیان دەکرد، زیرەکی و سیاسەتی کاک مەسعود تا ڕادەیەکی باش کۆتەکانی شکاندبوو، ببوو بە ژمارەیەکی گەورە لە ناوچەکە، ئەمە فاکتەرێکی گەورە بوو لە ڕاستیدا، لەوکاتەشدا ڕۆژنامەکانی نەمسا تاکوو خۆیان توشی کێشەی دیبلۆماسی نەکەن، لە یەکێکیان وتارێک نوسرا ئەم ڕووداوە شەڕی ناوخۆی کوردەکانە و لە شوێنی تریش ئەم ڕووداوە دەبەسترایەوە بە قەزییەی ناوخۆ کە ئەمەیان گاڵتەچاڕی بوو. هۆکارەکان پەیوەندی بە جموجۆڵ و چالاکییەکانی ئەوکاتی کاک مەسعود هەبوو. هۆکاری سێیەمیش سیفەتی دوژمنانەی ڕژێمی سەدام بوو دژی بارزانی و ڕێبازەکەی. هەرچەند بە بڕوای خۆم هەوڵێکی عێراقی بوو نەک نێودەوڵەتی، بەڵام دواجار ڕووداوەکە بە سودی سەرۆک بارزانی شکایەوە، هەر پاش ڕووداوەکە گلەیی زۆر کرا لە لایەنی ئەمنی کە بۆچی ئاگادار نەکراونەوەتە کە کوری مستەفابارزانی و سەرۆکی پارتێکی کوردی لە نەمسایە تا ئاگاداری بکەن، بۆیە دوای ئەو ڕووداوە هەرجارێک سەرۆک بارزانی چووبێتە نەمسا لە ساتی گەیشتنی چاودێری تایبەت و بە ئۆتۆمبێلی ئەمنی خۆیان پارێزگاری دەکەن، ئەمە بووە هۆی ئەوەی لە ناوەندە ئیعلامییەکانی جیهان دەنگ بداتەوە کە تا ئێستا بۆ هیچ سەرۆکێک، ڕێ و شوێنی ئەمنی وا نەگیراوەتە بەر، هەر ئەم ڕووداوەش وایکرد، ئیتر ژیانی زیاتر پارێزراوتر بێت و بیر لە تیرۆر کردنی نەکرێتەوە. تەنانەت تیمی دیبلۆماسیشمان هەمان ڕۆڵ و پێگەیان هەبووە دوای ئەو ڕووداوە.
دوای ڕووداوەکە و سەردانی بارزانی بۆ نەمسا
پاش ئەمە، کە جارێکی تر سەرۆک چوو بۆ نەمسا بە ڕەسمی، بارودۆخ گۆڕابوو، ئیتر دیداری ڕەسمی بۆ ڕێکخرابوو لە لایەن تیمی پرۆتۆکۆڵییەوە، جەنابی سەرۆک خۆی ئەگەڕیتەوە ئەڵێ سەرۆکی نەمسا پێی گووتم من شەرەفی ئەوەم هەیە باوکیشتم بینیوە و باسم کردووە لە دکتۆراکەی خۆم، بڕۆنۆکراسکی کە یەکێکە لە بلیمەتەکانی دنیا و سەرکردەیەکی گەورەی سۆشیال دیموکرات، لەوێ بە بارزانی ڕاگەیاندبوو من لە پراگ شەرەفی ئەوەم هەبوو مستەفا بارزانی ببینم و لەوێش سەرسام بووم پێی، لەوێش زانیم کە بارزانی دەفتەرێکی هەبوو ڕۆژانە یاداشتەکانی خۆی تێدا تۆمار دەکرد، پاش ئەو کاتەش لە ٢٠٠٣ سەرۆکی نەمسا کە پێشتر جێگری سەرۆک بوو ڕووداوەکە وای کردبوو پەیوەندییەکی بەتین هەبێت لە نێوانیان، نەمسا لە کاتی خۆشی ١٩٧٦ سەرۆکی کۆمار لە پەرلەماندا وتارێکی خوێندەوە، تیایدا گووتبوی ئێمە پشتگیری لە هەموو گەلانی ستەمدیدەی دنیا دەکەین، ڕۆژنامەنوسێکی خۆمان لەوێ ئامادە بوو ئیحراجی کردبوو بەو ستەمانەی لە کورد ئەکرێت لە عێراقدا و باسی نەهامەتییەکانی بۆ کردبوو، ئیتر لەوێوە پشتگیری خۆی دەربڕی و بڕیاردرا پەناهەندەی کورد وەربگرن لەو وڵاتە و هاوکارییان بکرێت بۆ خوێندن لەو وڵاتە، بۆیە نەمسا ببوو بە سەنتەری چالاکی کوردەکان کە ئەمانە زۆربەیان بەهۆی ئەو ڕووداوەوە بوون، ئێستاش نەمسا هەر وڵاتێکی هاوکاری کوردە و لەو وڵاتە کار ئاسانی زۆر بۆ کوردەکان دەکرێت، کە ئەمەش بەشێکی زۆری بۆ ئەو ڕووداوە دەگەڕێتەوە .
