ئەم پەڕەیە چاپ بکە

وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ باره‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و راگرتنی ده‌وامه‌وه ئه‌م بڕیارانه‌ی ده‌ركرد

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و راگرتنی ده‌وامه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك بڕیاری نویی ده‌ركرد.

 

پوخته‌ی به‌یانی ژماره‌ (42)ی 2020

یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵات ده‌درێت به‌ ژووری ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان ئه‌م رێكارانه‌ی كه‌ له‌ خواره‌وه‌ دیاریكراوون جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌ گونجاندن له‌گه‌ڵ ره‌وشی هه‌ر پارێزگا و ئیداره‌یه‌ك:

1- راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی ته‌واو یان سنووردار له‌ رووی شوێن و كاته‌وه‌.

2- راگرتنی ده‌وامی فه‌رمی فه‌رمانگه‌ حكومی و ناحكومییه‌كان.

3- ئه‌و شوێنانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك به‌ مه‌رجی ته‌ندروستی به‌ كراوه‌یی بمێننه‌وه‌.

4- خواردنگه‌كان به‌ كراوه‌یی بمێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دیلیڤه‌ری كار بكه‌ن.

5- داخستنی گشت سه‌نته‌ر و نۆڕینگه‌كان.

6- داخستنی گشت شوێنه‌ ئاینییه‌كانی و هۆڵه‌كانی وه‌رزش و كافتریا و یانه‌كانی شه‌وان و پاركه‌كان و شوێنه‌گشتییه‌كانی دیكه‌.

7- پابه‌ندكردن به‌ به‌ستنی ماسك و لێپرسینه‌وه‌ له‌وانه‌ی سه‌رپێچی ده‌كه‌ن.

8- چڕكردنه‌وه‌ی چاودێریكردنی رێنماییه‌ خۆپارێزییه‌كان و سزادانی سه‌رپێچیكاران.

9- راگرتنی ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتیی.

10- قه‌ده‌غه‌ی چوون بۆ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان.

11- دانانی رێكاری گونجاو و ته‌ندروستی له‌ لایه‌ن فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان بۆ پێدانی مووچه‌.

دووه‌م: ده‌وامی وه‌زاره‌ته‌كان به‌ پێی بڕیاری لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و بڕیاره‌كانی حكومه‌ت له‌ لایه‌ن وه‌زیری تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.

سێیه‌م: هاتووچۆكردنی كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندییه‌كان و كۆمپانیاكانی نه‌وت، كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆ/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی دیوان رێگه‌پێدانیان بۆ ده‌كرێت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان.

چواره‌م: هاتووچۆكردنی دیپلۆماتكارانی بیانی و هێزی هاوپه‌یمانان له‌ رێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی و كارئاسانییان بۆ ده‌كرێت له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان.

پێنجه‌م: هاتووچۆكردنی ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ رێگه‌ی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان "JCC" له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ رێگه‌پێدانیان بۆ ده‌كرێت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌.

شه‌شه‌م: ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان رێكاری پێویست ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م به‌یانه‌ و هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك بنوێنرێت به‌رپرسیار ده‌بن.

حه‌وته‌م: ئه‌م به‌یانه‌ ته‌واوكه‌ری به‌یانی ژماره‌ "41"ی ساڵی 2020ـه‌، كه‌ له‌ 15/6/2020ـه‌وه‌ ده‌رچووه‌.