کانونی یەکەم 06, 2019

مامۆستایانی په‌روه‌رده‌ و فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستی: بە سیستەمی نوێ مووچەكەمان دوو ئەوەندەی پێشتر زیاد بووە

رۆژی پێنجشەممە بەپێی سیستەمی نوێی پاشەكەوتی مووچە، مووچەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی دابەشكرا، كە رێژەیەكی زۆر لە فەرمانبەرانی ئەو دوو كەرتە مووچەكانیان بە دوو قات زیاد كردووەتەوە، حكوومەتی هەرێمیش وای داناوە مانگانە لە وادەی خۆیدا مووچە بە خشتەی نوێ دابەش بكات. مامۆستا و فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستی دەڵێن، بەهۆی سیستەمی نوێی پاشەكەوت، مووچە بەڕێژەیەكی باش زیادبووە، ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە بە سیستەمی نوێ، بڕیارێكی لە جێگەی خۆیدا بوو و سوپاسی حكوومەتی هەرێم دەكەین كە بەدەم داواكاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستییەوە هات و پاشەكەوتی مووچەی كەم كردەوە، ئەوەش هەم باروگوزەرانی ئێمە خۆش دەكات، هەمیش جوولە دەخاتەوە بازاڕەوە.

رۆژی 28/3/2018 حكوومەتی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری لە سیستەمی پاشەكەوتی مووچەدا كرد، بەپێی ئەو سیستەمە نوێیە، جگە لە مووچەی پلە باڵاكان كە لە 75%ی مووچەكانیان وەرناگرن، پاشەكەوتی مووچە لەنێوان 10% بۆ 30% دەبێت. وەزارەتی دارایی هەر دوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی خستە ڕیزبەندی یەكەمی ئەو وەزارەتانەی كە بەو سیستەمە تازەیە مووچە وەردەگرن، كە بڕیاریشە لەو دوو هەفتەیەدا تەواوی مووچەخۆران بەم سیستەمە نوێیە مووچەی مانگی یەك وەربگرن.
بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە مانگی دووی ساڵی 2016ـەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاری بە سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران كرد، كە رێژەكەی نزیكەی لەنێوان 30% بۆ 75% بوو، بەڵام ئەو پاشەكەوتە وەزارەتی پێشمەرگە‌ و بەشێك لە هێزە ئەمنییەكانی نەگرتەوە.
یاسای چاكسازی لە خانەنشینی لە 24 ماددە پێكهاتووە، پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵەكان لە 27ی شوبات بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندكرا، بەڵام هەرزوو لەلایەن خەڵكەوە رەتكرایەوە. فراكسیۆنەكانی پەرلەمانیش لە رێگەی یاداشتەوە داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد واژۆی نەكات و جارێكی دیكە بیگەڕێنێتەوە پەرلەمان. گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵەكان دەستپێدەكاتەوە، چونكە پێیانوایە بە پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە پاشەكەوتی مووچە نامێنێ، چونكە وەكو خۆیان دەڵێن، مانگانە نزیكەی 100 تا 150 ملیار دینار بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە و بەمەش دەتوانرێت ئەو پاشەكەوتەی كە ماوە ئەویش چارەسەر بكات.
سمكۆ جاسم، كە مامۆستایە بۆ "هەولێر" دیار كرد، حكوومەتی هەرێم بەڵێنی بە ئێمەدا بوو و بەڵێنەكەی بەجێ هێنا و بە سیستەمی نوێ مووچەمان وەرگرت، كە بە سیستەمی نوێ مووچەكەم دوو هێندەی پێشتر زیادبووە، ئەوەش گۆڕانكارییەكی باش بەسەر ژیانی من و خێزانەكەمدا دێنێت، چونكە پێشتر 60% مووچەكەم دەبڕا، ئێستا تەنیا 20% مووچەكەم دەبڕێت، ئێستا پارەیەكی باش گەڕاوەتەوە سەر مووچەكەم و مانگانە بەو بڕە پارەیە دەتوانم زۆر كار بكەم.
نەوزاد ڕەشید، فەرمانبەر لە كەرتی تەندروستی بە "هەولێر"ـی گوت" ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە بە سیستەمی نوێ، بڕیارێكی لە جێگەی خۆیدا بوو و سوپاسی حكوومەتی هەرێم دەكەین كە بەدەم داوای مامۆستایان و فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستییەوە هات و پاشەكەوتی مووچەی كەم كردەوە، ئەوەش هەم باروگوزەرانی ئێمە خۆش دەكات، هەمیش جوولە دەخاتەوە بازاڕەوە.
ئارام عادل، بۆ "هەولێر" دركاندی، كارمەندانی تەندروستی و پەروەردە بە سیستەمی نوێ مووچەكانیان وەرگرت، كە رێژەیەكی زۆر لە فەرمانبەرانی ئەو دوو كەرتە مووچەكانیان بە دوو قات زیاد كردووەتەوە، ئەگەر هەموو مانگێك و لە كاتی خۆیدا بە پێی ئەو سیستەمە نوێیە مووچەكەمان بدرێتێ ئەوە شتێكی زۆر باشە، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەین كە پاشەكەوتی مووچەی كەم كردەوە.
سالار سیامەند، فەرمانبەری كەرتی تەندروستی لە سنووری سۆران بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد، ئێمە وەكو چینی فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستی سوپاسی حكوومەتی هەرێم دەكەین بۆ دابەشكردنی مووچە بەپێی سیستەمی نوێی مووچە، داواش دەكەین هەر چی زووە ئەو پاشەكەوتەی كە ماوە ئەویش نەمێنێت، چونكە لە ماوەی رابردوو مووچە خۆران توشی زۆر كێشە و گرفت بوون.
لە كۆتاییدا مامۆستا زێرەڤان جەوهەر، بۆ "هەولێر" دەڵێ، پێویست بوو ئەو بڕیارە زووتر درابایە، چونكە باروگوزەرانی خەڵك زۆر ناخۆش بوو، بەڵام ئێستاش كە ئەو بڕیارە دراوە شتێكی باشە و لە داهاتوودا باروگوزەرانمان خۆش دەبێتەوە".

© 2017 Hawler