قسە کردن لەسەر ئەم ڕووداوە لە ڕووی مێژوییەوە و پێگەی کورد تا ئێستا
یەکێکیان زەقترین نمونەی دڕندایەتی دوژمنانی کوردستانە، کە لە هیچ شتێک سڵ ناکەنەوە، تەنانەت ڕووداوەکەی قاسملۆش بە هەمان شێوە کە لەوەیاندا تەقەکەرەکانیش کەشف بوون، ئەگەرچی لە ئێستادا تیرۆر بووە بە کارێکی سادەی ڕۆژانە، بەڵام بۆ ئەو کات زۆر ڕووداوێکی دەگمەن بوو کاری ئیختیالات، بە تایبەت لە ولاتێکی وەک نەمسا و لە ئەوروپا، لە کاتێکدا تا ئێستا لە نەمسا فەلەستینی و ئیسراییلیش یەکیان تیرۆر نەکردووە، هەرچەندە، ڕاستە قودرەتی قادر کاک مەسعود و ئەو هەڤاڵانەی ئێمەی ڕزگار کرد، بەڵام سوودەکەی دیارخستنی دڕندایەتی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بوو، وە ئەمە وایکرد زیاتر هوشیارتر بن و ئاگاداری خۆیان بن، وە ئەمە وامان لێ ئەکات قەت باوەڕ نەکەین بەو عەقڵیەتانەی لە دەوروبەرمانن و هەڵوێستی هەموو وڵاتانی دوروبەرمان و بە عەلمانی و شیعە و سوننەوە وەک یەک ببینین، بۆیە دەبێت کورد زۆر هوشیارتر بێت، من بە داخەوەم بۆ کوردانی ئێران کە لە دوو باردا شکان و بە مافەکانیان نەگەیشتن.
گرتنە بەری سیاسەتی تیرۆر کردن بەرامبەر سەرۆک بارزانی و گرنگی کەسایەتی بارزانی لە ڕووی ئەمنی
بە ئامانج کردنی سەرۆک بارزانی، نەک تەنیا تیرۆرکردنی بە چەک، بەڵکو ئەوەی ئێستاش ڕوو دەدات هەوڵێکی تری بەرفراوانە دژی سەرۆک بارزانی، هەوڵدانە بۆ ئەوەی شتێک نەمێنێ لە عێراق یا لە کوردستان بە ناوی بارزانی، وەک پێشتریش وتم هۆکارەکە بۆچوون و کارێزمایی کەسایەتی ئەوە، لەوەش زیاتر ئەو نەهج و چوارچێوەیەیە کە ڕێبازی بارزانی هەیەتی لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و نەکردنی موساوەمە لەو بابەتە.
واتە ئامانج لە تیرۆری بارزانی ڕاستە ئەوەی نەمسا شتێکی زەق بوو، بەڵام ئەو گەلە کۆمە سیاسییەی پێشتریش لەسەری هەبوو هەر هەوڵی لە ناوبردنی بوو کە بە زیرەکی و لێهاتوویی خۆی ئەو کۆت و بەندانەی شکاند، ئەمانەش ئەوانی گەیاندە ئەو بڕوایەی ئەمە ڕەمزێکە ئەمە پێگەیەکە ناکرێت تەجاوزی بکرێت، بۆ مێژوو دەیڵێم هەڵوێستی فەلەستینییەکان و عەرەفات قەت لە بیر ناکرێن، کاتێک دەیانویست لایەنەکان ڕازی بکەن و نەهێڵن بارزانی بچێتە سوریا، عەرەفات گووتی ئێمە لە ئێوە باشتر دەیانناسین و باسی لە هەڵوێستی بارزانی کردبوو بۆیان، هەوڵدان بۆ تەسفییە کردنی بارزانی لە هەموو کاتێکدا هەبوو، لە ڕێگای حیزبی کارتۆنییەوە، بەڵام دواجار هەموو گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت لەگەڵی ڕێککەوتن ئەنجام بدرێت. ئێستاش دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی لە پێناو دژایەتی کردنی بارزانی دەڵێن ڕاپرسی تەجاوزی دەستوورە و نا یاساییە، چونکە دەزانن تەنیا سەرۆک بارزانی بە جدی دەست بۆ بابەتی دەوڵەتی کوردستان ئەبات، کەسێکی تر بوایە و ئەنجامی بدایە، یا باسی سەربەخۆیی بکردایە، ئەوەندە نەدەکرایە ئامانج.

 

© 2017 Hawler