کانونی یەکەم 06, 2019

جەعفەر ئیمینکی: ڕێژەیەکی کەم لە خەڵک لە یاسای چاکسازی زەرەرمەند دەبن

فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆکن لەسەر ئەوەی کار بە یاسای عێراق بکرێ بۆ خانەنشینی پلە باڵاکان. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، مەبەستیانە سازانێک لەنێوان فراکسیۆنەکان دروستبکەن و بە سازانەوە بچینە نێو هۆڵی پەرلەمان بۆ پەسندکردنی یاسای چاکسازی.

جەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەوڵەکانی پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر یاسای چاکسازی خانەنشینی و پلە باڵاکان، رایگەیاند: ئەو پڕۆژەیەی حکومەت پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی کرد، بووەتە یاسا و لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندکراوە، ئەو هەڵڵایەشی لەسەر ماددەی 3 و چەند بڕگەیەکی دیکە دروستبوو، ناچاربووین رەتیبکەینەوە، ئێستا خەڵک و ئێمە و حکومەتیش چاوەڕوانین بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت.
جەعفەر ئیمینکی دەڵێت: ناکۆکییەکان ئەوەندە زۆر نین، بەڵام کەشوهەوای هەڵمەتی هەڵبژاردن وایکردووە هەندێک ئاڵۆزی دروستببێت، واتە کێبڕکێیەکە ئەوەندە تووندە لەنێو فراکسیۆنەکان، رای گشتیش ئەوەندە هەستیارە لەسەر ئەو پرسانە، کەم و زیادێک دەبێتە هەڵڵا.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوان تاوەکو ئێستا دوو کۆبوونەوەی راوێژکاریان ئەنجامداوە. گوتیشی: بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممەش کۆبوونەوەیەکی دیکەی راوێژکاری ئەنجامدەین. وەکو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان مەبەستمان ئەوەیە سازانێک لەنێوان فراکسیۆنەکان دروستبکەین و بە سازانەوە بچینە نێو هۆڵی پەرلەمان. ئەگەر توانیمان ئەو سازانە بەدەستبهێنین، ئێمەش خێرا لەو هەفتەیە ئەو پرسە یەکلایی دەکەینەوە.
جەعفەر ئیمینکی دەڵێت، تێگەیشتنی تەواو لەلایەن پەرلەمانتارانەوە سەبارەت بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، پلە باڵاکان هەیە.
لە رووداوەوە

© 2017 Hawler