کانونی یەکەم 06, 2019

عێراق بەرەو زۆرینەی ناو پەرلەمان هەنگاو دەنێت و وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بێ سوودە

لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی کۆمارەوە کە کورد وەریگرتبێت لە عێراق کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ٢٠٠٥ دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات جەلال تاڵەبانی سەرۆکی کۆچکردووی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان بوو، پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کورد لە هیچ کێشە و گرفتێکی سەرەکی نەبووە بە سەنگی مەحەک و نەیتوانیوە سوود بە مافە دەستوورییەکانی کورد بگەیەنێت، ئەگەرچی کەسایەتی جەلال تاڵەبانی توانیبووی تا ڕادەیەک بەها بەو پۆستە بدات و ڕۆڵ ببینێت، بەڵام لە دوای ٢٠١٤ ەوە کە جەلال تاڵەبانی وازهێنانی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و (فواد مەعسوم) بوو بە سەرۆکی کۆمار، سەرجەم هەوڵ و دەسەڵاتەکانی تەشریفاتی بووە و دەسەڵاتەکان لە عێراقدا دراوە بە سەرۆکی حکومەت.

کاندیدێکی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەینێت، عێڕاق بەرەو زۆرینەی ناو پەرلەمان هەنگاو دەنێت، لە بەرامبەردا کورد هەمیشە کەمینەی ناو پەرلەمان دەبێت و ناتوانێت شەڕی مافەکانی خۆی بکات، بۆیە لە ئەگەری بەشداربوونیان لە حکومەتی عێراق، دەبێت هەوڵەکان لە پێناو ئەوەدابێت لە خولی داهاتوودا دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆمار ببین و هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک پەرلەمان بدەین.
کەریم کاوە کەریم، کاندیدی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە یاسا، دەڵێت" پارتی بۆ ئەم جارەیان بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی رابردوو و ئەو رێککەوتنە سیاسیانەی وەکو کورد لەگەڵ عەرەب کرا و دواتر لایەنی عێراقی پشتی لە کورد کرد و سیاسەتێکی شۆفێنیانەیان دژ بە کورد بە کارهێنا، و دەستیان کرد بە برسی کردنی گەلی کوردستان، بۆیە ئەمجارەیان دەبێ گرەنتیەکی تەواو هەبێ بۆ وەرگرتنی مافەکانمان و دواجار پارتی بە پێی بەرژەوەندییەکانی میللەت بڕیار لە سەر ئەوە دەدات کە ئایا بچێتە ناو حکومەت یا خود نا".
هەروەها دەڵێت" لە ماوەی ڕابردوودا ناکاریگەرترین پۆست لە عێراق، پۆستی سەرۆککۆمار بووە" بۆیە پێی وایە، پارتی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی پۆستێک دەدات کە کاریگەری هەبێت و بتوانێت داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد بکات، کە بۆ ئەم قۆناغە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانە ئەمەش بە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان و عێراقییەکان".

© 2017 Hawler